قوباد تاڵەبانی: بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانە ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لێ دەکەوێتەوە
محەمەد رزگار
٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، چەند بارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئابوریی کوردستان و پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هەنگاویی کردەییە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هێرشکردنەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، تاوانێکی تیرۆریستی گەورە و بە ئامانجگرتنی ژیان و گوزەرانی رۆژانەی خەڵک و ژێرخانی ئابوریی کوردستان و هەموو عیراقە، چەند بارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هەنگاویی کردەییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی حکومەتی فیدراڵە بە خێرایی بکەران و ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزا و لێپرسینەوەی یاساییان بکاتەوە، هەروەها جەخت دەکاتەوە، بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن گروپ و هێزی دەرەوەی دەوڵەت چیتر قبوڵکراونییە و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لێ دەکەوێتەوە، هەربۆیە هەنگاوی سەرەکیی حکومەتی داهاتووی عیراق دەبێت کۆتاییهێنان بەم رەوشە و سزادان و کۆکردنەوەی گروپ و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت بێت.



