بەهۆی بارانبارینەوە لافاو بەشێكی زۆری ناوچەکانی هەرێمی گرتوەتەوە
محەمەد رزگار
٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بەهۆی بارابارینی زۆرەوە لافاو بەشێكی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لەقەزای چەمچەماڵیش بەهۆی لافاوەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی مادی زۆری لێکەوتووەتەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە رێگای كەركوك-چەمچەماڵ بە تەواوی داخراوە، هەروەها بەهۆی لافاوەكەوە پیاوێكی 53 ساڵ گیانی لەدەستدا.
هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵان بەناوی بۆکان بەشارەت بەهۆی لافاوەکەوە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ گیانی لەدەستداوە.
هاتوچۆی سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا داوا لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەکات رێگای سەرەكی بازیان سلێمانی بەپێچەوانەوە بەكارنەهێنن.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشێوەیەكی كاتی بازگەی تاسڵوجە بەڕوی شۆفێراندا داخراوە.
لەلای خۆشیەوە، سەنتەری هەماهەنگی هاوبەشی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان لەبارەی دروستبونی لافاو دەڵێت؛ : لەکاتی هەبوونی حاڵەتی نەخوازراو و دروستبونی لافاودا پەیوەندی بە ژمارە 100 ەوە بكەن.
هاوکات پەیامنێری كوردسات نیوز ئاشکرایکرد، لە ناحیەی پیرەمەگرونیش لافاو دروست بووە.
هەروەها جێگری پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان دەرنەچن، داواش دەکات شەقامەکانی دەرەوەی سلێمانی بەکارنەهێنن.
ئارام نەجات سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تیمەكان بەسەر گەڕەكەكان دابەشكراون و تیمەكانی سلێمانی ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوكاری.
وتیشی، لە ناحیەی شۆڕش دوو كەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە، دەشڵێت، ئامێرمان ناردووە بۆ گۆڕینی رێڕەوی لافاوەكە.



