دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەخت لە پتەویی برایەتی و یەکڕیزیی سەرکردایەتیی حزبەکەی دەکاتەوە و rایدەگەیەنێت، پاراستنی مێژوو و سەروەرییەکانی یەکێتی، ئەمانەتی پیرۆزی سەرۆک مام جەلال و کاک کۆسرەتە.

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لە پەیامێکدا هاوپێچ لەگەڵ وێنەیەکی هاوبەش، ڕایگەیاند: "خوێندنگەی ئازایەتی، نەترسی، پشوودرێژی و برایەتی هەتاسەری ئەنجامی ڕێباز و میراتی نەبڕاوەی سەرۆک مام جەلال و کاک کۆسرەتە."

روو لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتی دەکات و دووپاتی کردووەتەوە: ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە، بەرهەمی خوێنی ئاڵی شەهیدانە، بەرهەمی وەفاداری و سەربەرزیی سەرکردە مێژووییەکانمانە، بەری رەنجی خەباتی کەم وێنە و دوورودرێژی قارەمانانی ئەم رێبازەیە، هاوکات بەرهەمی کارکردنی هاوبەش، هەڵوێستی ڕاستگۆیانە و رەنجی ماندوونه‌ناسانەیە.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم مێژوو و سەروەرییە وەک ئەمانەتێکی پیرۆزی سەرۆک مام جەلال و کاک کۆسرەت لەسەر شانی هەمووانە، جەختیشی کردەوە کە بە وەفا و یەکدەنگییەوە ئەو ئەمانەتە دەپارێزن، "وەک چۆن دوێنێ بەیەک دەنگ بڕیارمان دا، بەیەکەوەش بەردەوام دەبین."