رونکردنەوە لەسەر ئەو سێ کەسەی لەگوندێکی سنوری گەرمیان کوژران
محەمەد رزگار
١٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
دوای ئەوەی مانگی رابردوو سێ کەس لە سنوری گەرمیان لەسەر کێشەی زەویوزار کوژران، لە ئێستادا 12 تۆمەتبار دەستگیرکراون و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شەش کەسی دیکەش دەرچووە.
عەلی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای ئەوەی لەرۆژی 23 / 6 / 2025 تاوانێکی کوشتن لەگوندی سەیبێخانی سەربەناحییەی شێخ تەویل، لەنێوان دوو لایەن بەهۆی کێشەی زەوی وزارەوە رویدا، لەئەنجامدا سێ کەس بەناوەکانی ( س.ج.م ) لەدایکبووی 2004 و ( م.ج.م ) لەدایکبووی 1999 لەلایەنی بەرانبەریش کەسێک بەناوی ( م.ع.م ) لەدایکبووی 1997 بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانیان لەدەستدابوو.
وتیشی، دوای گەشتنی پۆلیسی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بەشوێنی روداوەکە دوو لەتەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کران و یەکێکی تر لەتەرمەکان کەلە لایەنی بەرنبەربوو رەوانەی پزیشکی دادی دەربەندیخان کرا.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و وەرگرتنی وتەی چوار شاهید کەڕوداوەکە بەوجۆرە بووە، کە کەسێک دوو کەسی کوشتوە کەبرای یەکترن و کەسێکی دیکەی بریندارکردوە دواجار خۆشی کوشتوە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی وردی پۆلیس و ئەنجامی راپۆرتی توێکاری پزیشکی دەربەندیخان دەرکەوت کە تاوان لێکراو پێنج فیشەکی بەرکەوتوەو خۆی نەکوشتوە بەڵکو کوژراوە .
راشیگەیاند، لەئێستادا 12 کەس لەهەردوو لایەن بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکراون و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شەش تۆمەتباری تر بەهەمان مادە دەرچووە.