بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا بەفر و بارانبارینی پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گەشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە ناوەڕاست و باکوری هەرێم ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بۆ نیمچە هەور دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکوری رۆژهەڵاتی هەرێم هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بەفر و بارانبارینی پچڕ پچڕ تا کاتەکانی نیوەڕۆ پاشان کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما سێ تا پێنج پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لە ناوچەشاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە، رێگای سەر شاخی گۆیژە، ئەزمەڕ و دۆڵەمیران بە رووی شۆفێراندا داخراون.
لە ئاگادارییەکدا هاتوچۆی سلێمانی داوای لە هاووڵاتیان و شۆفێران کردووە، بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانیان، سەردانی ئەو شوێنانە نەکەن تا ئەو کاتەی دۆخی کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئارام پیرۆت، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری راپەڕین دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، سنوری راپەڕین کادیرێکی بەئەمەک و راستگۆی لەدەستدا.
دەقی پەیامەکەی:
خانمی یەکەمی عێراق پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی ئارام پیرۆت بڵاوکردەوە، کەئەمە دەقەکەیەتی:
بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی (ئارام پیرۆت) بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری راپەڕین، زۆر غەمباربووم.
بەم کۆچە، سنوری ڕاپەڕینی سەربەرز کادرێکی بەئەمەک و راستگۆ و ژیری لەدەستدا، سەرەخۆشی لەخێزان و کەسوکارەکەی ئەکەم، هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، وجێگەی بەهەشت بێت، سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایدەگەیەنێت، بەهۆی بەفربارینەوە زۆربەی رێگاکانی سنوری ئیدارەی سۆران مەترسیدارن و داوا لە هاووڵاتیان دەکات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
لە راگەیەندراوێکدا بەرگریی شارستانیی سۆران داوای لە شۆفێران کردووە، هاتوچۆ لە رێگاکانی سۆران بۆ قەزاکانی (مێرگەسۆر، چۆمان، خەلیفان و سیدەکان) ڕابگرن، چونکە بەپێی پێشبینییەکان ئەمشەو شەپۆلێکی بەفر و بارانی بەلێزمە روو لە ناوچەکە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژمارەیەک شۆفێر و هاووڵاتی بەهۆی گیرخواردنیان لە بەفردا داوای بەهاناوەچوونیان کردووە، بەڵام تیمەکانیان ناتوانن لە یەک کاتدا فریای هەموو رێگاکان بکەون، بۆیە داوا دەکەن هاوکاریان بن و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان رێگاکان بەکارنەهێنن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران رایدەگەیەنێت، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خوێندکاران، سبەینێ سێشەممە لە سەرجەم قوتابخانە و پەیمانگەکانی سنورەکە پشووی رەسمی دەبێت.
لە راگەیەندراوێکدا پەروەردەی سۆران ئاماژەی بەوەکردووە، دوای راوێژ لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامەکان و وەرگرتنی راپۆرتی کەشناسی، دەرکەوتووە شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن.
روونیشیکردووەتەوە، بەهۆی ئەگەری دروستبوونی شەختە و نالەباریی کەشوهەوا، بڕیاردراوە سبەینێ سێشەممە ٢٠ی کانونی دووەمی 2026، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومیی سنوری ئیدارەی سۆران بکرێتە پشوو.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان رایدەگەیەنێت، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خوێندکاران، سبەینێ سێشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنورەکە پشووی رەسمی دەبێت.
لە راگەیەندراوێکدا پەروەردەی گەرمیان ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، پلەکانی گەرما لە سنوری گەرمیان بەتایبەت لە ناحیەکانی مەیدان، شێخ تەویل و بەشێک لە گوندەکان زۆر دادەبەزن.
روونیشیکردووەتەوە، دوای راوێژ لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بڕیاردراوە تەنیا سبەینێ سێشەممە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنورەکە بکرێتە پشوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی کەشوهەواو و دابەزینی پلەکانی گەرما، سبەینێ سێشەممە و رۆژی چوارشەممە پشووی رەسمییە لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن، ئاماژەی بەوەشکردوە بڕیارەکە بۆ پاراستنی سەلامتی گشتییە.
پارێزگاری سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ بەهۆی پێشبینییەکان بۆ دابەزینی پلەکانی گەرما، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، کرایە پشوی رەسمی لە ناوەندەکانی خوێندن بە حکومی و ناحکومیەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەسەر بنەمای راپۆرتی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوای راوێژکردن بە فەرمانگا پەیوەندیدارەکان لە پێناوی پاراستنی سەلامەتیی و تەندروستیی گشتییدا ئەو بڕیارەیان داوە.
پارێزگای هەڵەبجەش بڕیاریدا، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما لە رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی رەسمی بێت.
دواتریش بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی گشتییدا، بڕیارماندا 20 و 21ـی ئەم مانگە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی رەسمی بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی پێشبینییەکان، رۆژانی 20 و 21 ئەم مانگە شەپۆلێکی سەرما روو لە هەرێم دەکات و پێشتریش شارەزایانی کەشوهەوا هۆشداریان دابوو لە هاتنی شەپۆلەکە و داویان کردبوو لە ناوەندەکانی خوێندن بکریتە پشوو
عەتا محەمەد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی هاوکارییەکان، 536 کەیس هاوکاری وەردەگرن، کە دوکان و شوێنی بازرگانی، هەروەها ئۆتۆمبێل و ژمارەیەک خێزانی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ لە خۆدەگرێت.
عەتا محەمەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ: رایگەیاند، ئەمڕۆ دەستدەکەن بە دابەشکردنی قۆناگێ سێیەمی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، کە نزیکەی دوو ملیارو 500 ملیۆن دینار لە خۆدەگرێت.
ناوبرا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ 285 دوکان و شوێنی بازرگانی هاوکاری دەکرێن و 112 ئۆتۆمبێل و 139 ئۆتۆمبێلی دیکەيش، کە سکاڵایان هەبووە هاوکاری دەکرێن، کە بە شێوەیەکی گشتی کەیس هاوکری دەکرێن.
عەتا محەمەد، جەختیشیکردەە، سبەینێشش هاوکاری بەسەر ئەو یەکە نیشتەجێبونانە دابەشدەکرێت، کە پێشتر تۆمار نەکرابوون، کە ژمارەیان 386 شوێنی نیشتەجێبوونە، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پێشتر هاوکاری کرابوون، بەڵام هاوکاریەکان کەم بوون، ئەوانیش 430 کەیسن و هاوکارییەکانیان بۆزیاد کراوە.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، وریابن و نەکەونە داوی دەنگۆ ناڕاستەکان، جەختیشیکردوەتەوە سەرجەم ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن لە حەسەکە کۆمەڵکوژی ئەنجامدراوە دورن لە راستییەوە.
ئیلهام ئەحمەد لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن و نەکەونە داوی دەنگۆ ناراستەکان، کە با سلەوە دەکەن لە حەسەکە کۆمەڵکوژی ئەنجامدراوە.
باسی لەوەشکردوە، تەواوی ئەو چەواشەکاریانە لەلایەن گروپە توندرەوەکانی سەر بە دیمەشقەوە بڵاودەکرێنەوە، بە مەبەستی تێکدانی ئاگربەست و نانەوەی گرژیی و زەمینەسازی بۆ هێرشکردنە سەر حەسەکە و کۆبانی.
ناوبرا جەختیشیکردوەتەوە لەوەی ئەوان بەتەواوەتی پابەندی ئاگربەستن و کاردەکەن بۆ یەکخستنەوەی هەموو هێزەکان لە حەسەکە.
مەزڵوم کۆبانێ دەڵێت: شەڕێكی نابەرامبەرمان بەسەردا سەپێنرا و شكستمان نەهێناوە و نەڕووخاوین.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' پەیامێکی لەبارەی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سوریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 6ی ئەم مانگەوە شەڕێكی سەخت و دژوار دەستیپێكردووە و لەو شەڕەدا ژمارەیەكی زۆر شەهید و بریندارمان داوە.
وتیشی، سبەینێ سەردانی دیمەشق دەكەین بۆ گفتوگۆكۆدن لەسەر رێككەوتن و دەمانەوێت رێگە لە شەڕ بگرین و ئەوەی هەیە نەبێتە شەڕێكی ناوخۆیی.
مەزڵوم کۆبانێ ئەوەشی خستەروو، لەناوچەكانی دێرەزوور و رەققە كشاینەوە بۆ حەسەكە بۆ رێگرتن لە شەڕ، دەشڵێت؛ شكستمان نەهێناوە و نەڕووخاوین.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕێكی نابەرامبەرمان بەسەردا سەپێنرا و جەخت لە پاراستنی دەستكەوتەكان و هەرێمەكەمان دەكەینەوە.
لە نەخۆشخانەی شار نەشتەرگەرییەکی هەستیار بۆ هاووڵاتییەکی تەمەن 42 ساڵ ئەنجامدرا و دەزییەکی 3.5 سم لە قورگی نەخۆشەکە دەرهێنرا.
بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی هاووڵاتییەک سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیەی کرد و باسی لەوەکرد کە دوای ئەوەی ژەمێک مریشکی خواردووە هەست دەکات گیربوونێک لە قورگیدا هەیە و كاری تەندروستی پێویستی بۆ کرا و رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە نەخۆشخانەی شار پزیشکەکان دڵنیابوون لە گیربوونی تەنێکی نامۆ لەبەشی خوارەوەی قوڕگی و نزیکبوونەوەی لە فەقەراتی ملی بە پەلە نەشتەرگییان بۆ ئەنجامدا، هەروەها دەرزییەکی 3.5 سم لە قوڕگی نەخۆشخەکە دەرهێنا کە بەوتەی نەخۆشەکە دەرزییەکە لەناو ئەو مریشکەبووە کە خواردویەتی.
لەسنوری گەرمیان روداوێکی هاتوچۆ لە نێوان دوو پیکئابدا رویدا و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتی هاوتوچۆی گەرمیان بڵاویکردەوە، ئەمشەو لە گوندی باریکەی سەر بە ناحیەی قۆرەتوو، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پیکاب کە بە ئاراستەی گوندی باریکە رۆیشتووە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی جۆری مسیبوشی پیکاب بەئاراستەی ساڵەح ئاغا رۆیشتووە پێکیانداداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد،، لەئەنجامدا شۆفێر و دوو سەرنشینی نیسان پیکابەکە برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژارکران.
هاتوچۆی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، لێکۆڵینەوە لەروداوەکە لەلایەن تیمی هاتووچۆوە دەستیپێکردووە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا لە بارەی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی نوێی هەرێم و حکومەتی نوێی فیدراڵ، لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، دەبێت ئەولەوییەتی هەر دوو حکومەتی داهاتووی هەرێم و فیدراڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بێت و پێکەوە کار بکەن بۆ گەشەپێدانی ئابوری عێراق و کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی سوریا کرا، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا دەربڕی و رایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی جدی بدات بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە و هەنگاوی جدیش بنێن بۆ دابینکردن و گەرەنتیکردنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی سوریایەکی سەربەخۆ و دیموکراتیدا.
بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی کە ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی دەرچووە، گۆڕانکاری لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەکانی زەلان و زەڕایەن ئەنجامدرا.
بەگوێرەی نووسراوەکە کە وێنەیەکی دەست (کوردسات نیوز) کەوتووە و ئیمزای شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی لەسەرە، بریاردراوە بە گواستنەوەی راژەی (غەریب عەلی فەتحوڵڵا) لە دیوانی پارێزگاوە بۆ سەر میلاکی قائیمقامیەتی قەزای شارباژێڕ و وەک بەڕێوەبەری ناحیەی زەلان دەستبەکار دەبێت.
هەروەها بڕیاردراوە بە گواستنەوەی راژەی (سەلام عومەر ئیبراهیم) بۆ سەر میلاکی قائیمقامیەتی قەزای شارەزور و وەک بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن دیاریکراوە.
لە فەرمانەکەدا هاتووە، (ئاوارە حەمە شەریف) کە پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی زەلان بووە، لە پۆستەکەی بەخشراوە و گواستراوەتەوە بۆ دیوانی پارێزگا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزن، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەش شەختە دروست دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکان، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاریگەریی شەپۆلەکە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، باران بە شێوەی پچڕپچڕ و لە ناوچە شاخاوییەکان و سنورییەکان بەفر دەبارێت. پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلە دادەبەزن.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ دووشەممە، کاریگەریی شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن، بەتایبەت لە کاتەکانی بەرەبەیاندا.
هۆشداریش دەدات کە لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەتایبەت لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، ئەگەری دروستبوونی شەختە لە کاتەکانی بەرەبەیاندا هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی 1ـی 2026، بڕیاربوو لە هەولێر نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبکرێت، بەڵام بەنزین دابەشکراوە و داوای گەڕاندنەوەی دەکرێت.
هاووڵاتییەک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، "نزیکەی 20 خێزان بەنزینەکەیان وەرگرتووە، ئەمەش کێشەی بۆ دروستکردووین".
بەرپرسانی دابەشکردنی نەوتی هەولێریش دەڵێن، "بەهۆی هەڵەی کارمەندێکەوە بەنزین لەبری نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراوە، خۆشبەختانە زوو پێمانزانیوە و ئەو خێزانانەی کە بەنزینەکەیان وەرگرتووە ئاگادارکراونەتەوە کە بیگەڕێننەوە، لێکۆڵینەوەش دەکەین بۆئەوەی لایەنی کەمتەرخەم سزا بدرێت".
هاووڵاتییەکی دیکەش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، "ئەمە مەترسییەکی گەورەیە و هەر کەسێک بەکاریبهێنیت مەترسی تەقینەوەی سۆپاکەی هەیە".