قوباد تاڵەبانی: دەبێت حکومەتی داهاتووی هەرێم بەپێی پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە پێکبهێنرێت
٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەڵێت، یەکێتی بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان نەکات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق و پێکەوە لەبارەی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی داهاتووی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی سیاسیی عیراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ کرا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت حکومەتی داهاتووی عیراق گرنگی بە پرۆسەی گەشەپێدان و هەمەچەشن کردنی ئابووریی عیراق بدات و زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە هەموو کەرتەکان و لە هەموو ناوچە جیاوازەکانی عیراق.
جەختیشی کردەوە کە ئەرکی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستانە کێشەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و بەپێی دەستور چارەسەر بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووریی عیراق و کوردستان.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە حکومەتی داهاتووی هەرێم دەبێت بەپێی پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە پێکبهێنرێت.
جێگری سەرۆک وەزیران وتیشی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان نەکات.



