بەدرۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر بەهۆیەوە كارەبا زۆرینەی ناوچەكان پچڕا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش دەڵێت: ئەوانەی لەپشت ئەم هێرشانەوەن، دەدرێنە دادگا.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو، بە درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر، كە بەشی پلانی ئەو كێڵگە كراواتە ئامانج بەهۆیەوە خەزانەی ئێڵ پی چیەكەی تەقییەوەتەوە لە ئەنجامدا ئاگرێگی گەورە كەوتوەتەوە.

هاوكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبای هەرێم لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنیەكەوە بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا راگیرا، بەهۆیەوە پێدانی كارەبای نیشتمانی بۆ پێنج سەعات كەمدەبێتەوە، راشیگەیاند، تیمەكانی هەردوو وەزارەتەكە، لەگەڵ كۆمپانیای داناغاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێكەوتەكانی رووداوەكە و ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە.

لای خۆشیەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق رایگەیاند، ئەم هێرشە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی گەلی عیراق دروست دەكات ئامانج لێیان  رێگریكردن و دواخستنی هەوڵەكانە بۆ بەدیهێنانی  سەقامگیری ئەمنیی و ئابوری.

راشیگەیاند، ئەو هێرشە كاردانەوەی نەرێنی لەسەر تۆڕی كارەبا بە تایبەتی لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی هەیە و زیان بە سامان و سەرچاوەكانی وزەی وڵات دەگەیەنێت، وتیشی، ئەوانەی لەپشت ئەم هێرشانەوەن، دەدرێنە دادگا، رێوشوێنی یاسایی یەكلاكەرەوە بەرانبەر دەگرێتەبەر.