لە سنوری ناحیەی بالیسان، هەورەبروسکە لە ژمارەیەک پێشمەرگەیدا
بڵند
٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی خەتێ لە سنوری گوندی باڵیسان، هەورەبروسکە لە شەش پێشمەرگەی داوە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی رانییە کراون، ئاماژەی بەوەشکرد یەکیان تەندروستی ناجێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، خالید ئەحمەدی پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەو پێشمەرگانەی هەورەبروسکە لێی داون،سەر بە فەوجی سێین لە لیوای 712ن و لە کاتی روداوەکەدا لە ئەرکدا بوون.
بە گوێرەی زانیاریەکان روداوەکە کاتیك بووە، پێشمەرگەکان نانی نیوەرۆیان خواردوە و جگە لە زیانی گیانی هەورەبروسکەکە زیانی مادیشی هەبووە و بوەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە شوێنی روداوەکە.
یەکێک لە پێشمەرگەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، روداوەکە لە کاتی نانخواردندا بوو، 12 پێشمەرگەبوون و شەشیان تەندروستیان خراپ بووە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو یەکێکە لەوانەی دەستی سوتاوە بەهۆی هەورەبروسکەکەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، لە ئێستادا پێشمەرگەکان پێنجیان تەندروستیان جێگیرە و لە فریاکەوتنی رانییە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، بەڵام یەکێکیان بەهۆی ناجێگیری تەندروستییەوە رەوانەی سلێمانی کراوە.



