ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت: هەرکاتێک دەمانەوێت راژەی مامۆستایانی ناوچە دابرێدراوەکان بگوازینەوە سەر حکومەتی بەغداد، هەرێمی کوردستان کێشەمان بۆ دروست دەکات.

پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پرسی رۆژ لە کوردسات نیوز رایگەیاند، هەر کاتێک نزیک دەبینەوە لە گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی کوردی بۆ سەر حکومەتی فیدراڵ، هەرێم گرفتمان بۆ درووست دەکات و رێگر دەبێت لە گواستنەوەی راژەکانیان.

وتیشی؛ حکومەتی عیراق دەیەوێت ئەم مامۆستا و فەرمانبەرانە، وەکو تازە دامەزراو مامەڵەیان لەگەڵ بکات، لەکاتێکدا هەندێک لە مامۆستاکان زیاتر لە 30 ساڵ خزمەتی هەیە.

پەروین فاتیح راشیگەیاند، حکومەتی هەرێم دەیەوێت ئەو مامۆستایانە بەبێ شایستەی دارایی بگوازێتەوە بۆ سەر حکومەتی بەغداد، حکومەتی عیراقیش دووبارە دایابمەزێنێتەوە، بۆ ئەوەی پارەی راژەکانیان بمێنێتەوە و حکومەتی هەرێم کەسانی نوێ لەسەر راژەکانیان دابمەزرێنێت، ئەمەش لە هیچ یاسایەکدا شتی وا بوونی نییە.

جێگەی ئاماژەیە، زیاتر لە 13 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕێندراوەکان هەن و داواشدەکەن راژەکانیان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵ بگوازرێتەوە.