مەزڵوم كۆبانێ و ئەحمەد شەرع رێكەوتنێكی هەشت خاڵییان ئیمزا كرد
١٠ی ئازاری ٢٠٢٥
مەزڵوم كۆبانێ و ئەحمەد شەرع رێككەوتنێكی هەشت خاڵییان ئیمزا كرد، بەپێی رێككەوتنەكە هەسەدە و دامەزراوە ئیدارییەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەبنە بەشێك لە ئیدارەی سوریا و هەموو مافەكانی كوردیش پارێزراو دەبن.
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا كۆبوونەوە و ڕێككەوتنێكیان ئیمزا كرد، ئاگربەست لە تەواوی خاكی سووریا رادەگەیندرێت و گرەنتی مافی سوورییەكان لە بەشداریكردنیان لە پرۆسەی سیاسی دەكرێت.
هەر بەپێی رێككەوتنەكە، كورد پێكهاتەیەكی سەرەكی سووریایە و مافەكانی گرەنتی دەكرێت، هاوكات دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا تێكەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سوریا دەكرێن، لەوانە هێزەكانی هەسەدە و دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگە نەوتی و گازییەكان.
لە خالێكی تری رێككەوتنەكەدا هاتووە، بانگەوازی دابەشبوون و وتاری رق رەت دەكرێتەوە و پێویستە هەموو لایەن پاڵپشتی لە دەوڵەتی سوریا بكەن لە كاتی هەر هەڕەشەیەك.
هەروەها هەردوولا بڕیاریانداوە، ئەو رێككەوتنە پێش كۆتایی ئەمساڵ جێبەجێ بكرێت.