فڕۆکەخانەی سلێمانی: گەشتەکان ئاسایین و رانەگیراون؛ سکاڵا لەسەر بڵاوکەرەوەی دەنگۆکان تۆمار دەکەین
راهۆز
٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە راگرتنی گەشتەکان دەکەن و رایدەگەیەنێت، گەشتەکان بەپێی خشتەی ئاسایی خۆیان بەردەوامن.
بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەکە لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەواڵی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان کە لە هەندێک پەیجی "فەیک" بڵاوکراوەتەوە، دورە لە راستییەوە و هیچ گرفتێک لە فڕۆکەخانەکەدا بوونی نییە.
فڕۆکەخانەی سلێمانی دڵنیایی دەداتە گەشتیاران کە گەشتەکان ئاسایین، هاوکات هۆشداریش دەدات کە رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەر کەس و پەیجێک دەگرنەبەر کە هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە و دڵەڕاوکێ بۆ هاووڵاتیان دروست دەکەن.
ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ چوارشەممە 26-11-2025، بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە ماڵپەڕی فڕۆکەخانە لەکارکەوت و ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆ.



