هەواڵەکانهەواڵەکان

لێپرسراوێكی باڵای ئیدارەی خۆسەر جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە دەبێت دیمەشق دەستبەرداری مەركەزیەت بێت و ناسنامەی سەرجەم پێكهاتەكان قبوڵ بكات.

ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، پێویستە حكومەتی سوریا لەجیاتی پێداگربوون لەسەر مەركەزیەت، هەوڵی قبوڵكردنی ناسنامەی تەواوی پێكهاتەكان بدات و كۆنگرەیەكی نیشتمانی بە بەشداری هەموو لایەنەكان ئەنجام بدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە بەپێی رێككەوتنەكانیان لەگەڵ حكومەتی سوریا دەبوایە كۆچبەران بگەڕێنرێنەوە، بەڵام تا ئێستا لیژنەی گەڕانەوەی كۆچبەران یەك كۆبوونەوەشی ئەنجام نەداوە، ئەوەش ئاستەنگ بۆ قۆناغی راگوزەر دروستدەكات و وڵاتەكە بەرەو شەڕێكی دیکەی ناوخۆیی دەبات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێنج ساڵ بەسەر تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت تێپەڕی، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 220 كەس.

لە ساڵیادی ئەو رووداوەدا، جوزیف عەون سەرۆكی لوبنان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردوەتەوە، نوسویەتی، بەردەوام دەبین لە فشارخستنە سەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی هەموو ئەو كەسانەی بەرپرسیارن لە تاوانەكە بدرێنە دادگا، بەبێ گوێدانە پۆست و پەیوەندییەكانیان.

ئاماژەی بەوەشكردوە، دەوڵەتی لوبنان، بە هەموو دامەزراوەكانییەوە، پابەندە بە ئاشكراكردنی تەواوی راستییەكان، یاساش بەبێ جیاوازی هەمووان دەگرێتەوە.

ئێوارەی 4 ی ئابی 2020، تەقینەوەیەك لە عەمباری12ی بەندەرەی بەیروت روویدا كە نزیكەی دوو هەزار و 750 تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدابووە و لە ساڵی 2014ەوە لەو عەمبارەدا هەڵگیرابوون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی مەترسی دروستبوونی لافاوەوە دەیان هەزار کەس لە دانیشتوانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی پەکین لە چین گواستراونەتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.

میدیاکانی چین رایانگەیاند، لێپرسراوانی هەرێمی پەکینی پایتەختی چین 70 هەزار کەسیان لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی مەترسی دروست بوونی لافاویان لەسەرە گواستووەتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە کە مەترسی لافاویان لەسەر نیە.

شارەزایانی کەشوهەوا لە چین ئاشکرایانکرد، پێشبینی دەکرێت سبەینی سێشەمە لەماوەی تەنها شەش کاتژمێردا 200 ملیمەتر باران ببارێت کە ئەوەش مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو زیاد دەکات لە ناوچەکانی پەکینی پایتەخت، کە تێکڕای ساڵانەی رێژەی باران بارین لەو هەرێمە 600 ملیمەترە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو بەهۆی باران بارینی زۆر بۆ ماوەی چەندین رۆژ و دروستبوونی لافاوەوە لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی پەکینی پایتەختی چین 44 کەس گیانیان لەدەستدا و  لانیکەم 15 کەسیش بێسەروشوێن بوون .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئامادەیی دەربڕی بەمەرجی بەدەمەوەچوونی بارمتەكانی دەستی حەماس لەلایەن خاچی سوورەوە، رێڕەوی مرۆیی بۆ غەززە بكاتەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ جۆلیان لاریسۆن، سەرۆكی خاچی سووری نێودەوڵەتیی لە ئیسرائیل و فەڵەستین قسەی كردووە و داوای لێ كردووە بەپەلە فریای ئەو بارمتانە بكەوێت كە ئێستا لە دەستی حەماسدان، چونكە خەریكە بەهۆی برسییەتی و نەخۆشییەوە لەناو زیندانی تونێلەكان گیان لەدەست بدەن، لەبەرانبەر ئەوەشدا رێڕەوی مرۆیی بۆ غەززە دەكاتەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی سێ ڤیدیۆیان بڵاوكردەوە كە تیایاندا هەردوو بارمتەی ئیسرائیل ( رۆم براسلافسكی و ئیفیاتار داڤید) لە رەوشێكی زۆر خراپدا دەردەكەون.

خاچی سووریش لە ئێكس بڵاویكردووەتەوە، بە بینینی ئەو گرتانە نیگەران بوون و داوا دەكەن ئەم رەوشە كارەساتبارە دەستبەجێ كۆتایی بێت.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ لە بڵاوکراوەیەکدا داوا لە سوریەکان دەکات یەکگرتووبن و کێشەکانیان لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەربکەن.

تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، دیپلۆماسیەت باشترین رێگەیە بۆ چآرەسەرکردنی کێشە و بنیادنانی چارەسەرێکی ئاشتیانەی هەمیشەی لە سوریا.

بڵاویشیکردەوە، وڵاتەکەی شانازیدەکات بە هەوڵەکانی  لەگەڵ فەرەنسا بۆ نێوەندگیریکردن بۆ کۆتایهێنان بە گرژیەکان لە سوەیدا و یەکخستنەوەیی ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵات لەمیانەی هەواڵەکان بۆ سوریایەکی یەکگرتوو.

باراک ئاماژەی بەوەشکردەوە، رێگەی بەرەوپێشچونی خەڵکی سوریا بەدەست خۆیانە هەروەها ئارامی ناوچەکەیان بپارێزن کێشەکان لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەربکرێت نەوەک خوێن رشتن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی هەڤاڵ سەرکەوت زەکی وەک سەرپەرشتیاری نوێی مەڵبەندەکانی سلێمانی و چەمچەماڵ بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا، سەرۆک بافڵ ستایشی رۆڵ و ماندووبوونی هەڤاڵ زیاد جەباری کرد و وتی، لە ماوەی کارکردنیدا خەمخۆرانە و یەکێتییانە ئەرکەکانی راپەڕاندووە و جێگەی متمانەی هەموومان بووە. لە ئەرک و بەرپرسیارێتیی داهاتووشیدا وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانی دەبین.

هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی پیرۆزبایی لە هەڤاڵ سەرکەوت زەکی کرد، هیوای خواست لەم ئەرکە نوێیەیدا سەرکەوتووبێت و جەختی لە گرنگیی پێگەی سلێمانی و چەمچەماڵ بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، پێگەی سلێمانی بۆ ئێمە ستراتیجییە، هەم بنچینەی رێکخراوەییمانە و هەم وزەی بەردەوامیی تێکۆشانی سیاسیی گەلە، بۆیە پابەندین بە خزمەتکردنی زیاتری شارەکە و کارکردن لەگەڵ خەڵکە تێکۆشەرەکەیدا بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشتر.

سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە خەباتی خەڵکی خۆشەویستی چەمچەماڵ لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و وتی، ئێوە لانکەی کوردایەتین و ناوچەکانتان شایستەی ئاوەدانیی زیاترن، دڵنیابن لە جاران بە پەرۆشتر کار دەکەین تاوەکو زیاتر خزمەتتان بکەین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە 24 سەعاتی رابردوودا بەهۆی ھێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، 94 کەس کوژراون و 439ی دیکەیش برینداربوون، بەمەش ژمارەی کوژراوان گەیشتە نزیکەی 61 هەزار کەس.
ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی کە لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023وە تا ئێستا لە ئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، بەرزبووەوە بۆ 60 ھەزار و 933 کەس و ژمارەی بریندارانیش، گەیشتە 150 ھەزار و 27 کەس.
هاوکات بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، ژمارەی ئەو کەسانەی لە 18ی مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستا لەھێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆسەر غەززە کوژراون، بەرزبووەتەوە بۆ نۆ ھەزار و 440 کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 37 ھەزار و 986 کەس.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەردەوامدەبین لە شەڕی غەززە  وتیشی، تابەدیهێنانی سێ ئامانجی سەرەکی لەو شەڕە ناوەستین.

ناتایناهۆ دەشڵێت، پێویستە بەردەوام بین لە شەڕکردن بۆ گەیشتن بە سێ ئامانجی ئەو شەڕەی کە دەستمان پێکردووە، ئامانجەکانیش بریتین لە "شکستپێهێنانی دوژمن و ئازادکردنی بارمتەکانمان و بەڵێندان کە غەززە چیتر مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروستناکات".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کابینەی حکومەت بانگهێشت دەکەم بۆ ئاراستەکردنی سوپای ئیسرائیل بەرەو گەیشتن بەم سێ ئامانجە.

ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە ڕایگەیاندووە، "ناتانیاهۆ کاردەکات بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانیانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون هاوتەریب لەگەڵ چارەسەری سەربازی".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، رۆژی دووشەممە، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە دکتۆر موحی مورتەزا قەزوینی، سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنەکە و لە دیدارەکەدا، پلانی پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا تاوتوێ کرا.

هەروەها، گفتوگۆ لەسەر رێکارەکانی رێکخستنەوەی بەڕێوەبردنی دامەزراندن و پرۆسەی خستنە سەرکار لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا تاوتوێ کرا کە ئامانج لێی دامەزراندنی سیستەمێکی کارگێڕی مۆدێرنە کە ئاستی خزمەتگوزارییە حکومییەکان بەرز بکاتەوە.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پشتگیریکردنی ئەنجومەنەکە کردەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکە گرنگەکانی لە پەرەپێدانی سیستەمی کارگێڕیدا جێبەجێ بکات.

 هەروەها، ئاماژەی بە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی گشتیی کارکردن و پەیڕەوکردنی میتۆدی کاریگەر کردەوە کە بەشداربن لە بەرزکردنەوەی لێهاتوویی کاری دامەزراوەیی و رێکخستنی پێکهاتەی کارگێڕی.

 سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە کە دامەزراندنەکان دەبێت بەپێی یاسای ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی و بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیدا هاتووە جێبەجێ بکرێت ، هەروەها پەیڕەوی لە شێوازی پیشەیی و کارگێڕی دادپەروەرانە بکرێت و پێداویستی راستەقینە و لێهاتوویی و شارەزایی لە پسپۆڕیدا لەبەرچاو بگیرێت.

لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدەکە سوپاسی بەدواداچوون و پشتیوانی تەواوی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ ئەنجومەنەکە لە پەرەپێدانی بنەماکانی کاری کارگێڕیدا. 

هەروەها، پابەندبوونی خۆیان بە چەسپاندنی بنەماکانی کاری پیشەیی بەپێی پێوەرەکانی لێهاتوویی و شارەزایی دووپاتکردەوە.

سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنەکە روونکردنەوەیان لەسەر پلان و بەرنامە پەسەندکراوەکان لە پرۆسەی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا پێشکەش کرد.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی روسیا رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا (MI6) پلانی هەیە کە هاوپەیمانەکانی لە "ناتۆ" بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان دژی ئەوەی بە "کەشتیگەلی سێبەر"ی روسیا ناسراوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی روسیا، "لەندەن پلانی ئۆپەراسیۆنێکی تێکدەرانەی گەورە دادەڕێژێت بە بەکارهێنانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە گواستنەوەی نەوتی روسی هەڕەشەیە بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی."

راگەیەندراوەکە وردەکاریی زیاتری لەبارەی پلانەکەوە خستووەتەڕوو، لەوانە:

سیناریۆی یەکەم: دروستکردنی رووداوێک بۆ کەشتییەکی نەوتهەڵگری "قاچاخ" لە یەکێک لە خاڵە ستراتیژییە قەرەباڵغەکانی هێڵە دەریاییەکان، بۆ نموونە لە یەکێک لە گەرووە دەریاییەکان.

سیناریۆی دووەم: ئاگرتێبەردانی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی بارکردندا لە بەندەری وڵاتێکی دۆستی روسیا، بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ژێرخانی بەندەرەکە و کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی.

جێبەجێکاران : لەندەن بەنیازە هێزە ئەمنییەکانی ئۆکراین رابسپێرێت بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی روسیا بە بەکارهێنانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان. راگەیەندراوەکە دەڵێت، "کەمئەزموونیی ئۆکراین لە شاردنەوەی بەڵگەکان وەک گەرەنتییەک سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی هیچ دەرەنجامێکی یاسایی رووبەڕووی بەریتانیا نەبێتەوە."


ئامانجی سیاسی: ناچارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای توندی لاوەکی (secondary sanctions) بەسەر کڕیارانی سەرچاوەکانی وزەی روسیادا. هەروەها، هەڵبژاردنی کاتێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە تا کاریگەرییە میدیاییەکەی بۆ فشارخستنە سەر دۆناڵد ترەمپ بەکاربهێنرێت.

ئەم تۆمەتانە لە کاتێکدایە کە دوێنێ، زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، سزای بەسەر 5 کۆمپانیا و 94 کەسایەتیدا سەپاند کە لە چەند وڵاتێکی جیاوازن، لەنێویاندا کاپتنی چەند کەشتییەک کە گوایە پەیوەندییان بە "کەشتیگەلی سێبەر"ەوە هەیە.

پێشتریش ئۆکراین سەرنجی بۆ ئەو بابەتە راکێشابوو. لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوودا، پەرلەمانی ئۆکراینلە خوێندنەوەی یەکەمدا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سزا، بە مەبەستی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەشتی و فڕۆکانەی کە تۆمەتبارن بە "گواستنەوەی نهێنی"ی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا. لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە کە "کەشتیگەلی سێبەر"ی ڕووسی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئۆکرانیا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەسەدە هێزەکانی حکومەت بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی لە دێر حافر تۆمەتبار دەکات و دەڵێت "مافی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەمان بەکارهێناوە"

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ دووشەممە، رایانگەیاند کە لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سوریا لە ناوچەی دێر حافری سەر بە پارێزگای حەلەب تووشی پێکدادان بوون.

هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، هێزەکانی سەر بە حکومەت "هێرشیان" کردووەتە سەر چوار پێگەیان لە ناوچەکە. هەروەها، هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەختیان کردەوە کە هێزەکانیان "مافی خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە بەکارهێناوە و وەڵامی پێویستیان داوەتەوە بۆ بەرگریکردن لە پێگە کانیان".

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە رۆژی شەممەی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، تۆمەتیان ئاڕاستەی یەکتر کرد سەبارەت بە هێرشێک لە شاری منبج لە باکووری وڵات، ئەمەش سێبەر دەخاتە سەر رێککەوتنە مێژووییەکەی تایبەت بە یەکگرتنەوە کە هەردوولا لە مانگی ئازاردا ئیمزایان کرد

ئاژانسی "سانا"ی رەسمی سوریا بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری، هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە ئەنجامدانی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر یەکێک لە پێگەکانی سوپا لە دەوروبەری منبج تۆمەتبار کردووە، کە بووەتە هۆی برینداربوونی چوار سەرباز و سێ هاوڵاتی مەدەنی. وەزارەتەکە هێرشەکەی بە "نا بەرپرسانە" و هۆکارەکانی بە "نادیار" وەسفکردووە.

لەلایەن خۆیەوە، هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "گروپە چەکدارە سەرەڕۆکانی ناو ریزەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریا، بەردەوامن لەسەر هەراسانکردن و دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر ناوچەکانمان لە ناوچەی دێر حافر." هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێوارەی رۆژی شەممە، ئەو گروپانە بە زیاتر لە 10 گولـلەهاوەن و بەبێ هیچ پاساوێک.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە سنووری قەزای بەردەڕەش، چوار گەنج لە کاتی مەلەکردندا لە رووباری خازر خنکان.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی ئاکرێ، تیمەکانیان کاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی چوار تەرم لە رووباری خازر لە سنووری گوندی قایماوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، ئەو چوار گەنجە دووانیان برای یەکترن و دووانەکەی دیکە ئامۆزان، دانیشتووی گوندی "بەردەڕەش بچووک"ی سەر بە قەزای بەردەڕەشن.

ناوی گەنجە خنکاوەکان بریتین لە:

ئوسامە محەمەد عەزیز، لەدایکبووی ساڵی 2003
مەحمود جەمال عەبدولواحید، لەدایکبووی ساڵی 2004
بیلال کەمال مستەفا، لەدایکبووی ساڵی 2007
محەمەد کەمال مستەفا، لەدایکبووی ساڵی 2008.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە جەختی لەسەر پێویستیی گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان لە کەرتی غەززە بەبێ هیچ مەرجێک کردەوە و رایگەیاند، ئیسرائیل هیچ رێککەوتنێک قبووڵ ناکات کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بسەپێنرێت.

ساعر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، حەماس هەوڵدەدات مەرجگەلێک بسەپێنێت کە مانەوەی لە دەسەڵاتدا لە کەرتی غەززە مسۆگەر بکات، ئەمەش شتێکە کە ئیسرائیل بە توندی رەتیدەکاتەوە. ناوبراو وتیشی، ئیسرائیل هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان دەدات و پێی باشە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بگاتە چارەسەر.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە هەوڵێکی ئەمریکی بۆ داڕشتنی دیدگایەک بۆ قۆناغی دوای شەڕ لە غەززە لە ئارادایە و جەختی کردەوە کە ئیسرائیل ئەم دۆسیەیە بە وردی لەگەڵ واشنتۆن تاوتوێ دەکات. هەروەها دووپاتیکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەنیازە بەهێزەوە دەستوەردان بکات بۆ کەمکردنەوەی کارەساتی مرۆیی لە غەززە و هەماهەنگیی بەردەوام لەمبارەیەوە هەیە.

لەلایەکی ترەوە، ساعر رەخنەی لە هەڵوێستی هەندێک وڵاتی رۆژئاوایی وەک فەرەنسا، کەنەدا و بەریتانیا گرت و ئەو رێوشوێنانەی کە بەرامبەر بە ئیسرائیل گرتوویانەتەبەر، بە "خەڵاتێک بۆ حەماس" ناوبرد کە دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی شەڕەکە لەبری کۆتاییهێنان پێی. داوای لەو وڵاتانە کرد کە لە دەرەنجامی کارەکانیان تێبگەن و وتی، ئەوەی کردوویانە پشتگیرییەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ حەماس.

ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە دیاردەی رفاندنی هاوڵاتیانی سڤیل کردەوە و بزووتنەوەی حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە هاوڵاتییە مەدەنییەکانی فەڵەستین دەترسێنێت و وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاریاندەهێنێت.

لە کۆتاییدا، ساعر دووپاتیکردەوە کە هیچ شوێنێک بۆ حەماس لە داهاتووی کەرتی غەززەدا نییە، مەگەر چەکەکانیان دابنێن و دەستبەرداری ڕێبازە چەکدارییەکەیان ببن.

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاتێکدا دێت؛ کە حەماس بەردەوام رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری چەکەکانی ببێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێکی وەزاری، پلەی (12،010) پێشمەرگە و ئەفسەری سەر بە دیوانی وەزارەت و لیواکانی پیادەی بەرزکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیارەکە پاڵپشتە بە ماددەی چواردە لە پەیڕەوی نیزامیی راژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە (6)ی ساڵی 2011، کە تایبەتە بە یاسای ژمارە (38)ی ساڵی 2007.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پلە بەرزکردنەوەیە گوزارشتە لە خشتەی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆزی ساڵی 2025ی کارمەندان و بەپێی ڕێنماییەکانی فەرمانی وەزاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی گشتی ژمارە (6033)ی دەرچوو لە 4ی کانوونی یەکەمی 2011، ئەنجامدراوە.

ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پڕۆسەی کارگێڕی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دێت و ساڵانە بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانە ئەنجام دەدرێت کە شایستەی پلە بەرزکردنەوەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وابڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە  CNNی عەرەبی چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڵاوبکاتەوە، کە تیایدا باسی قۆناغەکانی ژیانی لە سلێمانییەوە تا کۆشکی سەرۆکایەتی دەکات.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، ماڵپەڕی CNNـی عەرەبی، چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، بڵاوبکاتەوە.

لەو چاوپێکەوتنەدا، خانمی یەکەم تیشک دەخاتە سەر قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی، لە منداڵی و گەورەبوونی لە شاری سلێمانییەوە، تا دەگاتە گواستنەوەی بۆ ژیانی سیاسی و کارکردن لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە هیچ پشکێنەرێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئێستادا لە ئێران بوونی نییە و رەتیکردەوە ئامادەبن دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامبدەن.

بەقایی ئاماژەی بەوەدا کە ئێران چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەبێت بەپێی بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان کاربکەن و خۆیان لە کەوتنە ژێر کاریگەریی وڵاتان بەدوور بگرن.

ناوبراو وتیشی: "گلەیی و ناڕەزایەتییەکانمان سەبارەت بە کارە سیاسییەکانی ئاژانس بە تەواوی روونە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە هاوکارییەکانی ئاژانس لەگەڵ ئێراندا دەبێت بەپێی نوێترین بڕیاری پەرلەمانی ئێران هەماهەنگ بکرێت. بەپێی ئەو بڕیارە، حکومەتی ئێران پابەندکراوە بە هەڵپەساردنی هەرجۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم تا ئەو کاتەی دڵنیایی لە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و ئاسایشی ناوەند و زانا ئەتۆمییەکانی ئێران دەدرێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) لەبارەی بەکارهێنانی میکانیزمی هاندان (Trigger Mechanism)، بەقایی رایگەیاند: "ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە بە هیچ شێوەیەک مافی یاساییان نییە بۆ خراپ بەکارهێنانی میکانیزمی هاندان."

میکانیزمی هاندان، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام)دا هاتووە، رێگە بە گەڕانەوەی خودکارانەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دەدات لە ئەگەری پابەندنەبوونی تاران بە رێککەوتنەکەوە.
وته‌بیژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیران له وه‌لامی پرسیارێکدا که ئایا ئه‌گه‌ری هه‌یه دانوستانی ئێران و ئه‌مریکا به شێوه‌ی راسته‌وخو بکرێت، رایگه‌یاند: نەخێر، هیچ نێتێک نییە بۆ ئەوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...300301302303304...1078