سەرکونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: بە ئەوپەڕی ڕێز و خەمەوە، یاد و یادەوەریی قوربانیانی ئەم کارەساتە گەورەیە بەرز ڕادەگرین و هاوسۆزی و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە داغدارەکان و خەڵکی شەریف و شەهیدپەروەری هەڵەبجە و هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین.

دەقی پەیامەکە

به ناوی خودای گەوره

سی و هەشتەمین ساڵیادی کارەساتی لەبیرنەکراوی کیمیابارانکردنی خەڵکی مەزڵوومی و ستەملێکراوی هەڵەبجەی ئازیز، وەبیرهێنەرەوەی یەکێکە لە هەرە خەمناکترین لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی هاوچەرخی جیهان لە دەفتەری قوربانیانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیدا؛ رووداوێک کە تێیدا هەزاران مرۆڤی بێتاوان، لە ژن و پیاو و منداڵ و بەساڵاچوو، بەهۆی بەکارهێنانی نامرۆڤانەی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعسی عێراقەوە، گیانیان سپارد و شارێکی لێوانلێو لە ژیان و گەشانەوە لە کوردستانی عێراقدا، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بوو بە وێنەیەکی کورت لە ئازار و مەزڵوومییەت.

بە ئەوپەڕی ڕێز و خەمەوە، یاد و یادەوەریی قوربانیانی ئەم کارەساتە گەورەیە بەرز ڕادەگرین و هاوسۆزی و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە داغدارەکان و خەڵکی شەریف و شەهیدپەروەری هەڵەبجە و هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین. کارەساتی دڵتەزێنی هەڵەبجە، هۆشدارییەکی خەمناکە بۆ ویژدانی خەوتووی مرۆڤایەتی تاوەکو هەرگیز ڕێگە نەدەن کاری نامرۆڤانەی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە.

سەرکونسوڵگەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی هەڵەبجە، جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستیی پابەندبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بنەما مرۆییەکان، هەوڵی هاوبەش بۆ ئاشتی و ئارامی جیهانی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ دەکاتەوە.

بەو ئومێدەی کە یادی ئەم قوربانییە بێتاوانانە ببێتە هەوێنی هەوڵی زیاتر بۆ بنیاتنانی جیهانێکی خاڵی لە توندوتیژی و چەکی کۆمەڵکوژ، و داهاتوویەکی لێوانلێو لە ئاشتی، پێکەوەژیان و ڕێزی دوولایەنە بۆ هەموو گەلان.

سەرکونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی – عێراق