لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان كاروانێكی تری ئاوارەكانی سەرێكانی گەڕانەوە زێدی خۆیان.

لە درێژەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێد و ماڵوحاڵی خۆیان، هەشتەمین كاروانی ئاوارەكانی سەرێكانی و گوندەكانی دەوروبەری كە لە نزیكەی 447 خێزان پێكهاتبوون، گەیشتنەوە ناوچەكانیان.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو حەوتەمین كاروانی ئاوارەكان گەڕانەوە بۆ گوندەكانی دەوروبەری شارەكە.

پێشتریش لە 21ی مانگی رابردوودا، شەشەمین كاروانی ئاوارەكانی سەرێكانی كە لە زیاتر لە 600 خێزان پێكهاتبوون، كەمپەكانیان جێهێشت و گەڕانەوە ناوچەكانی خۆیان، هاوكات نزیكەی 115 خێزانیش گەڕانەوە بۆ شاری حەسەكە.