سەرۆک بافڵ پێشوازی لە شێخ مادح شێخ عوسمان نەقشبەندی کرد
راهۆز
١٨ی ئازاری ٢٠٢٥
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ لە دەباشان پێشوازی لە بەڕێز شێخ مادح شێخ عوسمان نەقشبەندی، کەسایەتی دیاری ئاینیی کوردستان و سەرپەرشتیاری خانەقاکانی نەقشبەندی کرد.
لە دیدارەکەدا، کە شێخ ئەحمەد حەمە کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی تێیدا ئامادەبوو، جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پەرەپێدانی گیانی پێکەوەژیانی ئاینی و ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکان، هەروەها پاراستنی بەها باڵا و پیرۆزەکانی ئاینی ئیسلام. هەروەها باس لە یەکخستنی هەوڵەکان کرا لەپێناو برایەتی و یەکڕیزی گەلی کورد و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە گرنگییەوە ئاماژەی بە رۆڵی ئەرێنیی شێخانی نەقشبەندی و مورید و شوێنکەوتووانیان کرد لە کاری چاکەکاری، خواپەرستی و بەهێزکردنی بیروباوەڕی میانڕەوی و پێکەوەیی رێبازەکان.
سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە چاوی ڕێزەوە لە تەریقەت، پیاوچاکان، زانایان و مامۆستایانی پایەبەرزی ئاینی، خانەقا و تەکێکان دەڕوانێت کە لە هەموو قۆناغەکاندا خزمەتی بەرچاویان بە گەلەکەمان و شۆڕشی کوردایەتی کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە رێبازی نەقشبەندییەکان خاوەن تەریقەتێکی مرۆڤ دۆستانە و کراوەن کە چاکەیان بەسەر هەمووانەوە هەیە و بە پێزانینەوە لێیان دەڕوانرێت.



