بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژاوەژاو و پاراستنی ئارامی بۆ هاووڵاتیان، رێگری لە بەکارهێنانی بڵندگۆی دەستگێڕ و فرۆشیارەکان لە ناوەندی بازاڕی چەمچەماڵ دەکرێت.

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی دروستکردنی بێزاری بۆ هاووڵاتیان و دروستبوونی جەنجاڵی، چیتر رێگە بە بەکارهێنانی بڵندگۆ لەلایەن فرۆشیارانی ناوبازاڕەوە نادرێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، لیژنەکە ئاماژەی بەوەکرد، هەر فرۆشیارێک پابەندی بڕیارەکە نەبێت، دەست بەسەر ئامێرەکەیدا دەگیرێت و رێکاری یاسایی توند بەرانبەر خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی رەوش و ئارامی بازاڕ بپارێزرێت.