میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا، بڕیار وایە ئەمڕۆ وەفدێکی کۆمسیۆنی ئاشتی  لە پەرلەمانی تورکیا بچنە دورگەی ئیمڕاڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) کۆببنەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکان، وەفدەکە لە سێ پەرلەمانتار پێکدێن، کە گوڵستان کڵیچ کۆچیگت ئەندامی فراکسیۆنی دەمپارتی،  فەتی یەڵدزی جێگری سەرۆکی مەهەپە و  حوسێن بایمان لە پارتی داد و گەشەپێدانن.

لەم سەردانەی وەفدەکەدا، گوێ بۆ ئۆجالان دەگرن و راو سەرەنجەكانی لەسەر چۆنیەتی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا تۆمار دەكەن، بڕیار وایە کۆنوسی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ماوەی 10 ساڵ بە نهێنی بهێڵرێتەوە.

میدیاکانی تورکیا ئەوەشیان خستوەتەڕوو، وەفدەکە لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە دەچنە دورگەی ئیمڕاڵی.

چونی ئەم شاندە لە کاتێکدایە  هەینی رابردوو لە هەژدەهەمین کۆبوونەوەی خۆیدا، پەرلەمانی تورکیا  بە زۆرینەی دەنگ کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان پەسەند کرد.