کوردستانکوردستان

کەشناسی هەرێم بڕی باران بارینی 12 سەعاتی رابردووی بڵاوکردەوە، کە زۆرترین بڕی باران بارین لە سنووری دەربەندیخانە و بڕەکەی 10.0 ملم بووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم  رایگەیاند، زۆرترین بڕی باران بارینی 12 سەعاتی رابردوو لە دەربەندینا بووە کە بڕەکەی 10.0 ملمە، هاوک کەمترین بڕیش لە چەمچەماڵ بووە کە بڕەکەی 0.1 ملمە.

ئاماژەی بەوەسکردووە، لە سلێمانی بڕی 3.4 ملم و لە هەڵەبجە 4.2 ملم باران باریوە.

کەشناسی هەرێم راشیگەیاندووە، ئەم شەو ئاسمانی ناوچە شاخاویەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی هەرێم هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی بەفر لە سەر لوتکەی شاخە بەرزەکانی ئەو ناوچانەو ئەگەری بارینی نمە بارانێکی کەم هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەبۆنەی سەرکەوتنی پلانەکان  بۆ یادی نەورۆز، قائیمقامی سلێمانی پەیامی پیرۆزبایی و سوپاسگوزاری بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: رۆژی نەورۆز و کردنەوەی ئاگر بەسەرکەوتویی و بەبێ هیچ روداوێکی نەخوازراو ئەنجام درا.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی، دوای ئەوەی پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی کوردی کرد، دەستخۆشی لە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و لایەنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان کرد کە سەرەڕای زۆری چالاکییەکان و کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان و گەشتیاران لە چەند شوێنێکی جیاواز، تەواوی مەراسیمەکانی رۆژی نەورۆز و کردنەوەی ئاگر بەسەرکەوتویی و بەبێ هیچ روداوێکی نەخوازراو ئەنجام دران.

ئاوات محەمەد راشیگەیاندووە، سەرباری هۆشیاری و دڵسۆزی هاووڵاتیانی شارەکەمان، هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تەواوی فەرمانگەکان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە وەکو یەک تیم کاریان کردو رێگەیان نەدا روداوی نەخوازراو دۆخی چالاکییەکان و دڵخۆشی هاووڵاتیان تێک بدات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها دوو روداوی هاتوچۆ تۆمارکران کە رێکاری پێویستیان لەگەڵ گیراوەتەبەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوسەرۆكی دەمپارتی لە وتاری ئاهەنگی نەورۆزدا لە ئامەد رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی بەرەو چارەسەرێكی مێژوویی دەچێت.

لە ئامەدی باكووری كوردستان رێوڕەسمی ئاهەنگی نەورۆز بە ناونیشانی سەركردایەتی ئازاد، كۆمەڵگەی دیموكراتی، بە بەشداری زیاتر لە یەك ملیۆن كەس بەڕێوەدەچێت.

تونجەر باقرخان هاوسەرۆكی گشتی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان- دەم پارتی لە وتاری ئاهەنگی نەورۆزدا رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی بەرەو چارەسەرێكی مێژوویی دەچێت، كورد و تورك دەتوانن داهاتوویەكی هاوبەشیان هەبێت.

ئەمساڵ ئاهەنگ گێڕان بۆ جەژنی نەورۆز جیاواز بوو، بەهۆی هەبوونی پرسی ئاشتی لە باکووری کوردستان و رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە رۆژئاوا، لە رۆژهەڵاتیش لەدوای خۆپیشاندانەکان و تاڕادەیەک گۆڕانکاریی لە بارودۆخی ناوچەکە و هەبوونی سەرۆک کۆمارێکی کورد، لە هەرچوار پارچەی کوردستان بە گەرموگوڕی و بە ئاهەنگی گەرەوە پێشوازی لە ساڵی نوێی کوردی و نەورۆز کرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ ٢١ی سێ، یەکەم رۆژی ساڵی نوێی کوردی و وەرزی بەهارە، ئەو رۆژەیە کە کوردەکان جەژنی تێدا دەگێڕن و ناویان ناوە نەورۆز کە ناوە بنەڕەتییەکەی 'نورۆژ'ـە و لەگەڵ گۆکردنی وشەکە و سەردەمدا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

ئەمڕۆ یەکەم رۆژی چوونە ناو ساڵی 2725ی کوردییە، لە مانگە کوردییەکانیشدا دەبێت بە ١ی خاکەلێوە، ئەو مانگەی تیایدا خاک وەک لێوەکان دەمدەکەنەوە و گژوگیا سەر دەردەهێنن.

 

نەورۆز و جەژنی کۆتاییهاتنی سەرما و ژیانەوە

بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی خاکی کوردستانەوە، کە سروشتێکی چیایی هەیە و بەروونی هەر چوار وەرزی ساڵی تێدا دەردەکەوێت، چوونە ناو وەرزی بەهاریش مژدەی نەمانی سەرماسۆڵەی زستان و پێگەیشتنی بەروبومی نوێ و زۆربوونی خۆراک بووە، بۆ ئەوەش هەر لە سەردەمی ژیان لەناو زنجیرەچیاکانەوە تاوەکو شارستانییەتە جیاوازەکان، ئاهەنگیان گێڕاوە و ناویان ناوە سەری ساڵ و رۆژێکی نوێ، کە بۆ مرۆڤی ئەو کاتە دەستکەوتنی خۆراک ئامانجی سەرەکی بووە و وەرزێکیش تیایدا خۆراک و بەروبوم زیاد بکات و کەشوهەوا خۆش ببێت بە سەری ساڵ و چوونە ناو ساڵی نوێیان داناوە، کە دواتریش لەگەڵ هاتەخوارەوەی مرۆڤ لە چیاکان و جێهێشتنی قۆناغی ژیان لەناو ئەشکەوتەکان، شێوەی ئاهەنگ گێڕان بۆ ئەو سەری ساڵ و رۆژە نوێیەش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

 

وەرزی بەهار و ژیانەوەی گژ و گیا و گەشانەوەی خاک

لە رۆژی 21ی مانگی سێ، هەندێک ساڵیش لە 20 بە دەگمەنیش هەندێک ساڵ 22ی مانگی سێدا، زەوی لە کاروانی خولانەوەی بە دەوری خۆردا، دەگاتە خاڵی (هاوسەنگبوونی بەهاریی) (Vernal Equinox) ـە، كە لە هەمان كاتدا مانای نیمچەیەكسانبوونی تەواوی ماوەی نێوان شەو و رۆژ بۆ ١٢ بە ١٢ كاتژمێر دەگەیەنێت.

لە خاڵی هاوسەنگبوونی بەهاریدا، تیشكی خۆر بە شێوەیەكی ٪١٠٠یی دەكەوێتە سەر (هێڵی یەكسانی)، چونكە بەپێی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بەدەوری خۆردا بە ئاستی ٢٣ پلە، تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات و لاربوونەوە و ستوونبوون لەسەر هەردوو نیوەگۆیەكانی باكوور و باشووردا بەخۆیەوە دەبینێ، بەمەش گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرمادا روودەدات و ماوەی شەو و رۆژ درێژبوونەوە و كورتبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن. بەو شێوەیە، لە نیوەگۆی باكووردا (وەرزی بەهار) دەست پێدەكات و لەهەمان كاتدا (یەكسانبوونی پاییزی) لەنیوەگۆی باشووردا دەست پێدەكات، واتە لە وڵاتەكانی باشووری هێڵی كەمەری زەوی دەستپێكی پاییزە.

لە ساڵنامەی کوردیدا بە مانگی نەورۆز یان خاکەلێوە ناو دەبرێت، کە لەومانگەدا خاک وەک لێوەکان دەکرێنەوە و بەپیت دەبن، بەروبومەکان پێدەگەن و گژوگیا سەردەردەهێنن.

لەلایەکی دیکەوە ئاماژەیە بۆ تەمەنی ساوای سەوزایی و تازە سەوزبوونی دەشتودەر، کاتێک کە ئاژەڵەکان بۆ لەوەڕ دەم دەبەن بۆ گژوگیا، گیاکان هێندە ساوان؛ لێویان بەر خاک دەکەوێت.

بەوجۆرەش ئەو گۆڕانکارییە لە وەرزدا گرنگی خۆی هەبووە بۆ مرۆڤەکانی سەردەمی کۆن کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، دواتریش بۆ ئەو مرۆڤانەی سەرقاڵی کشتوکاڵ کردن بوون. بەوپێیەشی کوردستان لە مێژووی کشتوکاڵیدا پێشەنگە و یەکەم بەڵگەی کشتوکاڵکردن و دۆزینەوەی کشتوکاڵ لەسەر ئەم خاکە بووە، ناکرێت نەورۆز لەم خاکە داببڕینرێت.

لە مێژوودا هیچ نەتەوەیەک هاوشێوەی کورد نەورۆز بە بوونیەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵگەنامە مێژووییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە بەدەر لە مێژوونووسانی ناوخۆ، چەندین مێژوونووسی بیانی بە بەڵگە ئەوەیان سەلماندووە.

 

جەژنی نەورۆز لە بەڵگەنامە مێژووییەکاندا

چەندین بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر سەرهەڵدانی جەژنی نەورۆز و ئاهەنگ گێڕان بەو بۆنەیەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، سەرجەم چیرۆک و گێڕانەوە و ئەفسانە و بەڵگەنامە مێژووییەکان، بنەڕەتەکەیان دەگەڕێتەوە سەر یەک خاڵ.

خەسرەو جاف بیرمەند و نووسەری کورد ئەوەی خستووەتە روو، زیاتر لە پێنج بۆ شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر لەسەر زەوی کەش ساردتر بووە، پێشتریش لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدا کاتێک مرۆڤەکان ژیاون، ئەو زنجیرە چیایانە لوتکەی سەرما بوون و لەگەڵ وەرزی زستاندا ترسی سەرما و دەستنەکەوتنی خۆراک ترسی خستووەتە دڵیانەوە.

گۆڕانکاری لە وەرز و توانەوەی بەفر، دزەکردنی ئاو و چرۆکردنی دارەکان، موژدەی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی ژیان بووە بۆیان، وەک هێمایەکیش بۆ ئاگادارکردنەوەی یەکتر، ئاگریان لەسەر لوتکەی شاخ و چیاکان کردووەتەوە، بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی کە جارێکی دیکە رزگاریان بووە و کۆتایی بە سەرمای سەخت هاتووە.

لەگەڵ هاتنەخوارەوەی مرۆڤ لە چیاکان و دەستپێکردنی قۆناغی کشتوکاڵ و تاوەکو جیابوونەوەی شارستانییەتەکان، تەنانەت بە درێژایی ئەو مێژووە چەند هەزار ساڵییە تاوەکو ئەمڕۆ، گۆڕانکاریی بەسەر شێوەی ئاهەنگ گێڕان بۆ نەمانی ئەو سەرما و سۆڵەیە و دەستپێکی وەرزی بەهاردا هاتووە.

هەر سەردەم و قۆناغێک بەپێی گۆڕانکارییەکان لە پەرەسەندنی مرۆڤ و گۆڕانی دەسەڵاتەکان و بارودۆخی سیاسی جێپەنجەیان بەسەر ئاهەنگ و جەژنی نەورۆزەوە جێهێشتووە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەو جەژنە رەسەنایەتی خۆی لەدەست نەداوە و یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکان لەسەر زەوی کە تاوەکو ئێستاش بە زیندوویی یادی دەکرێتەوە.

بەپێی وتەی مێژوونووسان نەورۆز پەیوەستە بەو دۆخە جوگرافیی و گۆڕانی وەرزەوە، پەیوەندی بەو ئەفسانانەوە نییە کە بۆی داتاشراون، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی شارستانییەتەکاندا هاوشێوەی چەندین بۆنەی نەتەوایەتی و تەنانەت ئایینی دیکە، چیرۆک و ئەفسانەی خراوەتە پاڵ، کە ئەفسانەکانیش بەشێکن لە مێژوو و بەڵگەی شارستانیی بوونی نەتەوەکانن.

 

سۆمەرییەکان و جەژنی نەورۆز

سۆران حەمەرەش مێژوونووسی کورد بەڵگەی مێژوویی لەبارەی جەژنی نەورۆزەوە خستووەتە روو و باس لەوەدەکات، زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر سۆمەرییەکان نووسینیان داهێناوە و لەوکاتەشدا بە بەڵگە جەژنی نەورۆزیان تۆمارکردووە، کە هەمان جەژنیان بە ناوی 'زاکموک' گێڕاوە، کە ماناکەی دەبێتە سەرەتای ساڵ.

لەوکاتەدا بە (ئێزن سەر سەواڵە- بە واتای جەژنی سەری ساڵ)ش ناوی هێنراوە.

ئەگەرچی نەورۆز بەستراوەتەوە بە ئەفسانەی کاوە و زوحاکەوە، بەڵام ئەفسانە بەشێکی گرنگی هەر شارستانییەتێکە و هیچ شارستانییەتێک تەنانەت بەشێکی ئایینەکانیش خۆیان لە ئەفسانە لانەداوە. ئەفسانەی کاوە و زوحاکیش رەچەڵەکێکی کۆنی هەیە و هەرلەخۆوە سەری هەڵنەداوە، بەڵکو سۆمەرییەکانیش ئەو ئەفسانەیەیان لەگەڵ هاوکاتی نەورۆزدا تۆمارکردووە و دەماودەم گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

 

ئەفسانەی کاوە و زوحاک و نەورۆز

ئەفسانەی کاوە و زوحاک باس لەوەدەکات، کە زوحاک پاشایەکی زۆردار بووە و دوومار لەسەر شانەکانی بوون، رۆژانە مۆخی دوو گەنجی داوە بە مارەکان، ئەو کەسەشی بەرپرس بووە لە کوشتنی ئەو گەنجانە، رۆژانە گەنجێکیانی ئازادکردووە و مۆخی گەنجەکەی دیکەشی لەگەڵ مەڕێکدا تێکڵ کردووە، دواتر کاوە کە چەند کوڕێکی بوون بە قوربانی دەستی زوحاک، هەڵدەستێت بە کوشتنی زوحاک و بۆ گەیاندنی ئەو هەواڵە خۆشەش بە خەڵک، ئاگری لەسەر چیاکاندا کردووەتەوە.

پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر سۆمەرییەکان بە بەڵگەی نووسراو، بەدەر لە لافاوە گەورەکە و رزگارکردنی مرۆڤایەتی، ئەفسانەی کاوە و زوحاکیشیان بەستووەتەوە بە نەورۆزەوە، کە لە ئەفسانەکەی سۆمەرییەکاندا زوحاک بە "ئازاگ، ئازاگو، ئەژدەهاگ، ئەزدیهاگ" و کاوەش بە نینورتا ناوی هێنراوە.

نینورتا خوداوەندی خەڵکی جوتیار بووە و لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە گورزێکی بەدەستەوەیە. لە ئەفسانەکەشدا نینورتا یان ئەژدیهاکوژ، ئازاگی ئەژدیها لەناودەبات.

لە سەری ساڵ و جەژنی نەورۆزدا سۆمەرییەکان سەرلەنوێ پاشایان داناوەتەوە کە بەشێکی گرنگی جەژنی نەورۆز بووە، دواتر تاوەکو چەند ساڵی کۆتاییش ئەو نەریتە ماوەتەوە و بە 'میرنورۆژی' ناوی براوە. کە لەوکاتەدا پاشا بە دەستی خۆی ئاگری کردووەتەوە وەک سومبولێک بۆ دوورخستنەوەی روحی خراپ و خۆپاک کردنەوە و دووبارە ژیانەوە و دەست پێ کردنەوە.

میرنەورۆزی لە مەهاباد و سەردەشت و بۆکان و خوراسانیشدا هەبوو و تەنانەت بەڵگەنامە هەیە کە 'میرنورۆژی' زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر لە شاری سلێمانی تۆمارکراوە، رێورەسم و ئاهەنگی تێدا سازدراوە و خواردن ئامادەکراوە و چەندین بڕیاری گرنگیش هەر لەو رۆژەدا دراوە.

 

بەڵگەنامەی مێژوونووسان

سۆران حەمەرەش ئاماژەی بەوەشکردووە، مێژوونووسی دیاری کورد 'ئەبو حەنیفە دینەوەری' کە خەڵکی دینەوەری کرماشان بووە و لە ٨٢٨ی زایینیدا لەدایکبووە، لە بەڵگەنامە مێژووییەکانیدا نەورۆزی بەستووەتەوە بە سەرەتای شارستانییەتی مرۆڤایەتی و سەردەمی دوای لافاوەکەوە، کە بەهەمان شێوە سۆمەرییەکانیش ئاماژەیان بە سەردەمی دوای لافاوەکە و دابەشبوونی شارستانییەتەکان داوە.

دینەوەری ئەوەی خستووەتە روو، یەکەم پاشا کە نەوەی نوح بووە و پاشایەتی داناوە جەمی کوڕی یۆنجەهانی کوڕی ئەربەشاد بووە.

زاناکان باس لەوەدەکەن، بەپێی بەڵگەنامەکان و پاشماوەی کەشتییەکەی، نوح زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤایەتی رزگار کردووە و لە شاخی جودی گیرساوەتەوە، کە نوێترین توێژینەوەی جیهانیی باس لەوەدەکات، ئەو بابلەی نوحی لێ گیرساوەتەوە، دەکەوێتە سەرەوەی کوردستان لە سنووری دەستکردی نێوان عیراق و سوریا و تورکیا.

دینەوەری دەڵێت، ئەو نەوەیەی نوح نەورۆزی کردووە بە جەژن و ئاهەنگیان تیادا گێڕاوە، کە لەو سەردەمەدا مرۆڤ بە یەک زمان قسەیان کردووە و دواتر زمانەکان جیا بوونەتەوە و مرۆڤەکان چونەتە ناوچەی جیاوازەوە نیشتەجێ بوون.

لەلایەکی دیکەوە ئەولیا چەلەبی کە گەڕیدە و جوگرافی ناس و مێژوونووسێکی عوسمانی بوو، ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەیبەستێتەوە بە سەرەتای دروستبوونی شارستانییەت و دروستبوونی پاشایەتییەوە، کە دەڵێت: بەپێی مێژوونووس مەقدیسی شاری جودی یەکەم شار بووە دوای لافاوەکەی نوح دروستکراوە، دواتر قەڵای سنجار و مەیفاریقین، لەلایەن مەلیک کوردیم پاشای کوردان کە سەر بە کۆمەڵگەی پێغەمبەر نوح بووە دروستکراوە، کە بە لایەنی کەمەوە ٦٠٠ ساڵ ژیاوە و تەواوی کوردستان گەڕاوە، دواتر کەشوهەوای شوێنەکەی بەدڵ بووە و لە مەیفاریقین نیشتەجێ بووە و منداڵی زۆری خستووەتەوە.

دەشڵێت، ئەو پاشایە زمانێکی داهێناوە جیاواز بووە لە عیبری، ئەو زمانە نە عیبرییە و نە عەرەبی و فارسی، نە دەری و پەهلەوی و پێی وتراوە زمانی کوردیم 'کوردان'. چونکە خاکی کوردستانیش خاکێکی رەقانی و چیاییە، بەلایەنی کەمەوە بە ١٢ جۆری جیاوازی کوردی قسە دەکرێت و لە گۆکردن و وشەسازیدا جیاوازن.

بەشێک لە دەقە عیبرییە دێرینەکان ئەوە دەخەنە روو، ئەربەشاد پاشایەکی ئەفسانەیی ماد بووە، کە دەکاتە باپیری ئەو پاشایەی نەورۆزی کردووە بە جەژن.

تۆماس بوای توێژەری فەرەنسی لە ساڵی 1962 دا لە کتێبێکیدا بە ناوی “the kurd” جەژنی نەورۆزی بە "نورۆژ" ناو بردووە.

ئەبومەجید تەورێزی، کە تەورێز ئێستا دووەم شاری گەورەی ئێران و ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێرانە، پێشتر شارێکی کوردی بووە و بە (کوردستان و کوردیان) ناوی هێنراوە، لە کتێبی سەفینەی تەورێزدا لە ساڵی 1321 بۆ 1323دا نەورۆزی بە 'نورۆژ' ناو هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە عەلائەدین شای بوخاری زیاتر لە 700 ساڵ بەر لە ئێستا بە بەڵگە باس لە رێساکانی نەورۆز دەکات، ئەمەش بەو واتایە دێت کە نەورۆز رێسای تایبەت بە خۆی هەبووە.

هاوکات، 600 ساڵ بەر لە ئێستا شاوەیس قولی کەسایەتی یارسانی کە لە ساڵی 1407 لە نزیک مەریوان لەدایک بووە لە هۆنراوەیەکدا باس لەوە دەکات کە بنەچەی کوردە و باس لە لەناوبردنی سوپای ئەژدەهاکیش دەکات.

 

جەژنی نەورۆز لە سەردەمی دەسەڵاتی موسوڵمانەکاندا

لە سەردەمی ئومەوی و عەباسییەکاندا ئاهەنگی جەژنی نەورۆز گێڕدراوە و میرەموسوڵمانەکان بەشداربوون لە بڵاوکردنەوەی جەژنەکەدا.

بەپێی بەڵگەنامەکانی سۆران حەمەرەشی مێژوونووس هەر بۆنموونە، لە ئەندەلوسی ئیسپانیا، زەریابی مۆسیقاناسی کورد "789-858'، کە چووەتە ئەندەلوس و عەبدولرەحمانی دووەمی میری ئومەوی موچەی مانگانەی بۆ بڕیوەتەوە، کە بەدەر لە موچەی مانگانەی خۆی لە هەریەک لە جەژنەکانی ئیسلام و جەژنی نەورۆز و میهریدا جەژنانەشی وەرگرتووە.

لە سەردەمی عوسمانییەکانیشدا لە نەەورۆزدا شیرینی تایبەت بە نەورۆزیان بەخشیوە و تەنانەت بڕیاری گرنگیان لەو رۆژەدا داوە و خەڵکی نوێیان هێناوەتە سەر کار. شاعیرەکانیش لەو رۆژەدا هۆنراوەی تایبەتیان بۆ سوڵتان دەنووسی.

لە دیوەخانی خەلیفەی عوسمانیشدا بە "نەورۆزی پیرۆز" ناوی هێنراوە.

هەریەک لە شاعیران و زانایانی ئایینیش بە گرنگییەوە لە نەورۆزیان روانیوە و هۆنراوەیان بۆ نووسیوە و باسی ئەو دەستپێکە نوێیەیان وەک ساڵێکی نوێ کردووە، وەک ئەحمەدی خانی و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و مەلای گەورەی کۆیە و چەندانی دیکە.

ئێستا نەورۆز بەدەر لە کوردستان لە چەندین وڵاتی دیکەی دنیا یادی دەکرێتەوە وەک، روسیا، ئەفغانستان، تاجیکستان، قیرقستان، ئازەربایجان.

لە ساڵی ٢٠١٠دا، نەورۆز لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە بڕیارنامەیەکدا راگەیەنرا و داواش لە وڵاتان کرا، کە هانی هاوڵاتییانیان بدەن بۆ گێڕانی ئاهەنگ و یادکردنەوەی ئەو رۆژە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردییەوە، سەرۆك كۆماری عیراق دەزگای میدیایی كوردساتی بەسەركردەوە و پیرۆزبایی نەورۆزی لە بەڕێوەبەر و كارمەندانی دەزگاكە كرد.

د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ دەزگاکە رایگەیاند، كوردسات هەنگاوی باشی بۆ خزمەتكردنی كلتور و دابونەریتی كوردەواری ناوە.

سەرۆك كۆماری عیراق داواشی كرد، کوردسات لە داهاتوودا هەوڵبدات زیاتر گرنگی بە مێژووی كورد و كوردستان و بواری رۆشنبیری بدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لە ئامەدی باكوری كوردستان رێوڕەسمی ئاهەنگی نەورۆز بە ناونیشانی سەركردایەتی ئازاد، كۆمەڵگەی دیموكراتی، بە بەشداری زیاتر لە یەك ملیۆن كەس بەڕێوەدەچێت.

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامی هەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بڵاودەكرێتەوە.

هاوكات كۆمیتەی رێكخستنی نەورۆزی ئامەد بانگهێشتنامەی بۆ هەموو پارچەكانی كوردستان ناردووە، بۆ ئەوەی بەشداری ئاهەنگەكە بكەن، لەلایەن 629 رۆژنامەوانیشەوە روماڵی ئاهەنگەكە دەكرێت.

بەپێی بەرنامەی ئاهەنگە وتاری هاوسەرۆكانی دەم پارتی و هاوسەرۆكی شارەوانی ئامەد و هاوسەرۆكی دەبەپە پێشكەش دەكرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووی باکوو و رۆژهەڵاتی هەرێم ئەگەری بەفربارین هەیە.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان هەور دەبێت، پێشبینی دەكرێت لە ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی هەرێم وەك (پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سۆران و ئیدارە ی گەرمیان ) نمەباران و بارانی مامناوەند  ببارێت بە تایبەت لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆدا، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنووریەكانی باكوور و رۆژهەلاتی هەرێم ئەگەری كەمێك بەفربارین هەیە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ شەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت لە هەندێك ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە سنووری پارێزگای دهۆك كەمێك نمەباران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییە سنووریەكانی باكوور ئەگەری كەمێك بەفربارین هەیە .

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕؤ پلەکانی گەرما 2 تاوەکو 4 پلەی سیلیزی دادەبەزن و سبەینێش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 17  پلەی سیلیزی

سلێمانی : 15 پلەی سیلیزی

دهۆک : 17  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 17 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  : 15 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 15 پلەی سیلیزی

سۆران : 15 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 5 پلەی سیلیزی

گەرمیان :24 پلەی سیلیزی

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە كورد كرد و سەرسامی خۆشی بۆ خۆڕاگری و بەهێزی گەلی كورد نیشاندا.

گیدۆن سائیر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە بۆنەی نەورۆزەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، با نەورۆزی ئەمساڵ بكرێت بە نەورۆزی ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی.

سائیر بە تایبەت پیرۆزبایی لە گەلی كورد كردووە و ئاماژەی بەوەكردووە، نەورۆز هێمایە بۆ سەركەوتنی رووناكی بەسەر تاریكیدا، نوێبوونەوەی بەهار و رۆحی ئومێدە.

باسی لەوەشكردووە، ئیسرائیل سەرسامە بە خۆڕاگری و بەهێزی گەلی كورد و پابەندبوونی بە پاراستنی ناسنامە و نەریتەكانی، ئیلهامبەخشە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەکاتی گەیاندنی نەخۆشێک بۆ هەولێر، ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن وەرگەڕا و بەهۆیەوە پزیشکێک گیانی لەدەستدا.

د. هەرمێ نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مێرگەسۆر بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە ناحیەی شێروان مەزن لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بریندار بوو، بەمەبەستی چارەسەر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی قەزاکە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگای گەلیێ ئەشکەفتێ و لەکاتی گەیاندنی نەخۆشەکە بۆ نەخۆشخانەیەکی هەولێر، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکە وەرگەڕا و بەهۆیەوە پزیشکێک تێیدا گیانیلەدەستدا.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مێرگەسۆر راشیگەیاند، هەر بەهۆی روداوەکەوە سێ کەسی دیکەش برینداربوون و بەمەبەستی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵیادی راپەڕینی کەرکوک، پیرۆزبایی لە هاووڵاتیان دەکات و رایگەیاندووە، " نەورۆز پەیامی نوێبوونەوە، تەبایی، پێکەوەیی، برایەتی و یەکڕیزیی کوردایەتییە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی".

دەقی پەیامەکە

بەبۆنەی جەژنی نەورۆزی کوردان و سەری ساڵی نوێی کوردی، کە هاوکاتە لەگەڵ راپەڕینی کەرکوکی قودسی کوردستان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە کوردستانیانی خۆشەویست دەکەم و هیوای ئاشتی و ئارامی و شادمانیی بۆ هەمووان دەخوازم.

نەورۆز پەیامی نوێبوونەوە، تەبایی، پێکەوەیی، برایەتی و یەکڕیزیی کوردایەتییە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی.

هیوادارم ئەم نەورۆزە ببێتە هۆی ئاشتی، سەرخستن و پشتگیریکردنی دۆزی کورد لە هەموو شوێنێک، میلـلەتی کورد شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەیە، با هەموومان پێکەوە شان بە شان هەوڵبدەین و کاربکەین بۆ ئاشتی هەمیشەیی بۆ گەلی کورد و سەرفرازیی بۆ کوردستان.

نەورۆزتان پیرۆز، هەر شاد و سەربەرزبن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆسرەت رەسول لە ساڵیادی راپەڕینی کەرکووک و جەژنی نەورۆز پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهەمان رۆحیەتی جارانەوە، بە دەنگێکی دلێری کوردانەوە دەڵێین بەڵێ کەرکووک کوردستانیە و سەری کوردستانە، شاری پێکەوەژیانی نێوان نەتەوەو پێکهاتەو ئایینە جیاوازەکانە

دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵ:

ساڵیادی ئازادکردنی شاری کەرکووک و هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی کوردی لە تەواوی کوردستانیان بەگشتی و خەڵکی تێکۆشەرو قارەمانی کەرکووک پیرۆز دەکەم و دروود و سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدان و تێکۆشەرانی گەلەکەمان.

(٣٤) ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی هێزە کوردستانییەکان و رێکخستنە نهێنییەکان و شانە چەکدارەکان بەپشتیوانی و پاڵپشتی تەواوی خەڵکی کوردستان لەدژی رژێمی بەعس راپەڕین و سەرجەم و شارو شارۆچکەکانی کوردستان ئازادکرا، بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەوە پلانی ئازادکردنی کەرکووکمان داڕشت، ئێمە لە قۆڵی هەولێرەوەو ژمارەیەک لە هەڤاڵانمان لە قۆڵی سلێمانییەوە بەرەو کەرکووک بەڕێکەوتین و بە بەشداری خەڵکی تێکۆشەرو کۆڵنەدەری کەرکووک لە یەکەم رۆژی نەورۆزی ساڵی ١٩٩١ بە خوێنی شەهیدی سەرکردە شەهید عەبدولڕەزاق و پۆلێک شەهیدی دیکەی قارەمان شاری کەرکووکمان لەرژێمی بەعس پاککردەوەو بۆ هەموو جیهانمان سەلماندەوە کە کەرکووک کوردستانیەو لەگەڵ سەرجەم شارو شارۆچکەکانی تری کوردستان دژی بەعس راپەڕی و بەرگی ئازادی پۆشی.
لەدوای ٣٤ ساڵ، بەهەمان رۆحیەتی جارانەوە، بە دەنگێکی دلێری کوردانەوە دەڵێین بەڵێ کەرکووک کوردستانیەو سەری کوردستانە، شاری پێکەوەژیانی نێوان نەتەوەو پێکهاتەو ئایینە جیاوازەکانە، هیچ دوژمن و داگیرکەرێک نەیتوانیوەو ناتوانێت کەرکووک لەکوردستان داببڕێت، بۆیە ئەرکە لەسەر سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان لە دەرەوەی حزبایەتی وەک مەسەلەیەکی نەتەوەیی لەکەرکووک بڕوانن و خزمەتی بکەن.

جارێکی تر ساڵیادی ئازادکردنی کەرکووک و سەری ساڵی نوێی کوردی لەهەموو لایەک پیرۆز دەکەم و سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دادەنوێنین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەج و عومرەی هەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سعودیە مەرجی تەمەن بەسەر حاجییانی عیراقدا جێبەجێ دەکات و تەنها رێگە بە 7٪ی حاجییانی سەروو 70 ساڵ دەدات بچنە حەج.

حەج و عومرەی هەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە رۆژی 12ی ئەم مانگەدا سعودیە چەند رێنماییەکی تایبەت بە تەمەنی حاجییان دەرکردووە و داوا لە عیراق دەکات، لە پرۆسەی حەجی ئەمساڵدا مەرجی تەمەن جێبەجێ بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی رێنماییەکان له‌ كۆی گشتی حاجیانی عیراق، تەنها رێگە بە 7٪ی ئه‌و حاجیانه‌ دەدرێت حەج بکەن کە تەمەنیان لە سەروو 70 ساڵەوەیە.

له‌ نووسراوێکیشدا کە ده‌سته‌ی باڵای حه‌ج و عومره‌ی عیراق کە بۆ حەج و عومرەی هەرێمی ناردووە، داوا ده‌كات، ده‌ست بكه‌ن به‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی حه‌ج و عومره‌ی سعودیه‌ و ده‌بێت تاوه‌كو رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو، 27ی ئەم مانگە، تەواویان کردبێت.

بەپێی نووسراوەکە، ئەو کەسانەی ئه‌مساڵ له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان رێگەیان پێدەدرێت حەج بکەن و تەمەنیان له‌ سه‌رووی 70 ساڵییه‌وه‌، 358 كه‌س دەبێت.

ئەوەش خراوەتە روو، ئەو کەسانەی دیکە کە سەروو 70 ساڵن، دواخستنی ناچارییان بۆ ده‌كرێت بۆ حه‌جی 2026 .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاتوچۆی هەولێر راگەیەنراوێکی لەبارەی رێنماییەکانی هاتوچۆ بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی گەورە لە چەند شوێنێکدا قەدەغەیە.

هاتوچۆی هەولێر رایگەیاندووە، لە بەرژەوەندی گشتی و لەپێناو رێکخستنی هاتوچۆ و روونەدانی جەنجاڵی، لە هەر سێ رۆژی جەژنی نەورۆزدا، بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی گەورە.

ئاماژەی بەوەشکرد، قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی گەورە سەرجەم ئەو رێگایانە دەگرێتەوە کە دەکەونە سەر شوێنە گەشتیاریی و سەیرانگەکان.

ئەوەش هاتووە، تاوەکو پشووی جەژن تەواو دەبێت، رۆژانە لە کاتژمێر 7ی بەیانی تاوەکو 12ی شەو هاتوچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانە قەدەغە دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە دانیێل روبنستین، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە(20/3/2025) بە ئامادەبوونی ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم بەڕێوەچوو، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرا و هەردوولا هیوایان خواست ساڵی نوێی کوردی ساڵی ئاشتی و یەکگرتوویی و پڕ لە خۆشی و دەستکەوت بێت بۆ گەلی کورد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر رەشنووسی دیدگای هاوبەش بۆ حکومڕانی، گەشبینی خۆی دەربڕی لە ماوەیەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆتایی بکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو.

روونیشی کردەوە پارتی و یەکێتی هەردوولا هاوڕان لەم قۆناغەدا بەپێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەروەها بۆ خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتییان پێویستە حکومەتێكی کارا و خزمەتگوزار پێکبهێنرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر پەلەکردن لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و رایگەیاند حکومەتی هەرێم لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

هەردوولاش هاوڕابوون کە یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لە بەغدا کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر زووتر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ 20ی ئازار، لە هەرێمی کوردستان ئاگری جەژنی نەورۆز دەکرێتەوە و بەهۆی ئەوەشی جەژنی نەورۆز کەوتووەتە مانگی رەمەزانەوە، لەدوای بەربانگەوە ئاگر دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ 20ی ئازار، لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئاگری جەژنی نەورۆز دەکرێتەوە و بەهۆی ئەوەشی مانگی رەمەزانە، لەدوای بەربانگەوە ئاگر دەکرێتەوە و چالاکییەکانی ئەو جەژنە نەتەوەییە بەرێوە دەچن.

لە ئاکرێ کە بە پایتەختی نەورۆز ناسراوە، بڕیارە سەعات 6 و 45 خولەکی ئێوارە ئاگری نەورۆز بکرێتەوە و پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، 2725 مەشخەڵ، کە ژمارەی مەشخەڵەکان هاوتای ساڵی کوردییە، ئامادەکراون بۆئەوەی لە ئێوارەدا دابگیرسێنرێن و ببرێنە سەر شاخەکانی کەلها ئاکرێ، کەلە کەڤن، رەزێ میری، تیشی، خڕگا، گرێ توپا، شێخ ماڤ. هەروەها چەندین یاری ئاگرین دەتەقێنرێنەوە و بۆ یەکەمجارە بەشێکی ئەو یارییە ئاگرینانە بەکاردەهێنرێن، کە هەندێکیان ماوەی تەقاندنەوەکەی 12 خولەک دەخایەنێت و ئاسمانی کارێ رووناک دەکەنەوە.

لە هەولێریش بڕیارە لەسەر قەڵای هەولێر ئاگری نەورۆز بکرێتەوە.

لە سلێمانیش لە هەریەک لە گردی مامەیارە و شەقامی سالم و پارکی ئازادی ئاگر دەکرێتەوە و چەندین چالاکی بەڕێوەدەچێت.

لە هەریەک لە شارەکانی دیکەش بە شێوەی جیاواز ئاگری جەژنی نەورۆز دەکرێتەوە و هاووڵاتیانی هەرێم پێ دەنێنە ناو ساڵێکی نوێی کوردییەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە رایگەیاندووە، پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە و بەفر و باران دەبارێت و شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ئەنجامی بەردەوامی  کاریگەری نزمەپەستانی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ نمەباران لە تەواوی ناوچە سنووریەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی هەرێم، هەروەها لە ناوچە بەرزەکان بەفریش دەبارێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەپۆلەکە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا دەگۆرێت بۆ هەورەتریشقە و بروسکە، کە هەردوو سەنتەری شاری سلێمانی و هەڵەبجەش دەگرێتەوە، هەروەها ئەگەری توزێکی سووک هەیە زیاتر لە ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای هەرێم.

کەشناسی دەشڵێت، ئەمشەو کەشەکە تاوەکو کاتەکانی بەیانی هەینی تاڕادەیەک سەقامگیر دەبێتەوە و دواتر بەیانی هەینی، ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت.

ئەوەش هاتووە، سەرەتای رۆژی هەینی دابارین لە زۆربەی ناوچەکانی بادینان و پارێزگای دهۆک بەشێوەی نمەبارانی کەم کەم دەست پێ دەکات، لەگەڵ کەمێک بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکوور، پاشان بۆ کاتەکانی نیوەڕۆ کاریگەرییەی درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵات و پارێزگای سلێمانی و لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم دابارین بەشێوەى پچڕپچڕ دەبێت.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی، لەدوای نیوەڕۆوە کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان بەفربارینێکی دەبێت، هەروەها کاتەکانی درەنگانی شەوی هەینی لەسەر شەممە، پێشبینی دەکرێت بۆ کاتەکانی نیوەڕۆی دووەم رۆژی نەورۆز بەردەوامی ببێت پاشان کەشی هەرێم بەتەواوی سەقامگیر دەبێتەوە.

بەپێی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما ئەمڕۆ 4 بۆ 6 پلەی سیلیزی دادەبەزن و سبەینێش 2 بۆ 3 پلەی دیکە دادەبەزن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر :19  پلەی سیلیزی

سلێمانی : 17 پلەی سیلیزی

دهۆک : 15  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 21 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  : 15 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی

سۆران : 15 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 8 پلەی سیلیزی

گەرمیان :21 پلەی سیلیزی

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...254255256257258...994