خەرجکردنی شایستەی دارایی بژمێرەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
محەمەد رزگار
١٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
شایستە داراییەکانی بژمێرەکان خەرجدەکرێت و وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: لەچەند رۆژی داهاتوودا دابەشدەکرێت.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی حەوت مانگی رابردوو، توانرا بەشی شایستەی دارایی تایبەت بە بەڕێوەبەرەکان و یاریدەدەرەکان و بژمێرەکان، لە حکومەتی عێراق وەربگیرێت.ئاماژەی بەوەشکرد، رێکارە کارگێڕی و داراییەکان تەواو کراون و لەئەمڕۆوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگاکان هەڵدەستن بە رێکخستنی کارەکانیان بۆ دابەشکردنی ئەو شایستە داراییانە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا.
وەزارەتی پلاندانان راشیگەیاندووە، هێشتا زیاتر لە 13 ملیار دینار ماوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، تایبەت بەو خەرجییانەی فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەی ئامار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە دەستە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، سەڕەرای ئەوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەرچووە، بەڵام دامودەزگاکانی حکومەتی عیراق کەمتەرخەمی دەکەن لە جێبەجێیکردنی.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدا دەبێت بۆ وەرگرتنی تەواوی مافە داراییەکان کە نەدراون، تاکوو مافی فەرمانبەرانی ئامار لە هەرێم نەفەوتێت.