قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق، لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی ئاڕاستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و دەڵێت:  کیمیابارانی هەڵەبجە یەکێکە لە "دڕندەترین تاوانەکانی مێژوو.

لە پەیامەکەیدا، ئاماژەی بەوەکردووە کە کیمیابارانی هەڵەبجە یەکێکە لە "دڕندەترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخ" و رایگەیاندووە: "ئەم مەرگەساتە برینێکی قووڵە لە یادەوەرەی عیراق و هەموو مرۆڤایەتیدا، هەروەها وەک شایەتێکی زیندوو لەسەر مەترسیی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو دژی خەڵکی سڤیل دەمێنێتەوە."

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر پابەندیی نەگۆڕ کردەوە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و چەسپاندنی دادپەروەری و کاروخەباتی هاوبەش بە مەبەستی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی هاوشێوە لە داهاتوودا.

لە کۆتاییدا، قاسم ئەعرەجی دروودی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی عیراق نارد و جەختی کردەوە کە یادیان هەمیشە لە ویژدانی نەتەوەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.