342 خوێندکاری کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان لە زانکۆکانی کوردستان وەرگیران، وەزارەتی خوێندنی باڵاش رایگەیاند، کار ئاسانی تەواو بۆ سەرجەم ئەو خوێندکارانە دەکرێت کە وەرگیراون.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا، رەزامەندى نیشاندرا لەسەر وەرگرتنى تەواوى دەرچووانى خوێندنگە کوردییەکانى کەرکوک و خانەقین و شەنگال و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان (342) دەرچووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ چەندین ساڵە کارئاسانى تەواو کراوە بۆ وەرگرتنى سەرجەم خوێندکارانی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، بەتایبەت ئەو خوێندکارانەی لە خوێندنگە کوردییەکان دەخوێنن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى هەرێم ده‌رگای پێشكه‌شكردنی لە رێگەى زانکۆلاین بۆ ده‌رچووانی پۆلی دوانزه‌ له‌ به‌شی خوێندنی كوردی له‌ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا بۆ ئەمساڵیش بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزارەتەکەیان رەزامەندى نیشاندا لەسەر وەرگرتنى 342 خوێندکاری شارى کەرکوک و خانەقین و شەنگال و تەواوى ناوچە کوردستانییەکان لەزانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەر و کۆنمرەى وەرگیراوى خوێندکارانى هەرێم بۆ ساڵى خوێدنى  (2026-2025).     

بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامى وەرگیراوان کلیک لەسەر ئەم بەستەرەى خوارەوە بکەن:

regayzanko.com