بەرگری شارستانی راپەڕین: هێشتا نەتوانراوە دوو پاسەوانی سنوورەکەی مەرزی کێلێ رزگار بکرێن
هەساو ئەمیر
٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥
وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هێشتا نەتوانراوە ئەو دوو پاسەوانی سنوورەی دوێنێ لە مەرزی کێلێ بەهۆی بەفرەوە گیریان خوارد رزگار بکرێن. باوکی یەکێک لە پاسەوانەکانیش رایگەیاند، دۆخی تەندروستیان باشە و لە پەریوەندی بەردەوامدان لەگەڵیان.
عەلی قادر وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هێشتا هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ئەو دوو پاسەوانی سنوورە بەردەوامە کە دوێنێ بەهۆی بەفربارینەوە لە مەرزی کێلێ گیریان خوارد و هێشتا نەتوانراوە تیمەکان بگەنە لایان.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، بەهۆی زۆری رێژەی بەفربارین کە نزیکەی دوو مەتر بەفر باریوە و بەهۆی سەختی شوێنەکە، تیمەکان ناتوانن بگەنە لایان. هەروەها بەهۆی زۆری تەم لە ناوچەکە نەتوانراوە بە هێلیکۆپتەر بهێنرێنە خوارەوە.
محەمەد زرنگ باوکی یەکێک لەو پاسەوانانە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵیان و دۆخی تەندروستیان باشە، وتیشی، کارەبایان بۆ کراوە بە 24 کاتژمێری و لەناو شوێنی مانەوەی خۆیاندا ماونەتەوە.
دوێنێ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین بڵاویکردەوە، لە بەیانی ئەمڕۆوە دوو پۆلیسی پاسەوانی سنوور لە مەرزی کێلێ، بەهۆی بەفر بارینی زۆرەوە گیریان خواردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەن تیمەکانی بەرگری و شارستانییەوە لە هەوڵی رزگارکردنیان، بەڵام بەهۆی زۆری بەفرەکەوە نەتوانراوە تیمەکان بگەنە شوێنی مەبەست.
ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارینی چڕ و سەرما هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و دوێنێش بەهۆی چڕی شەپۆلەکەوە، دوای چوار ساڵ لە کەرکوک بۆ یەکەمجار بەفرباری.