د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیاربوو دووشەممەی رابردوو وەزیرانی دارایی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی بانگھێشتی لیژنەی دارایی بکرێن، بەڵام بەھۆی ئەوەی راپۆرتی ھەردوو وەزیر ئامادەنەبوون بۆ خستنە رووی بابەتی دارایی، بانگھێشتکردنیان دواخراوە.
وتیشی، بانگھێشتکردنی ھەردوو وەزیر بۆ بەدواداچونی جێبەجێکردنی بودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێمە، دواتر لیژنەکە ھەڵسەنگانیان بۆ دەکات و راپۆرتێک ئامادەدەکات و ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەکات.
د. نەرمین مەعروف راشیگەیاند، چاوەڕوان دەکەن، ھەفتەی داھاتوو ئەو راپۆرتانەی ھەردوو وەزیر ئامادەبکرێن و بانگھێشتی لیژنەکە بکرێن.
کاوە لەتیف پارێزەری کەریم عەلی بەکوردسات نیوزی ڕاگەیاند، کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگایی سلێمانی لەسەر سکاڵای وەزارەتی دارایی و ئابوری لەبارەی جوڵاندنی دۆسیەی گەندەڵی لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، چووەتە بەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار و دواتر دەستگیرکراوە و رەوانەی ئاسایشی گەرمیان کراوە.
وتیشی، بڕیاری دەستگیرکردنەکە بەپێی ماددەی دووی لە یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ، بەڵام سبەینێ داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی بەکەفالەت ئازاد بکرێت تاوەکو رۆژی دادگایی کردنی.
ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ تورکیا ھێڵی کارەبای ٦٦ کەی ڤیی لە نزیک یەکێک لە گوندەکانی رۆژئاوای ناحیەی تەلتەمر کردووەتە ئامانج و بەھۆیەوە کارەبای ئەو ناحیەیە بە تەواوەتی پچڕاوە.
ھەر لە سنووری ناحیەی تەلەتەمر، سوپای تورکیا لە رێگەی تۆپخانەکانییەوە، دەیان تۆپی ئاڕاستەی گوندێکی تر کرد و بەھۆیەوە زیانی گەورەی ماددی بەر ماڵوموڵکی دانیشتووانی گوندەکە کەوت، بەڵام زیانی گیانیی لێنەکەوتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ بە وەزارەتی تەندروستی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووز دەستپێدەکەن و دابەشکردنی مووچەش تا ٨ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
بڵاوکردنەوەی خشتەی مووچەی مانگی تەمووز دوای راگەیاندنی گەیشتنی ٢٥٠ ملیار دینار بوو بۆ سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی داریی ھەرێم لەڕێی بانکی رافیدەینەوە.
چاوەڕوانیش دەکرێت لە رۆژانی داھاتوو تەواوی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بگات.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، راپۆرتێکی مانگانەی پێشێلکارییەکانی رۆژانی ٢١ی ئاب بۆ ٢١ی ئەیلوولی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی ئەو مانگدا ١٦٢ ھاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی خۆرئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، شەش کەسیان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن رەوانەی زیندانکراون، ١٤ کەسیان ئازاداکراون بەڵام چارەنووسی ئەوانی تر نادیارە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، راشیگەیاند، لانی کەم چوار بەندکراوی کورد، بە تۆمەتی جیاواز، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و بۆ جێبەجێکردنی سزاکانیان رەوانەی زیندانکراون، ھاوکات لانی کەم شەش کۆڵبەری کورد، بە دەستڕێژی گولەی ھێزەکانی پاسەوانیی سنوور، لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و سەردەشت و چاڵدێران، بریندار بوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، رووداوەکە لەناو بەڕێوەبەرایەتی دەستبەسەرداگرتنی ھاتوچۆی ھەولێر روویداوە، ھەر دوو پۆلیسەکە لە کاتی ئەرک و دەوامی رەسمیدا بوون.
وتیشی یەکێک لە پۆلیسەکان بەچەند فیشەکێک ھاوپیشەکەی خۆی کوشتووە کە ئەفسەرە لە بەڕێوەبەرایەتی دەستبەسەرداگرتنی ھاتوچۆی ھەولێر.
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەشکرد، پۆلیسەکە دوای کوشتنی ھاوپیشەکەی ھەڵاتبوو، دواتر لەلایەن پۆلیسی ھەولێرەوە دەستگیرکرا.
دادگای فیدڕاڵی لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ماددەی ٢ی ھەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشاندەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، ھەموارەکە پێچەوانەی برگەی یەک و دوو و سێی ماددەی دوو و برگەکانی ماددەی شەشی دەستوری عێراقە.
ماددەی ٢ی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم کە ساڵی ٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان ھەمواری کردووەتەوە، دەڵێت، ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی تا ھەڵبژاردنێکی دیکەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەردەوام دەبن.
د. خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمساڵ ٤٦ ھەزار و ٧٧٠ خوێندکار بە دەرچووانی ساڵانی رابردووەوە زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەمساڵ ٦٣ ھەزار و ١٣ کورسی خوێندنی بۆ دەرچووانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دابینکردووە و ئەو خوێندکارانەی لە زانکۆ و پەیمانگاکان ناویان نەھاتووەوە فۆڕمەکەیان بەشێوازێکی نادروست پڕکردووەتەوە، بەڵام ئەوانیش وەردەگیرێن.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختیشیکردەوە، بۆ ئەمساڵ تەواوی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن و لە رێکەوتی ١ی تشرینی یەکەم دەوام لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەستپێدەکات.
دەرچووانی پۆلی ١٢ دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەوە ئەنجامەکان وەربگرنەوە
راکان جبوری، پارێزگاری کەرکوک لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەدا، کەرکوک دڵی عێراقە و جگە لەو دروشمە ھیچ دروشمێکی دیکە بۆ پارێزگاکە قبوڵ ناکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، بارودۆخی ئەمنی پارێزگای کەرکوک سەقامگیرە و پێویستی بە ھێزەکانی پێشمەرگە نییە، وتیشی، پارێزگای کەرکوک سەرەڕای ئەوەی فرەپێکھاتەیە لەلایەن یەک پێکھاتەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەوەش گومانی لەسەر بێلایەنیی و سەربەخۆی پارێزگاکە دروستکردووە.
پارێزگاری کەرکوک راشیگەیاند، تاکو ئێستا ھەندێک لایەنی سیاسی کوردی پێیانوایە کەرکوک لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵەوە داگیرکراوە، ئەوەش دوورە لە راستییەوە.
دوو لە سکاڵاکان تایبەتن بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، تیایدا داواکراوە دادگای فیدڕاڵی ماددەکانی ١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
سکاڵای سێیەمیش لەسەر نادەستووری و ھەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە ٤٢ی ساڵی ٢٠٠٤ ی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکرێت.
سکاڵاکەی دیکەش تایبەتە بە ماددەی دوو لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم و داواکراوە دادگای فیدڕاڵی ئەو ماددەیە بە تەواوەتی ھەڵبوەشێنێتەوە.
بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گوگڵ کراودسۆرس لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت، لەئەمڕۆوە زمانی کوردی (زاراوەی سۆرانی) چووە لیستی زمانەکان لە وەرگێڕی ڕاستەوخۆی دەنگی کە پشت بە وەرگێڕی گوگڵ دەبەستن.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لێرە بەدواوە ھەموو ڤیدیۆکانی ئینتەرنێت بە یەک کلیک دەتوانن وەرگێڕانی بۆ بکەن بۆ کوردیی ناوەندی، ھەروەھا دەتوانن بە ھەر زمانێک لە ھەر شوێنێک بینیتان ڕاستەوخۆ وەرگێڕانی بۆ بکەن.
ناوەڕاستی ساڵی رابردوش کۆمپانیای گوگڵ زمانی کوردی (زاراوەی سۆرانی) بۆ بەشی بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەکەی زیاد کرد، لەئێستاشدا ١٣٣ زمان لەناو خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گوگڵ بەردەستن.
عیماد جەمیل، وتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کارەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو بوون و کارنامەی تایبەت بە ھەڵبژاردنەکە تەواوکردووە و لە رۆژانی داھاتودا بڵاوی دەکەنەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، سەرەکیترین کار کە ئەنجامیانداوە بریتیی بووە لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان، کە تیایدا زۆرترین ھاوڵاتی لە پارێزگای ھەولێر تۆماری دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە، لەپلەی دووەمیش سلێمانی دێت و دواتریش پارێزگای دھۆک.
چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ راگەیاندنی کارنامەی ھەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە، دەرگای ناوتۆمارکردنی حیزب و ھاوپەیمانێتیەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێتەوە.
باڵیۆز، د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەکارییەکان بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال بەکۆتا گەشتووە و یادەکە لە سلێمانی و بەغدا و نەجەف دەکرێتەوە، جگەلەوەش رۆژی ١٠ـی تشرینی یەکەم کورتە فیلمێک لەبارەی ژیانی سەرۆک مام جەلال لە سلێمانی نمایش دەکرێت.
وتیشی، رۆژی ٣ـی تشرینی یەکەم کە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، سەرەتای مەراسیمەکە بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری مام لە دەباشان دەستپێدەکات، ھەمان رۆژیش لە سەعات ٤:٠٠ـی پاشنیوەڕۆ، مەراسیمێکی شایستە لە بەغداد لەژێر چاودێری سەرۆک کۆماری عیراق بەڕێوەدەچێت کە سەرکردە عیراقییەکانیش تیایدا بەشدار دەبن.
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال ئاشکرایکرد، ھەر لە چوارچێوەی ساڵیادەکەدا، دامەزراوەکەیان و دامەزراوەی بەحر لعلوم، سەعات ١١ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی ٤ـی تشرینی یەکەم لە نەجەف دیدارێک رێکدەخەن کە چەند پانێڵیک لەخۆدەگرێت و چەند توێژینەوەیەک لەبارەی سەرۆک مام جەلال دەخرێنەڕوو.
سەرۆک مام جەلال، یەکەم سەرۆک کۆماری کوردی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمایی کوردستان بوو، رۆژی ١٧-١٢-٢٠١٢ بەھۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە لە بەغدادە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ئەڵمانیا کرا و رۆژی ٣-١٠-٢٠١٧، کۆچیی دوایی کرد.
موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەکرد، بەھای ١٠٠ دۆلار لە سێ مانگی داھاتوودا بۆ ١٤٥ ھەزار دینار دادەبەزێت، ئەگەر رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی بۆ کارئاسانی حەواڵە و رێکخستنی رێکارەکانی تایبەت بە پێدانی باج جَبەجێ بکرێن.
لەبارەی ئەگەری دابەزینی بەھای دۆلار بۆ نرخی رەسمی، موعین کازمی ئاماژەی بەوەکرد، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی ئێستا دابەزینی بەھای ١٠٠ دۆلار بۆ ١٣٢ ھەزار دینار ئەگەرێکی دورە.
ماوەی چەند رۆژێکە بەھای دۆلار بەرامبەر دینار لە دابەزیندایە و ١٠٠ دۆلار بۆ خوار ١٥٥ ھەزار دینار دابەزیوە.
ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، شەوی رابردوو لە شەقامی سەفای گەڕەکی یەکی حوزەیرانی کەرکوک دوو چەکداری نەناسراو بەسواری ماتۆڕسکیلێکەوە ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کارمەندێکی پۆلیسی بنکە ناحیەی ریاز بە پلەی مفەوەز و لەناو ماڵەکەی خۆی کوشتویانە و بەرەو شوێنێکی نادیار ھەڵاتوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووداوێکی تردا ھەر شەوی رابردوو لە شەقامی دەروازەی کەرکووک دەستڕێژی گوللـە لە ژن و پیاوێک کرا و لەئەنجامدا ھەردووکیان بەسەختی برینداربوون، بەڵام ئەمڕۆ پیاوەکە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستد.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی (عێراق ئۆیڵ ریپۆرت)، لەچند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان کۆمپانیای نیتشتیمانی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیای بۆتاشی تورکیا، لە تورکیا و ھەولێر ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی پرسە تەکنیکی و بازرگانییەکانی پەیوەست بەدەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت.
چوار بەرپرسی ئاگادار لەو کۆبوونەوانە ئاماژەیان بەوەکردووە، کۆبوونەوەکان ئاماژەن بۆ پێشکەوتن لەدۆسیەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بەڵام ھێشتا رەزامەندی سیاسی لەو بارەیەوە دڵنیا نەکراوەتەوە.
بەوتەی بەرپرسەکان، گفتوگۆکانی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکان بریتی بوون لە کرێی بۆرییەکان، کوالیتی و بڕی ھەناردەکردنی نەوت، دووبارە ھەناردەکردنی نەوت و پابەندبوونەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە.
نزیکەی شەش مانگە ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای یەکلاکردنەوەی سکاڵای تایبەت بە نادەستوری بوونی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لەلایەن تورکیاوە بەبێ رەزامەندی عێراق لەلایەن دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە.