سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک و دوورخستنەوەیان لە ململانێی سیاسی. سەرۆک کۆماری عیراقیش ئەوەی خستە روو، عیراق پشتگیری لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە ئامانج لێی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بێت بۆ پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی ناوچەکە لەشەڕ و ئاڵۆزی.

ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق کرد.

بەپێی راگەیاندنی دوای کۆبوونەوەکە، لە دیدارەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتی وڵات کرا و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەنێوان سەرجەم لایەنەکان کرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتکردنی هاووڵاتیان.

هاوکات، هەردوولا دووپاتیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و عیراق لەسەر بنەمای دەستوور و لێکتێگەیشتنەکان کردەوە.

لەو بارەیەشەوە سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەیان لە ململانێ سیاسییەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قەیرانی ناوچەیی و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسکران و د، لەتیف رەشید ئەوەی خستە روو، عیراق پشتگیری لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکات کە ئامانج لێی دۆزینەوەی رێگاچارەی ئاشتییانە بێت بۆ پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی ناوچەکە لەشەڕ و ئاڵۆزی.