بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عیراق و هەرێم؛ سیستمی دادگاییکردن بە "ڤیدیۆ کۆنفرانس" لە سلێمانی خرایەکار
راهۆز
٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، وەک یەکەمین دادگا لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی رەسمی سیستمی "ڤیدیۆ کۆنفرانس"ی بۆ دادگاییکردنی تۆمەتباران خستەکار.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-11-2025، بە سەرپەرشتیی دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، قۆناغێکی نوێی خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکانی دادگا دەستیپێکرد، کە بریتییە لە دادگاییکردنی تۆمەتباران لەڕێگەی دەنگ و رەنگەوە (ڤیدیۆ کۆنفرانس) و بە شێوەیەکی پراکتیکی لە دادگای نەوجەوانانی سلێمانی جێبەجێ کرا.
ئەم سیستمە نوێیە کە بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی منداڵان و ژنان ئەنجام دەدرێت، چەندین ئامانجی هەیە، لەوانە: کارئاسانی بۆ پۆلیس و کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە، دابینکردنی ئارامی و پاراستنی سەلامەتیی تۆمەتباران، بەجۆرێک تۆمەتبار لە شوێنی مانەوەی خۆیەوە و لە رێگەی شاشەوە پرۆسەی دادگاییکردنەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت.
دادوەر سۆران ئیبراهیم عارف، سەرپەرشتیاری بۆردی سیستمی ئەلکترۆنیی دادگا رایگەیاند، ئەم خزمەتگوزارییە تەنها لە بەشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کاری پێدەکرێت و دادگای سلێمانی پێشەنگ بووە لە تاقیکردنەوە و خستنەکاری ئەم سیستمە لەسەر ئاستی عیراق.
جێی ئاماژەیە، پێشتر ئەم سیستمە وەک قۆناغی یەکەم لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی/1 بە سەرکەوتوویی تاقیکرابووەوە.



