یەکێتی: کێشەمان پۆست نییە، شێوازی حوکمڕانییە
٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، حزبەکەی بەدوای پۆستەوە نییە، بەڵکو داوای "هاوبەشیی راستەقینە" و گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی دەکات و هۆشداریش دەداتە پارتی لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو.
لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "پانۆراما"ی کەناڵی کوردسات نیوز، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم حکومەتێکی "بنکە فراوان" بێت تا بتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناغە ببێتەوە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی روونیکردەوە، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا یەکێتی باسی لەوە نەکردووە کە حکومەت پێکناهێنێت، بەڵکو تێبینییان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن هەبووە، وتیشی: "یەکێتی کێشەی لەگەڵ شێوازی حوکمڕانی هەیە نەک پۆست لە حکومەتی هەرێم".
سەبارەت بە ئەگەرەکانی پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی، پیرە بە راشکاوی وتی: "پارتی پێشتر ئەزموونی پێکهێنانی حکومەتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان تاقیکردەوە و سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە ئەگەر ئێستاش بیەوێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، ئەوا هەمان هەڵە دووبارە دەکاتەوە".



