سەرۆکی لیژنەی نۆبڵ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ رایگەیاند، چالاکوانێکی بواری مافی مرۆڤ و ژنان بە ناوی نێرگز محەمەدی تەمەن ٥١ ساڵ بووەتە براوەیخەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، چونکە کۆششی کردووە دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە ئێران و لە پێناو مافی مرۆڤ ھەوڵیداوە، بەڵام لەئێستادا لە زینداندایە.
لیژنەی نۆبڵ بۆ ئاشتی ئەمساڵ ناوی ٣٠٥ کەسی بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە پێگەیشتووە، کە لەنێویاندا ٢١٢ تاک و ٩٣ رێکخراو ھەبوون.
بەڕێوەبەری ستۆکھۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ئاشتی رایگەیاندووە، ئەمساڵ ئاشتی بەرقەرارنەبووە لە جیھاندا و لە زۆرینەی ناوچەکان بەدینەھاتووە.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...
بھەلکەفتا ھاتنا جەژنا ( جەما)یا ئێزدیا.
گەرمترین پیرۆزباھیا ل خوشک و برایێن ئێزدی ل ھەرێمێ و عیراقێ و تەڤایا جیھانێ دکەم . ھیڤیدارم ئەڤ جەژنە بتە ھێڤێنێ ئاشتی وئاڤەدانیێ و چەسپاندنا گیانێ لێبۆرینێ و پێکڤە ژیانێ و رێز لێک گرتنێ دناڤبەرا ھەموو پێکھاتاندا.
قوباد تالەبانی
جێگرێ سەرۆکێ ئەنجومەنێ وەزیران
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە چوار رۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا نزیکەی ٦٠ ھێرشی ئاسمانییان لە ناوچەکانی مەتینا و خواکورک و قەندیل و گارە و ئاسۆس لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و ژمارەیەک پەناگەی پەکەکەیان لەناوبردووە و ژمارەیەک ئەندامیش کراونەتە ئامانج.
ھاوکات ھێزەکانی پاراستنی گەل-ھەپەگە رایگەیاند، لە دژی ئەو ھێرشانەی تورکیا ئەنجامیداوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە ھێزەکانی گەریلا ٢٥ چالاکیان لە ناوچە شاخاوییەکانی جودی و ئامێدی و چەرچل و مەتینا و زاپ ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا ١٦ سەربازی تورکیا کوژران و سیانی دیکەش بریندار بوون ھەروەھا درۆنێکیش تێکشکێنرا.
چرۆ حەمەشەریف بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ٨٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئیمزای پشتیوانیان بۆ ئەو پڕۆژەیەی کردووە کە جگە لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەندامانی عەرەبیشی تێدایە، ھەروەھا داوایانکردووە مووچەی زیندانیانی سیاسی ھەرێم بخرێتە سەر بەغداد.
وتیشی، جیاوازی زۆر لە مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی ھەرێم و عێراق ھەیە، بەشێوەیەک مووچەی ئەوانەی ھەرێم ٥٠٠ ھەزارە و لە عێراق مووچەکانیان زیاتر لە ملیۆن و ٤٠٠ ھەزارە، ھەروەھا مینحەی زیندانیانی سیاسی لە ھەرێم بۆ ١٠ ساڵە و لە عێراق بۆ ٢٥ ساڵە و چەند منداڵیشیان ھەبێت دەتوانن بێبەرامبەر درێژە بە خوێندنەکانیان بدەن، لەکاتێکدا زیندانیانی سیاسی ھەرێم تەنھا یەک منداڵیان دەتوانێت بێبەرامبەر بخوێنێت لە زانکۆکاندا.
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە وتارێکیدا لە مەراسیمی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، داوایان لە حکومەتی فیدراڵ کردووە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم تێکەڵی بابەتی دیکە نەکرێت و چیتر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم نەبێتە ھەواڵی میدیاکان.
راشیگەیاند، چەند لایەنێک دەیانەوێت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بەلاڕێدا ببەن و لەھەوڵدان مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم راستوخۆ لە حکومەتی فیدراڵەوە دابەشبکرێت، داواشی لەو لایەنانە کرد بگەڕێنەوە بەرەی گەل و پشت بە حکومەتی ھەرێم ببەستن بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران.
سوارە کەریم قائیمقامی قەزای چۆمان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردنێک ھاووڵاتێک گیانی لە دەستداوە و ئێستاش ھێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ھۆکاری رووداوەکە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری نیسان پیکاب لە یەکێک لە خاڵە سەربازیەکانی پێشمەرگە نەوەستاوە و بەھۆیەوە تەقەی لێکراوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلێکە گیانی لە دەستداوە و تەرمەکە رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان کراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ پاتریک دۆریل راوێژکاری سەرۆکی فەرەنسا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریقا کۆبووەتەوە و دەربارەی بەرنامەی سەردانی چاوەڕوانکراوی ئیمانوئێل ماکرۆن بۆ عێراق و پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، بیروڕایان گۆڕییەوە.
ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەیان بە ڕۆڵ و بەشداریی کارای فەرەنسا لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا کرد، دەربارەی دۆخی ناوخۆی ھەرێمیش ، ھەردوولا داکۆکییان لە گرنگیی تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان و یەکدەنگی و یەکھەڵوێستییان لە بەغدا کردەوە، ھەروەھا باسیان لە پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانیان کرد.
ھاوکات نێچیرڤان بارزانی دەربارەی کێشەکانیش لەگەڵ بەغدا دووپاتیکردەوە کە ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور و سیستمی فیدراڵی، ھەمیشە ئامادەی چارەسەرییە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرانی داریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر پرسی مووچە و بودجە کۆببێتەوە و دۆسیەکانی ژمارەی مووچەخۆرانی ھەرێم و داھاتە نەوتی و نانەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەربکرێت.
بەڵام لە نوسراوێکدا کە ئیمزای ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە ئەوەخراوەتەڕوو، وەزیری دارایی ھەرێم ئەم ھەفتەیە و ھەفتەی داھاتووش ناتوانێت ئامادەی دانیشتنی لیژنەی دارایی عێراق ببێت، چونکە سەرپەرشتی ئامادەکردنی داواکارییەکان دەکات بۆ دەستکردن بە وردبینی ژمارە و بڕی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
لەسەر ئەو وەڵامەی حکومەتی ھەرێم بۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی سوپای تورکیا بەنداوی جەلال ئاغایان لە ناوچەی قامیشلۆ بۆردوومانکردووە، بەڵام ھێشتا زیانەکانی نەزانراون، دەشڵێت، فڕۆکەکانی تورکیا کێڵگەیەکیان لە باکووری شاری حەسەکە لەسەر رێگەی نێوان حەسەکە-تەلەتەمر کردووەتە ئامانج و سێ ھاووڵاتی برینداربوون.
ئاژانسی ھاوار نیوز دەشڵێت، تورکیا دوای ئەو بۆردوومانە جارێکیتر بۆردوومانی دەوروبەری حەسەکەی کردووەتەوە، ھەروەھا ئۆتۆمبێلێک و نزیک کەمپی واشۆکانی لە نزیک حەسەکە کردووە ئامانج، لەبارەی زیانی بۆردوومانەکانیش، روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، تورکیا پێگەیەکی سەربازیی لە سنووری حەسەکە بۆردوومانکردووە و بەھۆیەوە دوو کەس کوژراون.
ئەو بۆردومانەی سوپای تورکیاش لەکاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە، تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کارگەیەکی خشتی لە شاری حەسەکە بۆردومانکرد و بەھۆیەوە چوار کرێکار برینداربوون.
دەقی پەیامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان:
بەڕێز کاک بافڵ تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرکەوتوویی کۆتایی ھات و جەنابی بەڕێزتان جارێکی دیکە وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردران. لەم کاتەدا کە ڕووداوی گرنگ لە کوردستان لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، بەستنی ئەم کۆنگرە بە سەرکەوتووی و پلاندانانی کارو خەبات ئەرکێکی زۆر گرنگ بوو بۆ دەستکەوتەکانی کوردستان. ئێمە زۆر دڵخۆشین بەم ئەنجامە سەرکەوتووە و ھیوادارین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەمیشە سەرکەوتوو بێت لە کار و چالاکییەکانی.
بەم بۆنەیەوە لە دڵەوە پیرۆزباییتان لێدەکەین بەبۆنەی ھەڵبژاردنی جەنابتان وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەروەھا لە کەسایەتی جەنابتان پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەو بەڕێزانە دەکەین کە بۆ پۆستی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراون و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
لەگەڵ ڕێزدا
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
٠٤.١٠.٢٠٢٣
نەوت فرۆشێک لە گۆڕەپانی نەوت فرۆشانی ھەولێر بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، پێش چەند رۆژێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی ماڵان لە ھەولێر بە ١٧٥ ھەزار دیناربوو، بەڵام دوای بارانەکەی دوێنێ و بەھۆی گۆڕانی کەشوھەواو و خواست لەسەر نەوت زیادیکردووە و بەوھۆیەوە بۆ ٢٠٥ ھەزار دینار بەرزبووەوە.
گرانبوونی نرخی نەوت ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە و دوێنێ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، کە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپییان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە.
وەزارەتی سامانەسروشتییەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر خێزانێک بڕی ٢٠٠ لیتر نەوتی پێدەدرێت و نرخەکەشی ١٠٠ ھەزار دینار دەبێت.
ساڵانە پێویستی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی زیاتر لە ٢٣٠ملیۆن لیتر نەوتە، بەڵام بەھۆی دابەشنەکردنی نەوتەوە لەلایەن حکومەتەوە، نرخی نەوت بە تایبەت لە وەرزی زستاندا گران دەبێت و ئەمەش بارگرانی بۆ ھاووڵاتیان دروستکردووە.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بڵاوکردەوە و بەپێی کارنامەکەش کۆبوونەوەکە لە یەک بڕگە پێکھاتووە، کە میوانداریکردنی نوێنەری حکومەتە بۆ وەڵامدانەوەی سەرنج و تێبینییەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و دانانی میکانیزمێک بۆ بەھێزکردنی رۆڵی چاودێری بەپێی دەستوور.
لەماوەی رابردوودا، چەند جارێک پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە خرایە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ ئەوەی بە کۆی دەنگی پەسەندبکرێت و ھەڵەبجە ببێتە ١٩ ھەمین پارێزگای عێراق، بەڵام ھەر جارە و بە پاساوێک دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساکە دواخرا.
دەقی پەیامەکە...
بۆ بەرێز/ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دوای سڵاو و رێز
بەناوی خۆم و تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی پارێزگارانی کوردستان پیرۆزبایی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی پێنجەم و ھەڵبژاردنەوەی بەرێزتان بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان-تان لێ دەکەم، ئومێدەوارم ئەرکی بەرێزتان لە داھاتوودا کارکردن بێت بۆ پاراستنی دەستکەوتە مەزنەکانی نەتەوەکەمان شان بەشانی سەرجەم لایەنەکان و درێژەدانبێت بە بەرفراوانتکردنی پانتایی دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین، کە سیمانی ھەرەجوان و زیندووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە ھەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە.
سەرکەوتنی بەرێزتان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەندە بە سەرکەوتنی یەک ئیرادەیی لە بڕیاردانی دەستەجەمعی لایەنەکان و یەکبوونی گووتاری کوردی، لەم نێوەندەشدا داواتان لێدەکەم کە رێچکەی سەرکردەی ھەمیشە زیندوو و رێبازی چەپکە گوڵەکەی جەنابی (مام) بکەنە پێوەری کارکردن بۆ یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و پێکەوەژیان بۆ سەرخستنی سەرجەم پرسەکان.
لەکۆتاییدا دووبارە بەناوی خۆم و تەواوی ئەندامانی حزب پیرۆزبایی ھەڵبژاردنەوەی بەرێزتان بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لێدەکەم و ھاوتەبایی و برایەتی خۆشمان بەم بۆنەیەوە دووپاتدەکەکەمەوە.
نجات سورچی
سەرۆکی پارتی پارێزگارانی کوردستان
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی....
بۆ/ بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بەڕێزان ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
سڵاوێکی گەرم
بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی کۆنگرەی پێنجەمی حزبتان و ھەڵبژاردنی بەڕێزتان بە سەرۆک و ھەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی پیرۆزباییتان لێ دەکەین و ھیوادارین ئاکام و بڕیارەکانی کۆنگرەکەتان خاڵی وەچەرخان بێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتیمان.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
زێدان محەمەد ئەمین برای گۆھداری زێباری رایگەیاند، ئەمڕۆ گۆھدار پەیوەندی پێوەکردوون و پێی راگەیاندوون کە لە ئاسایشی ھەولێرەوە گواستراوەتەوە بۆ چاکسازی گەورانی ھەولێر.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی ١ی ئەم مانگە دادگای کەتنی ھەولێر بۆ جاری سێیەم سزای شەش مانگ زیندانی دیکەی بەسەر رۆژنامەنووس گوھدار زێباریدا سەپاندا و تۆمەتباری کرد بە ھەڵگرتنی چەک، لەکاتێکدا بڕیاربوو لە رۆژی ١٦ی ئابی رابردوو و لەدوای نزیکەی سێ ساڵ زیندانی ئازادبکرێت.
گوھدار زێباری لە رۆژی ٢٢ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ چوار چالاکوان و رۆژنامەنووسی دیکەی بادینان بەتۆمەتی “سیخوڕیی و ئاژاوەگێڕی” دەستگیرکران و بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران، بەڵام دواتر بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی ھەرێم سزاکەیان بەڕێژەی ٦٠% کەمکرایەوە، بەو پێیەش بڕیاربوو لە ١٦ی ئاداری ئەمساڵ ئازادبکرێت، بەڵام بەھۆی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی بۆ جارێکی دیکە سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ھەرێم رایگەیاند، دابەزینی پلەکانی گەرما بەردەوام دەبێت و لە رۆژانی نزیکی داھاتووشدا، لە ناوەندی شارەکان و ناوچە شاخاوییەکان بارانبارین دەستپێدەکات.
دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا پلەکانی گەرما لە ھەرێمی کوردستان ٦ پلە دابەزیوون و پێشبینیدەکرێت لە دوو رۆژی داھاتوودا پلەکانی گەرما ٢ پلەی دیکەش ڕوو لە دابەزین بکەن.
وتیشی، بەھۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە، پێشبینیدەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا بارانی بە لێزمە لە ناوچە شاخاوییەکان و بارانی پچڕپچڕ لە ناوەندی شارەکان ببارێت.