بۆ یەكەم جار بە سەرپەرشتی فەرماندەی گشتی هەسەدە، پەیەدە و ئەنەكەسە لە حەسەكە كۆبوونەوە و گەیشتنە لێكتێگەیشتن لەسەر رەشنووسی پەیماننامەیەكی سیاسی كوردی و سوری.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا، بە سەرپەرشتی مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، پارتی یەكێتی دیموكرات و ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا گفتوگۆیانكردووە لەبارەی هەوڵەكان بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی كورد لە رۆژئاوا و هاوكات، پێكهێنانی وەفدێكی هاوبەش بۆ دانووستان لەگەڵ ئیدارەی سوریا و دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كورد لە سوریای نوێدا.

ئەوەشی خستەڕو، كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە و تێیدا هەردوولا، گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن لەسەر رەشنووسی پەیماننامەیەكی سیاسی كوردی و سوری.

لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە، مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە لە راگەیەنراوێكدا دڵخۆشی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكە نیشاندا و وتی، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی نەخشەرێگەیەكی هاوبەش و یەكڕیزی كورد بۆ قۆناغی نوێی سوریا كرا.