بۆ پێنجەم جار وەفدی باڵای دانووستانكاری یەكێتی و پارتی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوە و گەیشتنە دواڕەشنووسی دیدگای هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو، كە دەبێتە ئامرازێك بۆ پێكهێنانی حكومەت.

كۆبوونەوەی وەفدی باڵای دانووستانكاری یەكێتی و پارتی لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو و بەگوێرەی راگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەكەش، كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە و تێیدا، هەردوولا گەیشتنە دواڕەشنوسی دیدگای هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووم كە دەبێتە ئامرازێك بۆ پێكهێنانی حكومەت و دامەزراوەكانی تر و هاوكات، باشتر خزمەتكردنی هاوڵاتیان.

هاوكات، پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، یەكێتی و پارتی گەیشتوونەتە دوایین وردەكارییەكانی رەشنووسی ستراتیژی نێوانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و چاوەڕوان دەكرێت، لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی وەفدی باڵای دانووستانكاری هەردوولا، گفتوگۆ لەبارەی دابەشكردنی پۆستە حكومییەكان بكرێت.

رۆژی یەكشەممەی رابردوو بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پیرمام كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و دواتریش رایانگەیاند، كۆبوونەوەكەیان ئەرێنی بووە