پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین و مەترسیی دروستبوونی لافاو لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش راسپێردران بۆ ئامادەكاری روبەڕوبونەوەی لافاو.

ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و كارەساتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، شەپۆلێكی بارانبارینی بەلێزمە و هەورە بروسكە لە رۆژی شەممەوە تا دووشەممە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

پێشبینی كردووە لەو ماوەیەدا لە هەولێر 25 ملیم، سلێمانی 35 ملیم، دهۆك 25 ملیم، كەركوك 15 ملیم و هەڵەبجەش 37 ملیم باران ببارێت.

لەلایەكی ترەوە، دەستەی كەشناسی عیراق بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلەوە ئەگەری هەیە بەیانی هەتا ئێوارە باران ببارێت و تەنانەت ئەگەری بارینی تەرزەش هەیە.

لای خۆیەوە رێبوار تەها جێگری یەكەمی پارێزگاری كەركوك لیژنەی كارەسات و روداوە سروشتییەكانی راسپارد، لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتییانی كەركوك، پەیوەندیی بە شوێنی كارەكانیانەوە بكەن، فەرمانیشی كردووە تیمەكان بگەنە ئەو شوێنانەی ئاو تیایاندا پەنگی خواردووەتەوە.