لە کەرکوک شەڕ و پێکدادان رویدا و کوژراو و بریندار هەیە
لاوەند سالار حەمەد
٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەند ئەندامێکی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق و مەفرەزەیەکی حەشدی شەعبی لە شاری کەرکوک رویدا، و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران و دوو کەسی تریش برینداربوون.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، شەوی رابردوو لە شەقامی کۆڕنیشی شاری کەرکوک، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان چەند کارمەندێکی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق و مەفرەزەیەکی حەشدی شەعبیدا دروستبووە و دواتر شەڕەکە پەرەی سەندووە بۆ بەکارهێنانی چەک و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان هەردوولادا.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەو شەڕە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکی کەسی، لە ئاکامی پێکدادانەکەشدا هاووڵاتییەک و ئەندامێکی حەشدی شەعبی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها هاووڵاتییەک و ئەفسەرێکی تریش بریندار بوون.
سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و تۆمەتبارانی هەردوولا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستپێکردووە.



