وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەكەن و پێویستە هەریچم و بەغداد بڕیاری لەسەر ئەو پرسە بدەن.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە وتارێكدا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند، پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەولێر لەڕادەبەدەر باشە، هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێریش دەدەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئامادەكارییان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە، بەڵام پێویستە بەغداد و هەولێریش كۆببنەوە و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەن، هیواشی خواست بەمنزیكانە بۆرییەكە بكرێتەوە.
سەبارەت بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، هاكان فیدان رایگەیاند، توركیا گرنگە بەو پرۆژەیە دەدات و بۆ یەكەمجارە پرسێكی ئەرێنی لەگەڵ عیراق هاتۆتە بەرنامەی كار.
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە پێنج ملیار و ٦٨٢ ملیۆن دینارە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو حەوت ملیار دینار كەمیكردووە.
ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان دەكات، بڵاویكردەوە، داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیە واتە لە ١٦ی ١١ ەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە پێنج ملیار و ٦٨٢ ملیۆن و ٤٨٧ هەزار دینار بووە كە ٧٥%ی نەختینە و ١٨%ی چەك بووە.
داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، بەڕێژەی ٥٨% واتە بەبڕی حەوت ملیار دینار كەمیكردووە، كە لەو هەفتەیەدا داهاتەكە زیاتر لە ١٣ ملیار دینار بووە.
هاوكات بەپێی ماڵپەری شەفافیەت، داهاتی نانەوتی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، زیاتر لە ٨١٣ملیار و ٧٥٦ملیۆن دینار بووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیاتر ٣٠% كەمیكردووە.
رێژەی تۆماركردنی هاوڵاتییان لە سەرژمێری ٩٧%ی تێپەڕاند، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، درێژكردنەوەی وادەكە بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی رێژەكە بگەیەننە ١٠٠% .
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، توانراوە بە هەوڵ و هەماهەنگی هەموولایەنە پەیوەندیدارەكان لە سنووری پارێزگاكە رێژەی تۆماركردنی هاووڵاتییان لە قۆنای یەكەمی خێزان و ئەندامان لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی بگات بە ١٠٠%، لە قۆناغی دووەمیشدا لە دوو رۆژی رابردوودا توانرا رێژەی تۆماركردن بگاتە ٩٧.٣٩%.
دەشڵێت، وەك پارێزگای هەولێر بەدەرفەتی دەزانن لەماوەی درێژكردنەوەی پڕۆسەكە ڕێژەی تۆماركردن لە سنووری پارێزگای هەولێر بگەیەنن بە ١٠٠%.
ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەم رووداوە بۆ ئێمە وەک سەرژمێری دێرینی ساڵی ١٩٥٧ گرنگە
دەقی پەیامەکە
کۆمەڵانی خەڵکی بەشەرەفی کەرکوک
خوشک و براکانمان لە دانیشتوانی بەڕێزی کەرکوک و کەسوکارمان لە ئاوارە و نیشتەجێکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق کە بە بنەچە کەرکوکین.
پڕبەدڵ دەستخۆشی و پیرۆزبایتان لێدەکەم بۆ ئەو هەڵوێستە بەرپرسیارانەتان کە رۆژانی سەرژمێری گشتیتان کردە بۆنەیەکی گەورەی نیشتمانیی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و لە پارێزگای کەرکوک و دەوروبەری ، بە گیانی پەرۆشی و هیممەتی شارستانیتان بەشداربوون لەم سەرژمێرییە و خۆتان و کەسوکارتان بە کەرکوکی تۆمارکردەوە.
لە کەرکوکی خۆشەویست ڕۆژانی سەرژمێری هەر ناونووسکردن و خۆتۆمار کردنی هاوڵاتیان نەبوو کە ئەم بابەتەش بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان و بۆ هاوڵاتیبوون و مافەکانیان پێویستن، بەڵکو وێستگەیەکی تری خەباتی مەدەنی و ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی خۆڕاگری کەرکوک و خەڵکە رەسەنەکانمان بوو کە لە شوێنەکانی تر نیشتەجێن ،
ئەم رووداوە بۆ ئێمە وەک سەرژمێری دێرینی ساڵی ١٩٥٧ گرنگە و هیوادارین پێکەوەش بنەما و بەڵگەی داهاتوو بن بۆ سەلماندنی رەوایەتی و خاوەندارێتی گەلەکەمان لە زێدی مێژوویی خۆی لە کە کەرکوک وەک شاری برایەتی و پێکەوەژیان ، ببێتە دەسکەلای رەوا بۆ نەخشەرێی ماددەی ١٤٠ و هەموو ئیستیحقاقە دەستورییەکانمان لە عیراق.
هەر بەو بۆنەیەشەوە دەستخۆشی لە دامودەزگاکانی ئیدارەی کەرکوک ، بەڕێز پارێزگار کاک رێبوار تەها و سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسی هاتووچۆ و مامۆستایانی خۆشەویست و سەرجەم فەرمانبەرانی ئازای فەرمانگەکانی سەرژمێری دەکەین، دەستخۆشی لە هاوڵاتیانی میواندۆستی شارەکەمان دەکەین کە ئامێزی کەرکوکی و خزمانەیان بۆ میوانانی خاوەن ماڵ کردەوە،
سەرکەوتن بۆ ئەم خەباتە مەدەنییە نوێباوە،
سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان.
شاڵاو کۆسرەت رەسول بۆ رۆژی شەھیدانی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شەهیدانی یەکێتیی، قارەمانانی رۆژانی سەختی خەباتبوون، بستە خاکێکی کوردستان نەماوە خەباتیان تێدا نەکردبێت.
دەقی پەیامەکەی شاڵاو کۆسرەت رەسول...
لە رۆژی شەهیدی یەکێتیی، بە شانازی و سەربەرزییەوە لەبەردەم گڵکۆی شەهیدانی یەکێتیی دەوەستین و یادیان دەکەینەوە.
شەهیدانی یەکێتیی، قارەمانانی رۆژانی سەختی خەبات بوون، بستە خاکێکی کوردستان نەماوە خەباتیان تێدا نەکردبێت و بەخوێنی خۆیان ئازادیان نەکردبێت و لە هەڕەشەی دوژمن نەیانپاراستبێت.
ئەمڕۆ لەسەرهەموومان پێویستە بە شکۆوە یادی شەهیدە نەمرەکانمان بکەینەوەو بە وەفا بین بۆ رۆڵەکانیان و خوێنیان، درێژە پێدەری خەباتیان بین و پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەین کە بە خوێنی شەهیدان و خەبات و قوربانیدان تێکۆشەران وەدیهاتووە.
شاڵاو کۆسرەت رەسول
رفعەت عەبدولا بۆ رۆژی شەھیدانی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ڕۆژی شەهیدانی یەکێتی، شانازی گەورەی شەهیدبوون و گیان فیدایی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە کە لە مێژوودا بە حیزبی شەهیدان ناوی تۆمارکراوە.
دەقی پەیامەکەی...
بۆ رۆژی شەهیدی یەکێتی لە ڕۆژی شەهیدی یەکێتی نیشتیمانی
کوردستاندا، یادو یادەوەری ڕۆژانی سەخت و گیان فیدایی ڕۆڵەکانی یەکێتی و کوردایەتیمان بیردەکەوێتەوە، کە چۆن بۆ پارێزگاری لە کوردو ناسنامەکەی بە سەخاوەتەوە گیانیان بەخت ئەکرد، ڕۆژی شەهیدانی یەکێتی یادەوەری دەیان سەرکردەو سەدان فەرماندەو هەزاران پێشمەرگەی شەهیدە کە بە خوێنی گەشیان نیشتیمانیان پاراست لە دیکتاتۆریەت و تیرۆرستان، شانازی گەورەی شەهید بوون و گیان فیدایی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە کە لە مێژوودا بە حیزبی شەهیدان ناوی تۆمارکراوە، لەم ڕۆژەدا هەزاران سڵاو بۆ گیان و خوێنی گەشی ڕژاوی شەهیدانی یەکێتی و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەرفرازی کوردستان.
رفعەت عەبدوڵا
٢٠٢٤/١١/٢١
ئەنجومەنی پشتیوانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان بۆ رۆژی شەھیدانی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەڵێنی وەفا بۆ شەھیدانمان دووپاتدەکەینەوە کە پارێزەری دەستکەوتەکانیان بین و بەردەوامبین تێبکۆشین بۆ بەدەستھێنانی ئەو ئامانجە رەوایانەی گەلەکەمان کە بەدەست نەھاتوون.
دەقی پەیامەکەی ئەنجومەنی پشتیوانی یەکیتی:
لە رۆژ شەھیدانی یەکیتی رۆژێک نییە بیرەوەری و داستانێکی نەبەردی و قارەمانێتی شەھیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی تێدا نەبێت،
لە رۆژی ٢١-١١ کە وەکو رۆژی شەھیدانی یەکێتی و رۆژی وەفاداری و پەیمان نوێکردنەوەیە بۆ رێبازی پیرۆزی شەھیدان دیاریکراوە،
شەھیدانمان بە ئومێدەوە بەرەو پیری پەتی سێدارە و مەرگ دەچوون لە پێناو ئامانجێکی پیرۆزی کوردایەتی و ئازادی نیشتمان، ئێمەش بەڵێنی وەفا بۆ شەھیدانمان دووپاتدەکەینەوە کە پارێزەری دەستکەوتەکانیان بین و بەردەوامبین تێبکۆشین بۆ بەدەستھێنانی ئەو ئامانجە رەوایانەی گەلەکەمان کە بەدەست نەھاتوون.
لە شۆرشی نوێی گەلەکەمان بەسەرۆکایەتی رابەر و سەرکردەمان ڕەوانشاد مام جەلال دژ بە رژێمی بەعسی فاشست پێشمەرگە شەھیدەکانی یەکێتی بوون بەخوێنی خۆیان ئازادی سەرتاسەریان بەرھەمھێناو و لە شەوی نائومێدی دا چرای ئومێدیان بەخوێنی خۆیان ھەڵکرد و بەعسیان شکاند، ژوورەکانی سێدارە گەواھیدەری قارەمانێتی و بڕوابەخۆبوون و گیانفیدای یەکێتییەکان دەسەلمێنێت.
لەم رۆژە پیرۆزەشدا بەڵێنی بەردەوامیدان بە کاروانی پڕ لە قوربانیدان دووپاتدەکەینەوە و سەری رێز و نەوازش دادەنوێینین لەئاست قارەمانی و خۆراگری شەھیدان و وەفاداری و خزمەتکردن بۆ کەسوکار و بنەماڵەی شەھیدان دووپاتدەکەینەوە.
بەرز و شکۆدار بێت ٢١-١١ رۆژی شەھیدی یەکێتی
ئەنجومەنی پشتیوانی (ی.ن.ک)
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە رۆژی شەهیدی یەکێتییدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ ئێمە یادكردنەوەی مێژووی پڕ لە سەروەری و تێكۆشانی .حزبەكەمانە
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...
ئەمڕۆ بە شانازی و وەفاداریی هەمیشەییمانەوە یادی شەهیدانمان دەكەینەوە و رۆژی شەهیدی یەكێتی بەرز رادەگرین. سڵاو و خۆشەویستیی زۆرمان بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین و لەبەرامبەر دڵسۆزی و خۆڕاگرییاندا سەری رێز دادەنەوێنین.
ئەمڕۆ بۆ ئێمە یادكردنەوەی مێژووی پڕ لە سەروەری و تێكۆشانی حزبەكەمانە لەپێناو ئازادی و سەرفرازیی گەلەكەمان، یادكردنەوەی هەموو ئەو قارەمانانەیە كە خوێنی خۆیان پێشكەشی خاكی كوردستان كرد و بە ژیانی خۆیان ئەم ئەزموونەیان هێنایە كایەوە. بۆیە كاتێك بیر لەو رابردووە پرشنگدارەمان دەكەینەوە، سوورترمان دەكات تاوەكو لە داهاتووشدا بە هەمان رۆحییەتی یەكێتییانەوە بەگژ نادادی و نایەكسانیدا بچینەوە و ئەو بەڵێنەی بە خەڵكمان داوە، پارێزگاریی لێبكەین و هەنگاو بۆ داهاتوویەكی سەقامگیرتر و شەرەفمەندانەتر بنێین، بەمەش رۆحی شەهیدانمان شاد دەكەین و كوردستان بەرەو قۆناغێك ئاڕاستە دەكەین كە شایستەی ئەو رووبارە خوێنەی رۆڵەكانمان بێت.
دروود بۆ رۆحی شەهیدانی یەكێتی و سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادی و سەرفرازیی كوردستان و سەربەرزی بۆ كەسوكارە تێكۆشەرەكانیان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
قۆناغی دووەمی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت و تا سەعات ١٢ی ئەمشەو بەردەوام دەبێت و دوایین وادەیە بۆ تۆماركردنی ناوی خێزانەكان.
لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەوە، قەدەغەی هاتوچۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە و بەوەش قۆناغی دووەمی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دەستیپێكرد و تاوەكو سەعات ١٢ی شەوی رابردوو بەردەوامبوو، ئەمڕۆش لە سەعات 8ی بەیانی پڕۆسەكە دەستیپێكرد و لە سەعات١٢ی ئەمشەو فۆڕمی تۆماركردنی هاووڵاتیان لە تابلێتەكان لەكاردەخرێن، بەوەش كۆتایی بە قۆناغی دووەمی پرۆسەكە دێت.
هاوشێوەی رۆژی یەكەم، ئەمڕۆش بژمێرەكان سەردانی ماڵی هاووڵاتیان دەكەن بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانەی كە لە قۆناغی یەكەمی پڕۆسەكەدا بە ئەلیكترۆنی تۆماركراون، بەڵام ئەگەر هەر ماڵێك بژمێرەكان سەردانی نەكردووە، پێویستە پەیوەندی بكەن بە هێڵی گەرمی 567 كە بۆ ئاگاداركردنەوەی بژمێرەكان كارایە، بۆیە ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ تۆماركردنی ناوی خێزانەكان لە سەرژمێری گشتی و
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رۆژی شەهیدی یەكێتیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مێژووی پڕ سەروەریی و تێكۆشانی یەكێتی هەموو رۆژەكانی پڕن لە تۆماری سەربەرزی.
دەقی پەیامەکە...
مێژووی پڕ سەروەریی و تێكۆشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو رۆژەكانی پڕن لە تۆماری سەربەرزی و گیانبازی، كە سەرقافڵەی ئەم كاروانە نەپساوەیە شەهیدانی سەرکردە (خاڵە شیهاب و جەعفەرعەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب) بوون، كە لە رۆژی ٢١ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٦دا لە زیندانەكانی رژێمی بەعسی رووخاودا بە دروشمی (كەم بژی و كەڵ بژی) گیانیان بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی كورد و كوردستان بەخشی.
لەناو ئەم كاروانەی شەهیدان و سەروەراندا كە هەزاران تێكۆشەر لەنێو زیندان، لە چالاكیەكانی نێو شار، لە سەنگەرەكانی بەرگریدا بەگیان و خوێنی خۆیان چەندین داستانی نەبەردی و رووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر بە جەلادەكان و نۆكەر و هێزەكانی رژێمی بەعسی ڕووخاو تۆماركردوە، بۆ هەمیشە بە نەمری لە دڵ و ویژدانی هەموو كوردێكی تێكۆشەر دەمێننەوە، بۆ بەرز راگرتنی ئەو قارەمانێتی و سەروەرییانەیان و بەرز راگرتنی یادەوەری وناوبانگیان، لە كۆی ساڵدا ئەم رۆژە دیاری كراوە تاوەكو هەمووان پێكەوە لەیەك ساتدا سەری رێز لەئاست یادكردنەوەیاندا دابنەوێنین.
لەم یادەدا پڕشكۆیەدا سەربەرزین بەوەی لە سایەی قوربانیدانی شەهیدەكانماندا، یەكێتیەكەمان بەهەمان گیانی سەردەمی سەختی دێرینەوە بەردەوامە و وێستگەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کوردستانیش بەڵگەی زیندوون.
ئەم پێداگیری و رژدبوونەمان لە درێژەپێدانی رێبازی شەهیدانەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەمانەتێكە لە ئەستۆمان كە دەبێت نەك هەر بۆ ئیمڕۆ بەڵكو بۆ ئایندەی دووریش درێژە پێدەری بین تاوەكو گشت مافە بەدینەهاتوەكان لەسەرئاستی عێراقیشدا مسۆگەر بكەین
- درودبۆ رۆحی شەهیدان وسڵاوی وەفا و ئەمەكداری بۆ كەسوكار وخانەوادە هەمیشە سەربەرزەكانیان.
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی تەواوكردنی پرۆسەی سەژمێری، پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و كارمەندانی هێزەكانی ناوخۆ لە ناوچە كوردستانییەكان تا ١٠ـی ١٢ درێژكرایەوە.
هێمن میرانی ئەندامی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری رایگەیاند، بەمەبەستی تەواوكردنی پرۆسەی سەژمێری پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و كارمەندانی هێزەكانی ناوخۆ تا ١٠ـی ١٢ درێژدەكرێتەوە بۆ ئەوانەی گەڕاونەتەوە ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ بۆ ئەوەی فۆرمی دووەم لە دوای قەدەغەی هاتووچۆ پڕبكەنەوە.
دەشڵێت، لەدوای تەواوكردنی فۆرمی یەكەم، قۆناغێكی دیكە دەستپێدەكات كە زانیاری زیاترە و پێویستە لایەنیكەم یەكێك لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە و هەموو بەڵگەنامەكانی ئەندامانی خێزانیان لابێت و فۆرمی دووەم بەدروستی پڕبكەنەوە.
وتیشی، حكومەتی هەرێم پشووی ئەو كەسانە بە كراوەیی دەهێڵێتەوە تا تەواوی پرۆسەی سەرژمێری تەواودەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی پێشوازی دەكات لە ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عیراق و هەرێمی كوردستان.
ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئەوان پێشوازی لە یەكەم سەرژمێری دانیشتوان لە دوای ساڵی 1997ەوە دەكەن، وتیشی، ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە بۆ عیراق تایبەتمەندی خۆی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی وادەكات ئەو وڵاتە ستراتیژی ئابوری و گەشەپێدان و پلانی داهاتووی خۆی باشتر بزانێت، هەروەها، وتیشی، هانی هەموو عیراقییەكان دەدەن، بە دانیشتوانی هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆ بەشداریكردن لە سەرژمێرییەكەدا.
ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە رەتیدەكاتەوە هیچ بڕیار و نووسراوێكی رەسمی لەلایەن حكومەتی هەرێم یاخود حكومەتی فیدراڵەوە دەرچووبێت بۆ قەرەبووكردنی ئەو هاووڵاتیانەی لەكاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بوون.
ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، چەند جارێكە بابەتی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیانی ئاوارەی پارێزگای هەڵەبجە بەبێ هیچ نووسراوێكی رەسمی حكومەتی هەرێم یاخود حكومەتی فیدراڵ دەجوڵێندرێت بۆ مەرامی سیاسی و كەسی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای بەدواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە لە رێگەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆوە كە لیژنەی تایبەتمەندی بۆ پێكهێنراوە دەركەوتووە، لەئیستادا هیچ نوسراوێكی رەسمی نییە بۆ دەستپێكردنەوەی قەرەبووی هاووڵاتیانی ئاوارەی هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی هەرێم یاخود حكومەتی فیدراڵەوە.
ئیدارەی پارێزگاكە دڵنیاییش دەدات، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان بۆ قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیانی ئاوارە بەردەوامی دەبێت و لەكاتی بوونی هەر نووسراوێكی رەسمی لەوبارەیەوە، بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە.
وەزارەتی پلاندانان رایدەگەیەنێت، لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆدا بژمێرەكان لە سەعات ٧ـی بەیانی بۆ ١٢ـی شەو سێ جار سەردانی ماڵان دەکەن، هەر ماڵێكیش دەرگایان لێنەكاتەوە بە شوێنێكی داخراو دادەنرێت.
قوسەی عەبدولفەتاح بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەكنیكی لە دەزگای ئامار و سیستمی زانیاری جوگرافی لە وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، بژمێرەكان سەعات ٧ـی بەیانی دەست دەكەن بە سەردانیكردنی ماڵی هاووڵاتیان بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیاریانەی كە پێشوەخت بە ئەلیكترۆنی تۆماركراون.
وتیشی، بژمێرەكان سێ جار سەردانی خێزانەكان دەكەن بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەكانیان و ئامادەبوونی هاووڵاتیان لە ماڵەكانیان.
قوسەی عەبدولفەتاح ئەوەشی خستەڕوو، بژمێرەكان دەستەواژەی "خانووەكە داخراوە" لەسەر ئەو ماڵە دەنوسن كە دەرگایان لێناكانەوە، پاش ئەوەی سێ جار سەردانیان كردووە لە ماوەی سەرژمێریدا و لە كاتی جیاوازدا.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاووڵاتیان لە رۆژانی پشووی سەرژمێریدا چەند بڕیارێكی دەركرد.
بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی تەندروستی پزیشكانی پسپۆڕ، نیشتەجێی دێرین، خولاو، پەرستار و كارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشكگری پابەنددەبن و هەروەها ئامادەباشی بۆ ئەمبوڵانس و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەكانی خاوێنكردنەوە و دابینكردنی خۆراك دەكرێت.
هەر بەپێی بڕیارەكان، نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و نۆرینگە دەرەكییەكان كراوەبن و سەنتەرەكانی پێدانی چارەسەری کیمیایی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشكگری كراوەبێت.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشداوە، تیمەكانی فریاگوزاری و هێڵی ١٢٢ بەردەوام دەبن لە ئەرك و كارەكانیان بە شێوەی ٢٤ سەعاتی و هۆبەی پزیشكی فریاكەوتن خشتەی دابینكردنی تیمەكانی دادەنێت بۆ شوێنە پێویستەكان.
وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕیاری لێخۆشبوونی رێژەی لە ٢٠٪ـی بۆ قەرزی بچووك دەركرد و لایەنی قەرزداریشی سەرپشك كرد، بە یەك گوژمە یاخود بە شەش گوژمەی یەكسان قەرزەكە بداتەوە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، تایبەت بە لێخۆشبوونی رێژەی لە ٢٠٪ـی قەرزەكانی ناو پرۆژەی پێدانی قەرزی بچووك، بڕیاردراوە بە لێخۆشبوونی لە ٢٠٪ـی بۆ كۆی گشتی بەركەوتەكانی قەرزی نەگەڕاوە.
هەروەها، لە نووسراوەكەدا هاتووە، لایەنی سوودمەندبوو لە پرۆژەكە كە پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا قەرزەكەی بگەڕێنێتەوە، سەرپشك دەكرێت لەوەی بە یەك گوژمە قەرزەكە بداتەوە یاخود بە شەش گوژمەی یەكسان مانگانە قەرزەكەی بداتەوە.