بەرێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەوە گەشتەکان لە رێگای وشکانی و لە رۆژی هەینیشەوە گەشتەئاسمانییەکان بۆ عومرە دەست پێ دەکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، بەپێی رێنماییەکانی وەرزی عومرەی 2025-2026، ئەو کۆمپانیایانەی بە رەسمی مۆڵەتی کارکردنیان هەیە، دەتوانن رۆژی سێشەممە 15ی مانگ گرێبەستەکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئەنجامبدەن و رۆژی چوارشەممە لەرێگای وشکانییەوە دەست بە گەشتەکانی عومرە بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژی هەینی 18ی مانگەوە، کۆمپانیاکان دەتوانن گەشتەکانیان لەرێگای ئاسمانییەوە دەست پێ بکەنەوە.

داواش لە کۆمپانیاکانی بەرنامەفرۆشی عومرە دەکات، لە رۆژی سێشەممەدا سەردانیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی تەندەر و لە هەمان بەرواری گەشتەکاندا ئەوانیش دەست بە گەشتەکانیان بکەنەوە.

داواش دەکات، کۆمپانیاکان سەرجەم پێویستییەکانی گرێبەست لەگەڵ خۆیاندا ببەن بۆئەوەی مامەڵەکانیان بۆ تەواو بکرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە داواش لە هاووڵاتیان دەکات، داوا لەو کۆمپانیایانە بکەن کە لە رێگەیانەوە گەشتی عومرە دەکەن، مۆڵەتی رەسمی کۆمپانیاکانیان پشان بدەن، ئەگەر مۆڵەتی رەسمیان لە بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە وەرنەگرتبوو گەشتیان لەگەڵدا ئەنجام نەدەن.

ئەوەش هاتووە، بەڕێوەبەرایەتییەکە مۆڵەتی کارکردن بەشێوەی تابلۆی هەڵواسین دەدات بە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی هەڵی بواسن و لەبەرچاودا بێت.