جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت: بەبێ یەکێتی حکومەتی هەرێم پێکنایەت، ئەو هەڕەشانەی کە دەشکرێت کە بەبێ یەکێتی حکومەت پێکدەهێنردرێت تەنها هەڕەشە و گوڕەشەن.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دیدی یەکێتی بۆ عیراقێکی سەربەخۆیە و دەبێت عیراق بەهێز بێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەهێز بێت.

وتیشی، دەبێت تەواوی لایەنەکان بەشداری لە حکومەتی نوێی عیراق بکەن، بۆ ئەوەی حکومەتێک پێکبهێندرێت کە خزمەت بە هەموو کۆمەڵانی خەڵک بکات بەبێ جیاوازی.

قوباد تاڵەبانی ئاشکراشیکرد، كابینەی داهاتووی عیراق پرسی موچە و نەوتی هەرێم یەكلا دەكاتەوە، دەشڵێت،  دەچنە بەغداد بۆ ئەوەی كێشەكان لە رێی یاساوە یەكلا بكەنەوە و هەوڵیش دەدەن بۆ ئەمساڵ هیچ موچەیەك نەفەوتێت.

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، ئەو هەڕەشانەی کە دەکرێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکدەهێنردرێت تەنها هەڕەشە و گوڕەشەن.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، لە چوار ساڵی رابردوودا پڕۆژەکان لە سلێمانی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەروەها پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان نەوەستاون و ناوەستن.

"سلێمانی لە چەند ساڵی رابردوودا لەسەر ئاستی عیراق لە پلەی یەکەمدا بووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و جوڵەی بازرگانی"، قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.