پەیامنێری کوردسات نیوز لە سنوری برادۆست رایگەیاند، شەوی رابردوو دوو فڕۆکەی جەنگی سوپای تورکیا بۆماوەی دوو سەعات بۆردمانی گوندی بێرکەمە و گەرووی سینگان و سنین چیایی شەکیوییان کردووە.
بەھۆی بۆردمانەکانی سوپای تورکیاوە، ئاگر لە ژینگەو دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بەربووە و فرۆکەی بێ فڕۆکەوانیش بە بەردەوامی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە.
لە بارەی زیانەکانی بۆردومانەکانەوە، پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا زیانەکانی بۆردومانەکان نەزانراون، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێکی زۆری بۆ دانیشتوانی دەڤەرەکە دروستکردووە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆی ٤١١ ملیار و ٢٤ ملیۆن و ١٩٦ ھەزار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی ئەمساڵ، تاکو ئێستا حکومەتی عێراق نزیکەی ٢٣٣ ملیار دیناری ناردووە و بەپێی رۆژی وەرگرتنی گەنمەکانیان بەسەر جوتیاراندا دابەشدەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە داھاتوودا ئەو بڕە پارەیەی لە پارەی گەنمی جوتیاران ماوەتەوە، کە ١٧٨ ملیار و ٢٤ ملیۆن و ١٩٦ ھەزار دینارە، لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دەخرێتە سەر ھەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم و دواتر بەسەر جوتیاراندا دابەش دەکرێت.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری و پاسپۆرت لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین سەردانی بەڕێوبەرایەتی باری شارستانی عێراقیان کردوە.
راشیگەیاندوە، بە ڕەزامەندی وەزیری ناوخۆی عێراق چارەسەری کێشەی ١٩ تۆماری کاتی رەگەزنامەی ھاووڵاتییان و ئەنفالکراوان دەکرێت کە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم ئەو تۆمارانەی داناوە بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی بەھەر ھۆکارێک نەیانتوانیوە سەردانی خواروی عێراق بکەن لەسەردەمی ڕژێمی بەعس.
سەبارەت بە دەفتەری پاسپۆرتیش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کێشەکە چارەسەر کراوە رۆژی پێنج شەممە سێ ھەزار و ٦٠٠ دەفتەر گەیشتوەتە شاری سلێمانی، ھەفتەی داھاتووش پێنج ھەزار دەفتەری تر دەگات.
بایدن لە کۆشکی سپییەوە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین ئاشکرایکرد، ھەفتەی داھاتوو تانکی ئەبرامز ئێم ١ دەگاتە ئۆکراین، رەزامەندیشیان داوە لەسەر ھاوکاری سەربازی دیکە بۆ ئۆکراین بە بڕی ٣٢٥ ملیۆن دۆلار، کە ھاوکارییەکان مووشەکی بەرگری ئاسمانی و چەک و تەقەمەنی سیستمی ھایمارس و چەکی دژە تانک و ھاوەن لەخۆدەگرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، واشنتۆن بەڵێنیدا بە رادەستکردنی ٣١ تانکی ئەبرامز بە کیێڤ، ئەوەش لە چوارچێوەی ھاوکارییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە، کە یەکێکە لە بەھێزترین و قورسترین تانکەکان لە جیھاندا و کێشی زیاتر لە ٦٠ تۆن دەبێت.
بەڵام بەشێک لە لێپرسراوانی سەربازی ئەمریکا دەڵێن، تانکی ئەبرامز ئاڵۆزە و لەگەڵ توانای ھێزەکانی ئۆکراین ناگونجێت.
باڵا ھاوار کەسوکاری شەھید نیاز دەرگەڵەیی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەبەوەدەکەن، لە ساتی رووداوەکەوە تائێستا دەیان ھەواڵی ساختە و ھەڵبەستراو لە ھەندێک کەناڵ و پەیجی ئاڕاستەکراوی سێبەردا بڵاودەکرێنەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە خانەوادەی ئەوان ھیچ جۆرە زانیاریەک نەدراوە بەھیچ کەناڵ و میدیایەک.
وتیشی، لە یەکەم ساتی تیرۆرکردنی شەھید نیاز دەرگەڵەییدا، یەکێتیی و خودی سەرۆک بافڵ خۆیان بە خاوەنی دۆسیەکە زانیووە و بەبڕیاری سەرۆک بافڵ تەواوی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە لێکۆڵینەوەی ئەو دۆسیەیە راسپێردران لێکۆڵینەوە بە چڕی ئەنجام بدەن، لەکاتێکدا نیاز دەرگەڵەیی لە ئێوارەی رۆژی ١٨ی ئاب لە باخەکەی خۆیی لە رانیە تیرۆرکرا.
محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەئێستادا چاوەڕێی رێکارەکانی تورکیان بۆ دەستکردنەوە بە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی بەندەری جەیھانەوە، ئەوەش بەشێکە لە سیاسەتی گشتی دەوڵەت.
باسی لەوەشکرد، بەغداد و ئەنقەرە لە دادگای پاریس ژمارەیەک سکاڵای یەکلایینەکراوەیان لەسەر یەکتر ماوە، بەڵام ئەوان داوادەکەن پرسی ھەناردەی نەوت لە دۆسییە یاساییەکان جیابکرێتەوە، چونکە راگرتنی ھەناردەی نەوت زیانی بۆ ھەردوو وڵات ھەیە.
سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکردووە، لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە کۆبووەتەوە کە لە ھەرێم کاردەکەن و باسیان لە رەخساندنی ھەلی وەبەرھێنان لە باشور و ناوەڕاستی عێراق کردووە، کۆمپانیاکانیش ئامادەیی خۆیان بۆ کارکردن لەگەڵ بەغداد دەربڕیووە.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
بەڕێزان مامۆستایانی پایەبەرزی ئاینی
بەڕێزان یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان
لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییەکەتاندا پیرۆزباییەکی گەرمتان لێدەکەم و ھیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
مامۆستایانی ئاینی لە کوردستان سەرباری جێبەجێکردنی ئەرکە ئاینییەکان، پێشەنگبوون لە قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و ھەمیشە لە خزمەت چاکەی گشتیدا بوون. لە قۆناغە سەختەکانی خەباتیشدا رۆڵێکی بێوێنەیان گێڕاوە و بەشێکی گرنگی شۆڕش و شانازییەکان بوون.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رێز و پێزانینەوە لە رۆڵ و پێگەی ئێوەی مامۆستایانی ئاینی دەڕوانێت، وەک ھەمیشەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبێت بۆ سەرخستی بیری ئاشتی، میانڕەوی و پێکەوەژیان لە کوردستان.
شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان- بەغدا
کونسوڵخانەی بەریتانیا لە ھەولێر سەبارەت بە رەوشی گوھدار زێباری لە زیندان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نیگەرانن لە مانگرتنی رۆژنامەنووس گوھدار زێباری لەخواردن لەناو زینداندا، بۆیە لە نزیکەوە چاودێری ئەو دۆسیەیە دەکەن لەگەڵ ئەو رۆژەی دیاریکراوە بۆ دادگاییکردنی کە ١ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵە.
گوھدار زێباری لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەگەڵ چوار چالاکوان و رۆژنامەنووسی دیکەی بادینان بەتۆمەتی “سیخوڕیی و ئاژاوەگێڕی” دەستگیرکران و بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران، بەڵام دواتر بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی ھەرێم سزاکەیان بەڕێژەی ٦٠% کەمکرایەوە، بەو پێیەش بڕیاربوو لە ١٦ی ئاداری ئەمساڵ ئازادبکرێت، بەڵام بەھۆی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی جارێکی دیکە سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.
دواتر دەبوو لە رۆژی ١٦ی ئابی رابردوو و لەدوای نزیکەی سێ ساڵ ئازادبکرێت، بەڵام بەھۆی کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لەسەر ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت جارێکی دیکە ئازادنەکراو لە زیندان ھێڵرایەوە، لەبەرامبەریشدا گوھدار ماوەی دوو ھەفتەیە مانی لەخواردن گرتووە، کەسوکار و پارێزەرەکەشی ھۆشداری لە خراپی دۆخی تەندروستی دەدەن.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خزمانی شێخانی قادرکەرەم
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (دکتۆرە فیراز) کچی شەھید شێخ مارف بەرزنجی و خێزانی شێخ مستەفا شێخ ئیسماعیل بەرزنجیمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەین.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو ھاوڵاتییەی کوژراوە تەمەنی نزیکەی ٥٠ ساڵە، خەڵکی دەوروبەری پارێزگای ھەولێرە و ماوەی چەند ساڵێکە بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ھاتووەتە بازیان، بەیانی ئەمڕۆش لە ئۆتۆمبێلێکەوە کە چەند چەکدارێکی تێدابووە، دەسترێژی گوللـەی لێکراوە و کوژراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکان دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵھاتوون و دەستگیرنەکراون، بەڵام لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تواندراوە ئەو ئۆتۆمبێلە بناسرێتەوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتیشی، لەئێستادا تەرمی ھاوڵاتییە کوژراوەکە بۆ توێکاری زیاتر لە پزیشکی دادی سلێمانییەوە و گەڕان بەشوێن تۆمەتباراندا بەردەوامە.
ئەردەڵان دۆسکی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کارەبا و لێپرسراوی لیژنەی باڵای پڕۆسەی پریپەید رایگەیاند، ھاوبەشانی یەکە نیشتەجێبووەکان دڵنیادەکەنەوە پێداچوونەوە بە نرخی کارەبای پریپەیدی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی (ھای کۆستەکان) دەکەنەوە، ئەمرۆش لە کۆبونەوەی وەزارەتی کارەبا پێشنیازکراوە بەکەم کردنەوەی نرخی سیستمی پریپەید لە ١٥٦ دینار بۆ ١٠٠ دینار.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، وەزارەتی کارەبا رۆژی یەکشەممە بڕیاری کۆتایی لەو بارەی پێشنیازەکەیان بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارەبای یەکەکانی نیشتەجێبوون دەدات.
لە ماوەی رابردوودا حکومەتی ھەرێم نرخی کارەبای پریپەیدی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ١٨ دینارەوە بۆ ١٥٦ دینار بەرزکردەوە، ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایی دانیشتووانی یەکە نیشتەجێبووەکانی لێکەوتەوە و داویانکرد نرخەکە کەمبکرێتەوە.
د.دلێر شینە، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی میھرەبانی لە شاری ھەولێر رایگەیاند، نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر بڕیاریداوە نرخی نەشتەرگەری کەمبکاتەوە و ئیتر نەشتەرگەری بە چوار ملیۆن و پێنج ملیۆن کۆتای پێھاتووە، ئەگەر نەخۆشێکیش توانای ماددی نەبێت بە سەڵاواتێک لەسەر گیانی پێغەمبەر (د.خ) نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدرێت.
ئەو پزیشکە دەشڵێت، لە بەرامبەر ئەو قسەیە لەلایەن سەندیکای پزیشکانی کوردستانەوە لیژنەی لەسەر پێکھێندراوە و بۆ ماوەی ھەفتەیەک لە کارەکانی سڕکراوە، ھەڕەشیان لێکردووە ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەو کارە بڕوانامەی لێوەردەگرنەوە.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھاوپەیمانان شایستە داراییەکانی مووچەی مانگی ئابی لیوا ھاوبەشەکانیان خستووەتە سەر ھەژماری وەزارەتی پێشمەرگە و رێکارە دارایی و ژمێرییارییەکانی بۆ ئەنجامدراون و بانکەکان ئاگادارکراونەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی یەکشەممەی داھاتووی رێکەوتی ٢٤ی ئەیلول مووچەی مانگی ئابی لیوا ھاوبەشەکانی وەزارەتی پێشـمەرگە دابەشدەکرێت.
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی
تەنفیزی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
مامۆستایانی ئایینی پایەبەرز
بەبۆنەی یادی ٥٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا رۆڵی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و مامۆستایانی ئایینی بەرز دەنرخێنم لە پەرەپێدانی میانڕەوی و گیانی و لێبوردەیی و کلتوری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان.
لەم قۆناغەشدا کە زیاتر لە ھەر کاتێکی دیکە گەلەکەمان پێویستیی بە بەھێزکردنی میانڕەویی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ھەیە، ھیوادارین یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و مامۆستایانی ئایینی بەڕێز پێداگرتر لە رابردوو ھەوڵ بۆ نەھێشتنی توندڕەوی و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بدەن، بە دڵنیاییەوە مێژوو ئەم ھەوڵە گرنگ و جێی بایەخەتان لەبیر ناکات.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەنراوێکدار، کە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو رێکەوتی ٢٤ ئەیلول لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئەنجامەکانی وەرگرتنی دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی٢٠٢٣ -٢٠٢٤ رادەگەیەنرێت.
راشیگەیاند، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان لە یەکی کانوونی یەکەم دەستدەکرێت بە پرۆسەی خوێندنی قۆناغی یەکەم لە زانکۆ و پەیمانگاکان، وتیشی پێویستە لەسەر وەرگیراوان لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆکانیان بکەن.
راشیگەیاند، لە زانکۆکانی کوردستان ئامادەکاری پێویست کراوە بۆ پێشوازیکردن لە وەرگیراوان بۆ ساڵی نوێی خوێندن.