بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا بارانبارین بەردەوام دەبێت و ئەگەری بەفربارینیش هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەور و کاریگەری شەپۆلی باران بارین بەردەوام دەبێت لەسەرجەم ناوچەکە، لەسنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک بارانی مامناوەند دەبێت و دابارین بەشێوەی لێزمە بارانی پچڕ پچڕ و هەندێ کات نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبێت، لەکاتی لێزمە باران ئەگەری هەورە بروسکە هەیە .

ئەوەشی خستەڕوو، لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە وئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین بارانی بە لێزمە و بەخوڕ دەبارێت لە زۆربەی کاتەکان، لەگەڵ هەورە بروسکە و زیادبوونی خێرای با، هەندێ کات بە هۆی بارانی بە لێزمە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەکرێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە بەدرێژایی رۆژی سێ شەممە لەسەر ناوچەکە دەمێنێتەوە.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ چوارشەممە لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری شەپۆلی باران بارین ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و هەندێ کات نیمچە هەور دەبێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک هەندێ کات نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند دەبارێت.

راشیگەیاند،  لە سەر ناوچە شاخاوییە سنورییەکان ئەگەری بەفر بارین هەیە، هەروەها لە کاتەکانی بەرەبەیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین هەندێ کات لێزمە باران دەبێت،تا کاتەکانی نیوەڕۆ، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە سەر ئەم ناوچانە دەمێنێتەوە، پاشان کاریگەری شەپۆلی باران بارین لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لەسەرجەم ناوچەکە لاواز دەبێت .