کوردستانکوردستان

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هاوڵاتییانی مەدەنیی لە بەنداوی تشرین دەكەنە ئامانج  و هەسەدەش دەڵێت چەند ئۆپەراسیۆنێكیان دژی سوپای توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانی ئەنجام داوە و كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە.

میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردووەتەوە، سوپای توركیا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی كردووەتە ئامانج كە بۆ پارێزگاری لە بەنداوەكە وەك قەڵغان چالاكیی دەكەن و ژمارەیەكیشیان برینداربوون.

21 چەكدار و چوار سەربازی توركیا برینداربوون

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ش بڵاویكردەوە، لە چەند چالاكییەكی شەڕڤاناندا لە دەوروبەری مەنبج 17 چەكداری سوری كوژراون و 21 چەكدار و چوار سەربازی توركیاش برینداربوون و سێ زرێپۆشیش لە لایەن شەڕڤانانەوە تێكشكێنران.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی ئەوەی هێرشەكانی توركیا دژی ناوچەكانی باكور  و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، شەڕڤانانیش دەستیان بە چالاكیی دژی سوپای توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانی دەستپێكردووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رایدەیگەیەنێت، تائێستا بەهیچ شێوەیەك لەنێوان یەكێتی و پارتی باسی دابەشكاری پۆستەكان نەكراوە، هەروەها هێشتا گرفتی تەكنیكی و سیاسی لەنێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و بەغدا ماوە".

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەموو ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان یەكێتی و پارتی دەكەن، دوورن لەڕاستییەوە و هەتا ئێستا لەهیچ كۆبوونەوەیەكدا یەكێتی و پارتی باسیان لە دابەشكاری پۆستە حكومییەكانی كابینەی داهاتوو نەكردووە.

راشیگەیاندووە، لەنێوان یەكێتی و پارتی لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ دارشتنی پرۆژەیەكی هاوبەش، بۆ شێوازی حكومڕانی لەهەرێمی كوردستان، هاوكات پاش ئامادەكردنی پرۆژەكە و پەسە ندكردنی لەلایەن هەردوولاوە، دواتر گفتوگۆی دابەشكاری پۆستەكان دەستپێدەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد: هێشتا گرفتی تەكنیكی و سیاسی لەنێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و بەغدا ماوە و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنیان و دەمانەوێت لەساڵی 2025 دا كۆتایی بە گرفتی مووچەخۆرانی هەرێم بهێنرێت.

"بڕیارە لەمساڵدا بەسیستمی (بەیڕۆڵ) دارایی هەرێم لیستی مووچە بۆ بەغداد ئامادە بكات، كە ئەمەش بەشێكە لەو هەوڵانەی جێگری سەرۆكی حكومەت كە لە ساڵی 2016 دا بۆ بە بایۆمەترییكردنی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجامیداوە و لەئێستادا سوود لەو سیستەمە وەردەگیرێت"، سەمیر هەورامی وادەلێت.

سەبارەت بە مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆرانی هەرێمیش وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم ئاشكرایكردووە، هەرچەندە دارایی عیراق دەڵێت مووچەی هەر 12 مانگەكەی ساڵی رابردوومان بۆ هەرێم ناردووە، لەبەرامبەریشدا دارایی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە مووچەی مانگی 12 نەنێردراوە، بەڵام گفتوگۆكان لەسەر ئەو پرسە لەنێوان هەردوولادا بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پارێزگاری سلێمانی رەتیدەكاتەوە لە سنووری پارێزگاکە هیچ پاڵاوگەیەكی نایاسایی بوونی هەبێت و دەڵێت: "هەر پاڵاوتگەیەكیش هەبێت یاسایین و لەگەڵ بنەما ژینگەییەكاندا گونجاون "

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەبارەی بوونی پاڵاوگەی نایاسایی لەسنووری سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، چەند جارێك بڵاومانکردۆتەوە لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵانی رابردوو تا ئێستاش بەپێی ئەو "كیۆماڵانەی" كە بەڕ‌ێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامیداوە، هیچ پاڵاوگەیەكی نایاسایی لە سنووری سلێمانی بوونی نیە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو پاڵاوگانەی لە ناوچەکەدا بوونییان هەیە، مەیدان و شوێنی تێكەڵاوكردن و دروستكردنی ئەو سێ جۆر بەنزینەیە كە لە بەنزینخانەكاندا دەفرۆشرێن.

 لەلایەکی دیکەشەوە، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، ئەو شوێنانەی تێكەڵكردنی بەنزینیان تێدا ئەنجامدەدرێت، بەپێی ئەو لیژنە بەدواداچوونەی كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رێنمایی بۆ دەركردوون و رێگایان پێدراوە، رێگا پێدانیش بۆ پاڵاوگەی نایاسایی لای ئێمە قەدەغەیە، ئەوەشی بەرهەمدەهێنرێت بە تایبەت لە ناحیەی عەربەت تەواو گونجاوە لەگەڵ بنەما ژینگەییەكانداو رێگەنادەین ژینگەی پارێزگاكەمان پیس ببێت

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆسرەت رەسوڵ عەلی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین عەلی حەوێز دەردەبڕێت و دەڵێت، "کاک عەلی حەوێز تێکۆشەرێکی ناسراو و کۆڵنەدەرو قارەمان بوو".

دەقی پرسەنامەکە

بەڕێزان خانەوادەو کەسوکاری تێکۆشەری دێرین عەلی حەوێز

بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی پێشمەرگەو تێکۆشەری دێرین، کەسایەتی دیارو ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاک (عەلی حەوێز)م بیست، دڵگران و خەمباری کردم.

کاک عەلی حەوێز تێکۆشەرێکی ناسراو و کۆڵنەدەرو قارەمان بوو، ژیان و گیانی خۆی بۆ خزمەتی کوردو کوردستان تەرخان کرد، رۆڵی دیارو بەرچاوی هەبوو لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد، بەداخەوە بۆ کۆچی دوایی و لەدەستدانی.

بۆ ئەم کۆستەو لەدەستدانی ئەم تێکۆشەرە، پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاراستەی کەسوکارو خانەوادەو هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکەم، هیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشیتان بێت، خوای گەورە سەبورری هەموو لایەک بدات و کۆچکردوو جێگای بەهەشتی بەرین بێت.

براتان

کۆسرەت رەسول عەلی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاڕاستەی کەسوکارو بنەماڵەی مامۆستا عەلی حەوێز   دەکات.

دەقی پرسەنامەکە:

 بەڕێزان کەسوکارو بنەماڵەی سەربەرزی مامۆستا عەلی حەوێز 

بەداخ و خەمێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەری کوردایەتی و ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسی هەڤاڵ مامۆستا ( عەلی حەوێز )مان پێگەیشت.

بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکارو بنەماڵە سەربەرزەکەیان دەکەم و هاوبەشی ماتەمیانم.

مامۆستا عەلی حەوێز، تێکۆشەری سەرەتاکانی شۆڕشی نوێی و یەکێتی و دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال و خەباتگێڕێکی هەرە دیاری ریزەکانی کوردایەتی بوو، کە مێژووی پاکی و خەبات و رۆڵی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی  گەلەکەمان بۆ هەمیشە جێگای پێزانین و شانازیمانە.

لەخوای گەورە داواکارین گیانی هەڤاڵی کۆچکردوومان بەبەهەشتی بەرین شادبکات، سەبووری و ئارامی بە هەموولایەک ببەخشێت.

دڵسۆزتان 

بافڵ جەلال تاڵەبانی 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تێكۆشەر و كەسایەتیی دیاری دەڤەری كۆیە و دۆستی دێرینی سەرۆك مام جەلال و ئەندامی پێشوتری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی هەڤاڵ (مامۆستا عەلی حەوێز)، بەهۆی نەخۆشیەوە لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.

بەو بۆنە خەمناکەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسەنامەیەکی  ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین مامۆستا عەلی حەوێز کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی: کەسوکار و بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین مامۆستا عەلی حەوێز

هەڤاڵانی یەکێتیی و پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ماڵئاوایی یەکجارەکی هەڤاڵ عەلی حەوێز ئەندامی هەرە پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانتان پێڕادەگەیەنین.

مامۆستا عەلی سەرکردە و خەباتگێرێکی دێرینی گەلەکەمان و یەکێتیی و شۆڕشی نوێ و هەڤاڵ و دۆستی نزیکی سەرۆک مام جەلال بوو.

هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە تێکەڵی خەباتی نەتەوایەتی و دیموکراتی گەلەکەمان بوو. لەسەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێشەوە بەوپەڕی لە خۆبردوییەوە وەک پێشمەرگە و خەباتگێری نەبەز و سەرکردەیەکی دیار و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەکەمان لەم کاروانە دوور و درێژەی خەباتی پێشمەرگایەتی  و رێکخراوەییدا رۆڵی جوامێرانەی گێڕاوە.

وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی دەڤەری کۆیە و تێکڕای کوردستانیش خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و ناو جەماوەر بوو.

بە داخەوە بە هۆی نەخۆشییەوە دوێنێ شەوی ١٧ لەسەر ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ لە شاری هەولێر لە نەخۆشخانە ماڵئاوایی یەکجارەکی لە هەڤاڵان و دۆستانیکرد و گەیشتە کاروانی نەمران.

بەم بۆنەیەوە مەکتەبی سیاسیی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی مامۆستا عەلی حەوێز و هەڤاڵانی یەکێتیی و خزمانی کۆیە دەکات.

لە خوای گەورە داواکارین  مامۆستا جێگەی بەهەشتی بەرین  بێت.

یاد و بیرەوەری هەمیشە لە دڵ و دەروونی هەڤاڵەکانی ، فەرماندە و تێکۆشەرانی کوردستاندا زیندووە و ناویشی لە تۆماری شۆرشی نوێ و کاروانی خەباتدا درەوشاوە بێت.

نەمری بۆ مامۆستا عەلی حەوێز و گشت شەهیدان و گیانبازانی یەکێتیی و تێکەڕای شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تائێستا لیستی مووچەی مانگی یەك ئامادە نەكراوە، بەغداش دەڵێت، تاكو 20 ی مانگ  دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكەن. 

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوز رایگەیاند، تاكو دوای تەواوبوونی دەوامی رەسمی رۆژی پێنج شەممە، هیچ ئامادەكارییەك بۆ ناردنی لیستی موچەی مانگی یەك بۆ بەغداد نەكراوە، دیاریش نییە ئەم هەفتەیە لیست ئامادە بێت و رەوانە بکرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە دەبێت هەرێم هەموو مانگێك تاكو 15 ی مانگ لیستی موچە ئامادە بكات و رەوانەی بەغدادی بكات، ئەوە جگە لەوەی كە حكومەتی هەرێم موچەی مانگی 12 شی دابەشنەكردووە و داوای پارە لە بەغداد دەكات، لەبەرامبەریشدا بەغدا دەڵێت، پارەی موچەی مانگی 12 یان رەوانە كردووە. 

لەلایەكی ترەوە میدیاكانی عیراق لە زاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق بڵاویانكردەوە، تاكو 20 ی مانگ دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی یەك دەكەن و ناهێڵن موچە دوابكەوێت. 

سەبارەت بە موچەی هەرێمیش سەرچاوەكە رایگەیاندوە، دەكرێت موچەی هەرێم بەشێوەی سلفە رەوانە بكرێت تاكو ئەو كاتەی هەردولا دەگەنە رێكەوتن سەبارەت بەوەی ئایا ناردنی موچەی هەرێم هاوشێوەی ساڵی رابردوو دەبێت یان رێكکەوتنی نوێ دەكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە هەوڵی وەزیری دادی عیراق، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لیژنەیەک بۆ تاپۆکردنی زەوییە زیادەڕۆکانی کەرکوک پێکدەهێنرێت.

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بە پشگیری محەمەد شیاع سودانی و بە هەوڵەکانی وەزیری داد،  ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ژمارە 30 پەسەند كرد بۆ تاپۆکردنی زەوییە زیادەڕۆکانی کەرکوک.

‎بەپێی ئەو نوسراوەی کە بڵاوکراوەتەوە، بڕیاردراوە لیژنەیەك لە هەریەك وەزارەتی شارەوانی و پلاندانان و پارێزگای كەركووك ودەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان، بۆ چارەسەر كردنی زیادەڕۆکانی كەركووك پێکبهێنرێت.

لەنوسراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە،  لیژنەكە پێویستە لە ماوەی 90 ڕۆژدا راسپاردەكانی بخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت، چی تر رێگە نادرێت کەیسی سزادراوان و بەساڵاچووان و منداڵی خانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بڵاوبکرێتەوە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاساییان دەگرنەبەر.

وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت کەیسی سزادراوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی کۆمەڵایەتی لە کەناڵەکانی راگەیاندن نیشانبدرێن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت، بەپێچەوانەوە رێکاری کارگێری و یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها رێگە نادرێت منداڵی خانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیان لە کەناڵەکانی راگەیاندن نیشان بدرێن، هاوکات رێگە بە هیچ هونەرمەند و رۆژنامەنووس و کەسایەتییەکی ناو سۆشیاڵ میدیا نادرێت بە مەبەستی رێکلام و بانگەشەی کەسی لەناو خانەکان ڤیدیۆ بگرێت و بڵاویبکاتەوە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

سەبارەت بە کەیسی خانەکانی بەساڵاچووان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختیکردەوە، رێگە نادرێت چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت و لە کەناڵەکانی راگەیاندن نیشان بدرێت، تەنها بەویستی خۆیان نەبێت، ئەویش پێویستی بە نوسراو و ئیمزای ئەو بەساڵاچووە هەیە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 11 ملیار و 580  ملیۆن دینارە، بەراورد بە هەفتەی رابردووش چوار ملیار دینار زیادیكردووە.

ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتیی لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان دەكات بڵاویكردەوە، داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیە لە رۆژی 11ـی مانگ تاكو 17ـی مانگ، 11 ملیار و 580  ملیۆن دینار بووە، رێژەی لە 87%ـی ئەو بڕە نەختینە و %13ـی چەك بووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی پێشوو چوار ملیار دینار زیادیكردووە.

هاوكات بەپێی ماڵپەری شەفافیەت، داهاتی نانەوتی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 2024دا، زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ڤیكتۆریا تایلۆر، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی نزیک و وەفدێکی یاوه‌ری كرد.

لە دیدارەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەبوو، دۆخی هەرێمی كوردستان و عیراق و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە جەختیلێكرایەوە.

لەدرێژەی دیدارەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەتی یەكێتی و هەوڵەكانی بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان روونكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، پابەندین بە پاراستن و بەرگریكردن لە ماف و بژێویی ژیانی خەڵكەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا لە هەوڵەكانمان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر بەردەوامین و دەمانەوێت یەكسانی و هاوبەشیی راستەقینە بنەماكەی بێت. دەمانەوێت هەموومان بەرپرسیارانە و دوور لە هەموو ناكۆكییەك خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین و هەرێمەكەمان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیریی زیاتر ئاڕاستە بكەین.

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی مووچە و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان سەرۆك بافڵ رایگەیاند، داوای پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكەین و دەمانەوێت ئەم كێشەیە چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە، ناكرێت بەردەوامیی بەم دۆخە بدرێت و ژیانی خەڵك تێكەڵی ململانێكان بكرێت، ئەم پەیامەشمان بەهەموولایەك گەیاندووە.

دۆخی سووریا و رۆژئاوای كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ رایگەیاند، هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی سووریا بووە و جەختمان لە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ كردووەتەوە بەتایبەت لەگەڵ كورد كە قوربانییەكی زۆریان بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری داوە.

سەرۆك بافڵ وتیشی، یەكگرتوویی و یەكگوتاریی كورد لە سووریا بەشێكی گرنگی هەوڵەكانمان بووە و هەوڵمانداوە هەمووان بە ستراتیژێكی هاوبەشەوە هەنگاوبنێن، بەخۆشحاڵییەوە سەركەوتووبووین و لەداهاتوودا ئەنجامەكەی رووندەبێتەوە.

لە بەشێكیتری دیدارەكەدا پرسی وزە گفتوگۆی وردی لەبارەوەكرا و لەو رووەشەوە سەرۆك بافڵ هەڵوێستی یەكێتی روونكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا سەبارەت بەم پرسە پەیڕەوكراوە سەركەوتوو نەبووە، بۆیە دەمانەوێت لەداهاتوودا بە ستراتیژێكی نوێوە ئەم كەرتە بەڕێوەببەین و ببێتە مایەی پێشكەوتن و ئاوەدانیی وڵاتەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێككەوتنێكی هاوبەش و هەمووان پێكەوە خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ساڵی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دینار زیان بەر كێڵگە پەلەوەرییەكان گەیشتووە، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش دەڵێت: نەخۆشی و رێگریكردن لە ناردنی بەرهەمەكان بۆ عیراق هۆكاری زیانەكانن

نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، لە 2024دا بەهۆی نەخۆشی و رێگریكردن لە نەڕۆشتنی بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكان بۆ پارێزگاكانی عیراق، خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دینار زیانیان بەركەوتووە.

وتیشی، حكومەتی هەرێم سوتەمەنی و كارەبا و ڤاكسین و عەلەف بۆ كێڵگەكە دابین ناكات، بەهۆیەوە نرخی پێداویستییەكان لە بازاڕدا زیادی كردووە و زیانێكی ترە بۆ خاوەنی كێڵگەكان .

راشیگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نەخۆشی لە كێڵگەكان بڵاوبوەتەوە، بە جۆرێك 50%ی بەرهەمی مریشك لەناوچووە.

نازم عەبدوڵا لە رێگەی كوردسات نیوزەوە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات گرنگی بەو كەرتە بدات و پشتگویی نەخات. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ( ئێکس) بڵاویكردەوە " لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوار شەممە كراوە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی دانوستانی نێوان یەكێتی و پارتی باسكراوە".
لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، وەفدی دانوستانكار و تەكنیكی یەكێتی و پارتی پێنج جار لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كۆبوونەتەوە، لیژنە تەكنیكییەكان رەشنوسی رێككەوتنی پێكهێنانی هەردولا بۆ پێكهێنانی حكومەت ئامادە دەكەن.
پێشتریش سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاندبوو، لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە لە حكومەتدا، گفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێكردووە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکەم کاروانی نەوتی سپی لەلایەن بەغداوە گەیشتە پارێزگای هەولێر، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش ئاشکرایکرد، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەر یەک لە پارێزگه‌کانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بە چەند وەجبەیەک نەوتی سپیيان بۆ بێت.

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دابينكردنى كاروانى یەکەمی نەوتی سپيی پاڵپشتيكراو، لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵه‌وه‌ بۆ پارێزگه‌ی هەولێر دەستی پێ کرد و بڕیاریشە هه‌ر ئه‌مڕۆ یان سبه‌ى هه‌ينى، بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکانی هەر یەک لە پارێزگه‌کانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بە چەند وەجبەیەک نەوتی سپیيان بۆ بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی نەوتی عیراق تەنیا رەزامەندی لەسەر 19٪ ی پشکی پارێزگه‌کانی هەرێم لەو نەوتە داوە، کە بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر خێزانەکانی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دابەشی دەکات. 

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆکان، وەکوو هەنگاوی یەکەم نه‌وتەکە‌ بەسەر هاووڵاتيیانى ناوچە شاخاوییەکان دابەش بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە مەبەستی زیاتر رێکخستنی ئەرک و کارەکانی راگەیاندن و کۆنترۆڵکردنی ئەو بەربڵاوییە لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و نمایشکردن بە جل و بەرگی سەربازی بە شێوەیەکی نادروست،وەزارەتی پێشمەرگە هەموو جۆرە پۆست و نمایشکردنی بەجلی سەربازیەوە قەدەغەکرد.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ لەراگەیندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەموو جۆرە پۆست و بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە نمایش و خۆ دەرخستنێک بە شێوەیەک چالاکی کەسی ئەفسەر و فەرماندە و پێشمەرگە بە جلی سەربازی، لە بنکە و بارەگا سەربازییەکان کە زیان بە شکۆ و کەسایەتی فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەگەیەنێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا قەدەغەیە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هەواڵگری پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان بەدواداچوون بۆ پەیجە فەیک و نادیارەکان بکەن کە سوکایەتی بە ناو ناوبانگی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان دەکەن، ئەگەر کەسانی سەربازی بن بە پێی یاسای سزدانی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەگەر کەسانی مەدەنی بن لە رێگەی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان، لەبارەی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەگەڵ نوێنەری وڵاتان کۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و باسی شایستە داراییەكان و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم کراوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدی دانوستانكاری هەرێم سەردانی بەغداد بكەن و لەگەڵ بەرپرسانی عیراق گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی هەرێم بكەن، بە تایبەت كێشە داراییەكان.

لەئێستادا بەغداد و هەرێم لێدوانی پێچەوانە و دژ بەیەک دەدەن لەبارەی بودجەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم رەتی دەکاتەوە ئەو ژمارانەی بەغداد باسی دەکات لەبارەی ناردنی بەشەبودجەی هەرێم و موچەی موچەخۆرانەوە راست بێت، بە جۆرێک هەفتەی رابردوو راگەیەنراوێکی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردەوە و بە ژمارە بڕی ئەو پارانەی خستە روو کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا عیراق بۆ هەرێمی ناردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...255256257258259...958