قوباد تاڵەبانی: هەموومان لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان کاردەکەین
محەمەد رزگار
٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ بە بەشداری قوباد تاڵەبانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان،کۆڕبەندی وەبەرهێنان بەرێوەدەچێت، تێیدا قوباد تاڵەبانی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، زۆرینەی کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆڕبەندەکەدا رایگەیاند، بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ خێراترکردنی پڕۆژەکان لە سلێمانی، هەروەها دەرفەتی زیاتر دەدرێتە قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چالاکردن و بەرەوپێبردنی ئابوری.
وتیشی، کەرتی تایبەت رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە پێشخستنی کەرتی وەبەرهێنان و هەمووان لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان کاردەکەن.
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە وەبەرهێنان و کارکردن لە پڕۆژەکان لە شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، چەندین دەیەیە سلێمانی خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزی ئەمنییە ئەمەش یارمەتیدەرێکی باشبووە بۆ بەرەوپێشچوونی وەبەرهێنان.
ئەوەشی خستەڕوو، سلێمانی ژینگەیەکی لەبارە بۆ هەموو ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی کار بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەکان دەکەن.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم راشیگەیاند، سلێمانی بووەتە پایتەختی وەبەرهێنان و کارسازی بۆ هەموو عیراق، دەشڵێت، کاردەکەن لەپێناو گەشەکردنی ئابورییەکی هەمەجۆر و مۆدێرن و کەمکردنەوەی رۆتین و زیاترکردنی شەفافیەت.
کۆڕبەندەکە لە هۆڵی کارگەى جگەرە لە سلێمانى لەلایەن رێکخراوی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) و یەکەی وەبەرهێنانی سلێمانی رێکخراوە، مەبەست لە بەڕێوەچوونیشی بۆ بەستنەوەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ بە رێکخراوی IFC و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانە، ئەمە جگە لەوەی هەوڵی رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی دارایی دەدات و پشتگیری لە هەمەچەشنکردنی ژێرخانی ئابووری و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت دەکات.
رێکخراوی (IFC) کە ساڵی 1956 دامەزراوە و زیاتر لە 100 وڵات کار دەکات و ئەندامێکی سەرەکیی بانکی جیهانییە، لە ساڵی 2005ـەوە لە عیراق کار دەکات و بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کەرتەکانی بانک، بازرگانی و کشتوکاڵ کردووە و 28 هەزار هەلیکاری رەخساندووە.



