دانەغاز ئاشکرایکرد، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی غاز راگیراوە، دەشڵێت؛ بەهەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لەکاتی خۆیدا زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی 'PJSC'راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە موشەکیەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشەكەی شەوی رابردوو بە موشەك ئەنجامدراوە و یەكێك لە كۆگاكانی غازی شلی كردووەتە ئامانج.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی هێرشەکەوە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و کارمەندانی کۆمپانیاکە سەلامەتن، بەڵام هەناردەكردنی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر راگیراوە.

دانەغاز راشیگەیاند، بەرهەمهێنانی غاز رادەگرن بۆ ئەوەی ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت و هەڵسەنگاندن بۆ زیانەكان بكرێت.

جەختیشدەکاتەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، زانیاری نوێ لەکاتی خۆیدا دەخرێتەڕوو.