قوباد تاڵەبانی: جەماوەری یەکێتی دڵخۆشن کە هیچ کاتێک یەکێتییەکەیان وەک ئێستا یەکڕیز نەبووە
سام
١٧ی ئازاری ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال هەردوو بۆردی تێکۆشەرە دێرینەکان و بۆردی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەسەر کردەوە و بە ئامادەبوونی رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی و رەهبەر سەید برایم سەرۆکی بۆردی تێکۆشەرە دێرینەکان و زیاد جەبار، سەرۆکی بۆردی رێکخستن بە جیا لەگەڵ ئەندامانی هەردوو بۆردەکە کۆبووەوە.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە 17ـی 3ـی 2026 بەڕێوەچوون، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستیی گۆڕانکاری و چاکسازییەکانی ناو یەکێتی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە گۆڕانکارییەکان لە هەیکەل و بەرپرسیارێتییەکان لەناو یەكێتییدا دەستی پێ کردووە.
لەمبارەیەوە لێپرسراویی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند: هەر حزبێکی سیاسی بۆ ئەوەی گەشە بکات بەردەوام پێویستی بە گۆڕانکاری و خۆڕێکخستنەوە و خۆگونجاندنە لەگەڵ سەردەم و خواست و داواکارییەکانی خەڵک.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا: دەستخۆشیتان لێدەکەم کە لە ماوەی رابردوودا هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ چاکسازی، بەڵام دەبێت لە پرۆسەکەدا گرنگییەکی زۆر زیاتر بدەین بە چۆنییەتی نوێکردنەوە و داڕشتنەوەی هەیکەلییەتی حیزب و پەروەردەکردنی کادری شارەزا و لێهاتوو بۆ قۆناغەکە. جەختیشی کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن لەم پرۆسەیەدا ئەرک و بەرپرسیارێتی بە کەسی شیاو بسپێردرێت و رێز لە تێکۆشەرە دێرینەکان بگیرێت و سوود لە ئەزمونی دەوڵەمەندییان وەربگیرێت، هەروەها هەماهەنگی لەنێوان بۆردەکانی حکومەت و رێکخراوەکان و تەواوی بۆردەکانی دیکەی بە گرنگ و پێویست زانی لە پرۆسەی رێکخستنەوە و گۆڕانکارییەکاندا.
لە بەشێکی دیکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە یەکڕیزی ناوماڵی یەکێتی کرد و رایگەیاند: ئێستا جەماوەری یەکێتی دڵخۆشن کە هیچ کاتێک یەکێتییەکەیان وەک ئێستا یەکڕیز نەبووە. هەربۆیە دەبێت رۆژ لە دوای رۆژ ئەم یەکڕیزییە بەهێزتر بکەین، بۆ ئەمەش دەبێت بە دڵسۆزی و بە روحی هەڤاڵانەوە کار بکەین و ئەرک و ناونیشان لێک جیا بکەینەوە، چونکە هەموومان ئەرکمان هەیە بەرامبەر بە پێشخستنی یەکێتی، بەڵام هەموومان پۆست و ناونیشانمان نییە، کادر و ئەندامی دڵسۆز بەبێ گرنگیدان بە پۆست و ناونیشان ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات.


