بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما سبەینێ لە قەزای چۆمان کرایە پشووی رەسمی
محەمەد رزگار
٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥
بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما سبەینێ لە قەزای چۆمان کرایە پشووی رەسمی، قائیمقامیەتی چۆمانیش هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن.
قائیمقامیەتی قەزای چۆمان بڵاویکردەوە، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ( 9- بۆ 20-) ژێر پلەی سیلیزی لە چۆمان و ناحیەکانی دەوروبەری، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی بۆ سەلامەتی مامۆستاو خوێندکاران و فەرمانبەرانی دام و دەزگاکانی حکومەت، بڕیاردرا سبەینێ پشووی رەسمی بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو خوێندکارانەی بەشداری ئەزموونە دەرەکییەکان دەکەن پشووەکە نایانگرێتەوە.
قائیمقامیەتی قەزای چۆمان، داواش لە هاووڵاتیان دەکات بەبێ شارەزابوونیان و بەبێ زنجیر و ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسڵ، سەردانی شوێنە شاخاوییەکانی سنورەکە نەکەن.



