بە "دەرنەفیز" شۆفێرێکی کوشت؛ وردەکاریی رووداوەکەی عەلوەی سلێمانی
راهۆز
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، ئەو کەسەی شەوی رابردوو لە عەلوەی سلێمانی شۆفێرێکی بارهەڵگری کوشت، خۆی رادەست کردووە و بەپێی مادەی 406 لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئاسایش، رووداوەکە شەوی رابردوو (20ی تشرینی دووەمی 2025) روویداوە. سەرەتا لە رێگەی نێوان کەلار - سلێمانی دەمەقاڵێ لەنێوان دوو شۆفێری بارهەڵگردا دروستبووە.
دوای گەیشتنیان بە عەلوەی سلێمانی، جارێکی تر گرژی کەوتووەتە نێوانیان و یەکێک لە شۆفێرەکان بە "دەرنەفیز" هێرشی کردووەتە سەر ئەوی دیکە و بە سەختی برینداری کردووە، پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، دوای بەدواداچوون، تۆمەتبارەکە خۆی رادەست کردووە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.



