وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی کاری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا، لە چەند مانگی داهاتوودا هاووڵاتیان روبەڕوی پچڕانی کاتیی کارەبا دەبنەوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەک بەشێک لە کارەکانی "پرۆژەی روناکی"، تیمەکانیان بەردەوام دەبن لە چاککردنەوەی تۆڕی کارەبای نیشتمانی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، لە کاتی کارکردنی تیمەکانیشدا ئەگەری هەیە بۆ ماوەیەکی کاتی کارەبا لەسەر هاووڵاتیان ببڕێت.

وەزارەتی کارەبا هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کە لەکاتی هەر پچڕانێکدا، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و ژێرخانە گرنگەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن و هەوڵدەدرێت بە زووترین کات کارەبا بگەڕێنرێتەوە، بۆیە داوای "پشودرێژی" لە هاووڵاتیان دەکەن.

جێی ئاماژەیە، لەکاتی بونی هەر بەرنامەیەکی پێشوەختە بۆ پچڕانی کارەبا، هاووڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەت هانی هاووڵاتیان دەدات خۆیان لە "پرۆژەی روناکی" تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادارییەکان پێیان بگات.