دەرفەتی خوێندنی ماستەر بۆ فەرمانبەران راگەیەندرا
راهۆز
٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کردنەوەی دەرگای خوێندنی ماستەری لە کۆریای باشور بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەت، وڵاتی کۆریای باشور لەرێگەی ئاژانسی کۆریا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی (KOICA)، ژمارەیەک کورسی ماستەری لە پێنج بواری جیاوازدا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە.
ئیمتیازاتەکان:
خاڵی جەوهەریی ئەم سکۆلارشیپە ئەوەیە، کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاوە پشتگیریی دارایی تەواو دەکرێت بۆ خەرجییەکانی خوێندن و ژیان، هاوکات لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکانەوە.
مەرجەکانی پێشکەشکردن:
-
پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم.
-
لانی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت دوای بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە.
-
کۆنمرەی بەکالۆریۆسەکەی لە (65%) کەمتر نەبێت.
-
باشترە تەمەنی لە (40) ساڵ کەمتر بێت.
-
دەبێت بوارەکەی لەگەڵ بڕوانامەی بەکالۆریۆسەکەیدا یەک بگرێتەوە (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
چۆنێتی پێشکەشکردن:
خوازیاران دەبێت سەرەتا لە رێگەی ماڵپەڕی کۆیکاوە فۆرم پڕبکەنەوە، دواتر تا رێکەوتی 14ی کانوونی یەکەمی 2025 (14/12/2025)، فۆرمی کۆیکا و بەڵگەنامەکان بە هەردوو شێوەی (هارد کۆپی و سۆفت کۆپی) رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم لینکانەی وەک هاوپێچ بۆ هەواڵەکە داناوە:



