هەواڵەکانهەواڵەکان

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکی نوێیدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار، کە بەشی یەکەمی بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن کوردسات نیوزەوە کراوە بەکوردی، تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق، خاڵە ناکۆکەکان، دواخستنی کۆبوونەوەی پاریس، پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، هەوڵەکان بۆ داهاتووی سوریا، هەڵوێستی پێکهاتەکان و رۆڵیان، هەوڵەکانی کورد و پەیوەندی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان. هاوکات رایگەیاند؛ کە چەمکی یەکگرتنەوە بە واتای هاوبەشی دێت و سوریای نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی نوێ لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی وڵاتدا دادەمەزرێت. جەختیشی کردەوە کە "یەکگرتنەوە بە زۆر ناسەپێنرێت".

دەقی بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەی مەزڵوم کۆبانێ لە ئاژانسی هاوار، بەکوردیکردنی، کوردسات نیوز:

"رێککەوتنی ١٠ی ئازار بۆ راگرتنی شەڕ و کردنەوەی دەرگای دیالۆگ بوو"

سەبارەت بە رێککەوتنی 10ی ئازاری 2025 لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئێستای سوریا، مەزڵوم کۆبانێ رایگەیاند: "رێککەوتنەکە لە کاتێکی هەستیاردا هات، پێویست بوو بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، راگرتنی شەڕ و کردنەوەی بواری دیالۆگ." وتیشی: "لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لەسەر ئەم پرسانە رێککەوتین. لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا رەنگە هەنگاوی گەورە لە رووی کردارییەوە نەندرابێت، بەڵام هەندێک ئامانج بەدیهاتوون و ئێستا ئاگربەست هەیە و دەمانەوێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی بیپارێزین."

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە رێککەوتنەکە راستەوخۆ لە نێوان خۆی و سەرۆکی سوریا، ئەحمەد شەرع ئیمزا کراوە و وتی: "پێویست بوو هێزە نێودەوڵەتییەکانیش بەشداری بکەن بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوی دروست بنێین. ئێستا وڵاتانی جیهان بەشداری لەم کۆبوونەوانەدا دەکەن و دەمانەوێت پێکەوە ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکەین."

"سەبارەت بە ناکۆکییەکان لەگەڵ دیمەشق"

لەبارەی کۆبوونەوەی 9ی تەمموز و ئەو مشتومڕەی دروستی کرد، فەرماندەی گشتی هەسەدە روونیکردەوە کە ئامانج لەو کۆبوونەوەیە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ بوو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئازار و بۆ یەکەمجار نوێنەرانی ئەمریکا و فەرەنساش ئامادەبوون. وتیشی: "لەسەر زۆر پرس رێککەوتین، بەڵام هەندێک بابەتی تر کە لە کارنامەدا نەبوون، خرانە روو و نەمانتوانی بڕیاریان لەسەر بدەین، بۆیە گفتوگۆکان دواخران بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو."

مەزڵوم کۆبانێ هۆکاری نەگەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "ئامادەکارییەکان بەشی ئەوە نەبوون ئەنجامێکی سەرکەوتوو بەدەست بهێنرێت."

"یەک وڵات، یەک سوپا و یەک ئاڵا"

مەزڵوم کۆبانێ جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە و وتی: "لە رێککەوتنی 10ـی ئازاردا رێککەوتین کە سوریا دابەش نابێت. سوریا، یەک وڵاتە و هی هەموومانە. بێگومان ئەم وڵاتە یەک حکومەتی دەبێت و یەک سوپاشی دەبێت، نەک دوو سوپا. هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بە دڵنیاییەوە دەبنە بەشێک لەم سوپایە."

وتیشی: "ئێمەین کە باشتر لە هەموو کەس سنوورەکانی سوریامان پاراستووە. لە ناوچەکانی ئێمەدا هەموو پێکهاتەکان پێکەوە دەژین، واتە سوریایەکی بچووک لێرە هەیە. بەڵام بەداخەوە هەندێک درۆ بە ئەنقەست دەخرێتە پاڵ هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر."

"یەکگرتنەوە واتە هاوبەشی، نەک سەپاندن"

عەبدی لە پێناسەی چەمکی "یەکگرتنەوە"دا وتی: "یەکگرتنەوە واتە هاوبەشی لە نێوان هەموو سورییەکاندا. دەبێت سوریایەکی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی نوێ دابمەزرێت. ئەمەش بە زۆر ناسەپێنرێت و دەبێت لە رێگەی لێکتێگەیشتن و دیالۆگەوە بێت."

سەبارەت بە داواکارییەکانی خەڵکی دێرەزوور و رەققە، کۆبانێ رایگەیاند: "خەڵکی ئەو ناوچانە زۆر روون بوون. دەیانەوێت سوریا یەکگرتوو بێت، بەڵام دەیانەوێت پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەن کە لە ماوەی شۆڕشدا بەدەستهاتوون و دامەزراوەکانیان لەلایەن رۆڵەکانی خۆیانەوە بەڕێوەببرێن."

بۆ نموونە، ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی دێرەزوور داوایان کردووە ئەو فیرقە سەربازییەی کە لە رۆڵەکانی ناوچەکە پێکهاتووە و ئەو 20 بۆ 30 هەزار فەرمانبەرەی کە لە دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکاندا کاردەکەن، لە کارەکانیان بەردەوام بن.

"نەوت موڵکی هەموو سوریایە"

لەبارەی داهات و سەرچاوە ئابوورییەکانی وەک نەوت، فەرماندەی گشتی هەسەدە وتی: "ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی لە پاریس گفتوگۆی لەسەر دەکەین. کاتی ئەوە هاتووە ئەم دۆسیەیە بە فەرمی بخرێتەڕوو. نەوت موڵکی هەموو سوریایە و دەبێت هەموو ناوچەکان سوودی لێ ببینن. بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ئەم ناوچەیە (رۆژهەڵاتی فورات) لە رووی مێژووییەوە پەراوێزخراوە و پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە هەیە، بۆیە دەبێت پشکێکی لە داهاتی نەوت بۆ تەرخان بکرێت." 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مێشک رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە زۆربەی کارە جەستەیی و دەروونی و سۆزدارییەکاندا، بەڵام هەندێک خۆراک و خواردنەوە کاریگەری نەرێنییان لەسەر تەندروستی مێشک هەیە و مەترسی  تێکچوونی فرمانەکانی مێشک زیاد دەکەن.

ماڵپەڕی پزیشکی "هێڵس لاین" لیستێکی لەو خۆراک و خواردنەوانە بڵاوکردووەتەوە کە ئامۆژگاری دەکرێت کەمبکرێنەوە بۆ پاراستنی مێشک لە زیانە جۆراوجۆرەکان، کە بریتین لە:

خواردنەوە شەکرییەکان

ئەم خواردنەوانە وەک خواردنەوە گازییەکان، خواردنەوەکانی وزەبەخش، خواردنەوە وەرزشییەکان و شەربەتی میوەکان دەگرێتەوە. بەکاربردنی بەرزی ئەم خواردنەوانە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و کلۆربوونی ددانەکان زیاد دەکات، جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکەی لەسەر مێشک.

توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2023 ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو بەشداربووانەی کە بڕێکی زۆر شەکریان خواردووە، دوو هێندەی ئەوانەی بڕێکی کەمتریان بەکارهێناوە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی بیرچوونەوە (خەرەفان) زیاتر بووە. هەروەها توێژینەوەکان لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵان دەریانخستووە کە بەکاربردنی زۆری شەربەتی گەنمەشامی کە فرەکتۆزی بەرزە، رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوچەی "هیپۆکامپەس"ی مێشک هەبێت کە بەرپرسە لە فێربوون و یادەوەری. بە تێپەڕبوونی کات، ئەمە لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە زانستییەکانی وەک بیرچوونەوە زیاد بکات.

کاربۆهیدراتە پاڵاوتەکان:

ئەم جۆرە کاربۆهیدراتانە دانەوێڵە زۆر پاڵاوتەکان وەک ئاردی سپی لەخۆدەگرن. تایبەتمەندی ئەم کاربۆهیدراتانە ئەوەیە کە جەستە بە خێرایی هەرسان دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی شەکر و ئەنسۆلین لە خوێندا. خواردنیان بە بڕی زۆر، دەبێتە هۆی "باری گڵایسیمی بەرز"، واتە کاریگەری گشتی خۆراک لەسەر ئاستی شەکری خوێن. دەرکەوتووە ئەو خۆراکانەی کە نیشانەی گڵایسیمی و "باری گڵایسیمی بەرز"یان هەیە، کار لە فرمانەکانی مێشک دەکەن. هەندێک توێژینەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەکاربردنی درێژخایەنی کاربۆهیدراتە پاڵاوتەکان لەوانەیە کاربکاتە سەر ناوچەکانی وەک "هیپۆکامپەس" و بەشی پێشەوەی مێشک کە پەیوەستن بە یادەوەری، فێربوون، بڕیاردان و رەفتاری کۆمەڵایەتییەوە.

خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە چەورییە گۆڕاوەکان:

چەورییە گۆڕاوەکان جۆرێکن لە چەورییە ناتێرەکان کە رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مێشک هەبێت. سەرەڕای بوونی سروشتی ئەم چەورییانە لە گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا، بەڵام جێگەی نیگەرانی چەورییە گۆڕاوە پیشەسازییەکانە (زەیتە هایدرۆجینکراوەکان). بەپێی توێژینەوەکان، خواردنی بڕێکی زۆری چەورییە گۆڕاوەکان لەوانەیە یادەوەری لە کەسانی خوار تەمەنی 45 ساڵ لاواز بکات. هەروەها، ئەم چەورییانە لەوانەیە هەوکردن و ئاستی ئەنسۆلین و کۆلیسترۆڵ زیاد بکەن، کە ئەمەش بە نۆرەی خۆی کاریگەری لەسەر مێشک دەبێت. لە بەرامبەردا، ئەو چەورییانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا-3 بەسوودن و رەنگە مێشک لە تێکچوونی زانستی و نەخۆشی ئەلزەهایمەر بپارێزن.

خۆراکە زۆر پێشکەوتووەکان (Ultra-processed foods)

ئەم خۆراکانە بڕێکی زۆر لە شەکر، چەوری، سۆدیۆم و ماددەی پارێزەریان تێدایە، وەک جپسی پەتاتە، شیرینییەکان، نۆدڵز، پۆپکۆرنی مایکرۆوەیڤ، ژەمە ئامادەکراوەکان و پیتزای بەستوو. بەپێی توێژینەوەیەک، بەکاربردنی زیاتر لە %19.9ی کالۆری رۆژانە لەم خۆراکانەوە بۆ ماوەی  8ساڵ، مەترسی پاشەکشەی توانای مێشک زیاد دەکات. مەترسی ئەم خۆراکانە لەوەدایە کە هەوکردن لە جەستەدا زیاد دەکەن و قەبارەی ناوچەی "هیپۆکامپەس" و ماددەی خۆڵەمێشی مێشک کە پەیوەستە بە بیرکردنەوە، یادەوەری و سۆزەوە، کەمدەکەنەوە.

ئەسپارتام:

ئەسپارتام شیرینکەرێکی دەستکردە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە پەسەندکراوە بۆ بەکارهێنان لە بەرهەمە بێ شەکرەکاندا. بەکارهێنانی ئەسپارتام بە سەلامەت دادەنرێت ئەگەر لە سنووری دیاریکراودا بێت. بەڵام بەپێی توێژینەوەکان، زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانیدا مەترسییەکانی وەک کێشەی فێربوون، دڵەڕاوکێ، سترێس و خەمۆکی لێدەکەوێتەوە، چونکە رەنگە دەستوەردان لە بەرهەمهێنانی گەیەنەرە دەمارییەکان بکات و مێشک بخاتە ژێر فشاری ئۆکسانەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی خانمی یەکەمی عیراق رونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە و داوادەکات  ئەو کەسانەی کە شاهیدی تاوانەکانی 'عەجاج'ن و بەڵگەیان لەبەردەستدایە، بیگەیەننە تیمی تایبەتمەند بۆ ئەوەی بەڵگەکان لەسەر ئەو تۆمەتبارە کۆبکرێتەوە.

نوسینگەی خانمی یەکەمی عیراق ئاگاداری ئەو کەسانە دەکاتەوە کە شاهیدی تاوانەکانی عەجاج ئەحمەد حەردان جەلادەکەی ئەنفالن، بەڵگەکانیان کۆبکەنەوە سکاڵا و وتەی شاهیدەکان تۆماربکرێت.

نوسینگەی خانمی یەکەمی عیراق لە رونکردنەوەیەکدا ئاشکرایکرد، دوابەدوای هەوڵەکانی خانمی یەکەمی عیراق بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکانی نوگرە سەلمان (عەجاج ئەحمەد حەردان) کە رۆلێکی زۆر دڕندانەو بکوژانەی هەبووە لەگەڵ ئەنفالكراوەكانى گرتوخانەى نوگره سەلمان و کەس و کارەکانیاندا، وەک لای هەموولایەکیشتان ئاشکرایە کە  دوای دادگاييكردن و سزادانى(عەلی حەسەن مەجید)و پێنج گەوره لێپرسراوی ديكەى تاوانى ئەنفال لەلايەن دادگاى باڵای  تاوانەكانى عيراق له سالى 2006 و 2007، دۆسيەیەکی سەربەخۆ بۆچەندین  تومەتبارى پەيوەندار به تاوانى ئەنفال كرايەوە كه(عجاج) يەكيك بوو لەو داواكراوانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا و لەم قۆناغەدا پێویستە سکاڵا و وتەی هەموو ئەو کەسانەی کە شاهیدی تاوانەکانی ئەم تاوانبارەن تۆمار بکرێت، هەر بۆیە وەک ئەرکێکی نیشتمانی و تا بارگرانی سەر شانی کەس و کار و شاهیدەکانی تاوانەکانی ئەنفال کەم بکەینەوە، لەڕێگەی تیمێکی تایبەتەوە کاری کۆکردنەوەی بەڵگەکان و وەرگرتنی وتەی شاهیدەکان جێبەجێ دەکرێت، بە مەبەستی ئەنجامدانی رێکارە یاساییەکان و دواتر ناردنیان بۆ لای دادوەر و دادگای تایبەتمەند.

نوسینگەی خانمی یەکەمی عیراق داوا دەکات هەموو ئەو کەسانەی کە شاهیدی تاوانەکانی تۆمەتباری ئاماژە پێکراوەن سەردانی ئەو ناونیشانانەی لای خوارەوە بکەن لەو کاتانەی دیاری کراوە و بەڵگەنامەی یاسایی پێویست لەگەڵ خۆیاندا بەرن.

 

ناونیشانەکان...........

 

سليمانی، مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەکە

کەلار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدانی گەرمیان 

چەمچەماڵ، مۆنۆمێنتی ئەنفال

 

رۆژ و کات.....

لە رۆژی دووشەممە 4-8-2025 تا رۆژی شەممە 9-8-2025 دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن

 

لە کاتژمێر 'نۆ'ـی سەرلەبەیانی تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی داواکاریی ئێزدییەکان کە گرنگترینیان قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییان و زیانلێکەوتووانە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، هەروەها کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال.

سەرۆکی یەکێتی وتیشی، لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە شەنگال، بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەوە، هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆمان بۆ خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپاتدەکەینەوە. ئەم تاوانە دڕندانەیە کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامدرا، لاپەڕەیەکی رەشی مێژووی مرۆڤایەتییە و هەرگیز لە یادمان ناچێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی دەشڵێت، هیوادارین ئێزدییەکان بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان و بەو ئازیزانەیان شادببنەوە کە لە کاتی روودانی کارەساتەکەوە تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

11 ساڵ بەسەر كارەساتی شەنگال تێدەپەڕێت، تاوانێك كە بە بەرچاوی جیهانەوە لەلایەن یەكێك لە دڕندانەترین گرووپی تیرۆریستییەوە دژی پێكهاتەی ئێزدییەكان ئەنجامدرا.

دوای 53 رۆژ لە كەوتنی موسڵ، بەرەبەیانی رۆژی 3ی ئابی 2014، تیرۆریستانی داعش هێرشیانكردەسەر شەنگال و ناوچە ئێزدی نشینەكانی سنورەكە و داگیریان كردن.

دوای داگیركردنی قەزاكە، هەزاران كوردی ئاوارەی ئێزدی پەنایان بۆ چیای شەنگال برد و دوای 10 رۆژ مانەوە، توانرا رێگەی دەربازبوون بۆ ئەو هاووڵاتیانە بكرێتەوە و بەشێكی زۆریان گەیەندرانە رۆژئاوای كوردستان و بەشێكیان لە رێگەی دەروازەی سێمێلكاوە گەیەندرانەوە هەرێمی كوردستان.

لەو هێرشەدا تیرۆریستانی داعش زیاتر لە شەش هەزار و 500 ئافرەت و منداڵی ئێزدییان رفاند و زیاتر لە 350 هەزار كەسی تریش ئاوارەی كەمپەكان بوون لە هەرێمی كوردستان، تا ئێستاش چارەنووسی هەزاران ئێزدی نادیارە.

پەلامارەكەی داعش تەنها ئێزدییەكانی نەگرتەوە، بەڵكو ژمارەیەك مەزارگەی ئایینی و سەدان ماڵیش تەقێنرانەوە.

رۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2015 هێزەكانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئۆپراسیۆنێكیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شەنگال دەستپێكرد و لە 24 سەعاتدا، ناوچەكە لە داعش پاك كرایەوە.
بەپێی دوایین ئاماریش، لەكۆی زیاتر لە شەش هەزار ئێزدی رفێنراو، تا ئێستا‌ زیاتر لە سێ هەزار و 570 كەسیان رزگاركراون.
پێنج ساڵ دوای كارەساتەكەش، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنێكی نائاساییدا، رۆژی 3ی ئابی وەك ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەكان پەسەندكرد.

دوای 11 ساڵ لە داگیركردنی شەنگال، سەرەڕای گەڕانەوەی ئاوارەكانیش، هێشتا شارەكە لە زۆربەی خزمەتگوزارییەكان بێبەشە.

شەنگال لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و نزیكەی 120 كیلۆمەتر لە ناوەندی موسڵەوە دوورە، بە دووەم گەورەترین قەزای عیراق دادەنرێت و 85%ی دانیشتوانەكەشی ئێزیدین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکانی شەنگالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مایه‌ی داخ و نیگه‌رانییه‌كی زۆره‌ یازده‌ ساڵه‌ هێشتا نزیكه‌ی نیوه‌ی ئێزدییان له‌ دۆخێكی سه‌ختی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیی كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین.

دەقی راگەیاندراوەکە:

ئه‌مڕۆ یادی به‌ئازاری یازده‌ ساڵه‌ی‌ جینۆسایدی ئێزدییان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌ ڕێز و وه‌فادارییه‌وه‌ قوربانییانی ئه‌و تاوانكارییه‌ی داعش، به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌. پابه‌ندی پێشكه‌شكردنی هه‌موو پشتگیرییه‌كین بۆ هاووڵاتییانی ئێزدیمان‌ و وێڕای هه‌موو ئازاره‌كانی ڕابردوو، به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ داهاتوو ده‌ڕوانین و پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین بۆ ساڕێژكردنی برینه‌كانیان.
مایه‌ی داخ و نیگه‌رانییه‌كی زۆره‌ كه یازده‌ ساڵه‌ هێشتا نزیكه‌ی نیوه‌ی ئێزدییان، له‌ دۆخێكی سه‌ختی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیی كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین. ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقه‌ خۆی له‌ هاووڵاتییه‌ ئێزدییه‌كانی باشتر به‌خاوه‌ن بكات و قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه‌، چیتر ڕێگه‌ نه‌دات شه‌نگال و ناوچه‌ ئێزدییه‌كان، گۆڕه‌پانی ته‌راتێنی میلیشیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌جێندا هه‌رێمییه‌كان بن.
ده‌بێ متمانه‌، دڵنیایی، ئارامی، ئاسایش، ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاری بۆ شه‌نگال و ناوچه‌كانی تریان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، دادپه‌روه‌ری‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی به‌دی بێت و تاوانباران سزا بدرێن. بۆیه‌ جه‌خت له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شه‌نگال و به‌پارێزگاكردنی ده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌روه‌ها داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین‌‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ زیاتر به‌ هانای ئێزدییانه‌وه‌ بێت.
سوپاسی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییانیان به‌ جینۆساید ناساند و له‌ كار و هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین تا زیاتر له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ جینۆساید بناسرێت. سوپاس و پێزانین بۆ یارمه‌تیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ تێکشکاندنی داعش. خوشك و برایانی ئێزدیمان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ پارێزه‌ریان ده‌بین و تا ڕفێنراوێكی ئێزدی مابێت، كاری نووسینگه‌كه‌مان بۆ ڕزگاركردن و ئاشكراكردنی چاره‌نووسیان به‌رده‌وام ده‌بێت.
سڵاو له‌ یاد و گیانی قوربانییانی ئێزدی و له‌ ئیراده‌ی به‌هێز و خۆڕاگریی ئێزدییان. سڵاو له‌ یاد و گیانی هه‌موو ئەو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ی به‌ فه‌رمانده‌ییی جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، بۆ ڕزگاركردنی شه‌نگال و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كوردستان و عێراق گیانیان به‌خشی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە تەلئەبیب خۆپیشاندان دژی حكومەتی ئیسرائیل رێكخرا و خۆپیشاندەران داوایانكرد بەزووترین كات رێككەوتنێك بكرێـت بۆ ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكان لە غەززە  .

لە دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس ڤیدیۆی بارمتەی ئیسرائیلییەكانی بڵاوكردەوە كە هاوشێوەی فەلەستینییەكان بەهۆی برسێتیەوە دەناڵێنن و لاوازییەكی زۆریان پێوە دیارە ، دەیان هەزار كەس لە تەلئەبیب خۆپیشاندانێكی فراوانیان رێكخست و داوایان كرد بە زووترین كات حكومەتی ئیسرائیل لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس بگاتە رێككەوتنێك بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو بارمتانەی تا ئێستا لە غەززە ماون ئازاد بكرێن .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە شاری سیدنی ئوسترالیا خۆپیشاندانێكی گەورە ئەنجامدرا دژی شەڕی غەززە و خۆپیشاندەران داوای گەیاندنی هاوكارییان بۆ كەرتی غەززە دەكرد.

لە سەر پردی سەرەكی شاری سیدنی ئوستڕالیا چەند گروپێك خۆپیشاندانیان لە ژێر ناوی خراپترین باری برسێتی لە غەززە ئەنجامدا و دەیان هەزار كەس بەشدارییان تێدا كرد و چەند پەرلەمانتارێكیش چونە ناو خۆپیشاندەرانەوە.

خۆپیشاندەران داوای كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززەیان دەكرد لەگەڵ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بە خەلكی غەززە.

پۆلیسی ئوستڕالیاش داوای لە خۆپیشاندەران كرد بە هێمنانە ناڕەزایەتیی دەرببڕن و ئەوانیش پارێزگارییان لێدەكەن.

ئەنجومەنی جولەكەی ئوستڕالیا رایگەیاند، پاڵپشتی خۆپیشاندانەكە دەكەن و ئەوانیش داوا دەكەن جینۆسایدی غەززە بوەستێنرێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ریزی پێشەوەی خۆپیشاندانەكە كوردێك بە جل و جامانەی كوردییەوە وەستاوە و داوای كۆتاییهێنان بە شەڕ و برسێتی دەكات .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەریتانیا بەنیازە سەدان منداڵی نەخۆش  و بەدخۆراك لە كەرتی غەززەوە بگوازێتەوە بۆ وڵاتەكەی.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا ئاماژەیبەوەكردووە، حكومەتی بەریتانیا بە نیازە 300 منداڵی نەخۆش لە غەززە بگوازێتەوە بۆ وڵاتەكەی و لەلایەن دەزگای تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاوە چارەسەریان بۆ بكرێت، ماوەی هەفتەیەكیش دانراوە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە.

دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی وڵاتەكەی كوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە غەززە لەكاتی وەرگرتنی هاوكارییەكان، بە نا مرۆڤانە وەسف كرد و داوای كرد ئیسرائیل لێپرسینەوە لەو كەسانە بكات كە پەیوەندییان بەو كارە هەیە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دەیەوێت بە زووترین كات سەردانی كەرتی غەززە بكات.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی وەفا، لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023ەوە، تا ئێستا بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 209 هەزار كوژرا و و برینداری لێكەوتووەتەوە، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و زیاتر لە نۆ هەزار كەسیش بێسەروشوێن بوون، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی برسێتییەوە زیاتر لە 200 كەس گیانیانلەدەستداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك وەزیرانی عیراق جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە وادەی خۆیدا دەكاتەوە، رەتیشدەكاتەوە پرۆسەكە لەژیر كاریگەری فشاری دەركیدا ئەنجام بدرێت.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆك هۆزەكانی سنوری پاریزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە وادەی خۆیدا بەرێوەدەچێت.

 وتیشی، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەهۆی فشاری دەرەكی یان دۆخێكی نا ئاساییەوە نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای دەستاودەستكردنی ئاشتیانە دەسەڵاتە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، حكومەت پابەندە بە دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی هەڵبژاردن و دەستەبەركردنی كەشێكی گونجاو بۆ دەنگدەران و كاندیدەكان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ژاپۆن بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد و لە 127 ساڵی رابردوودا بەو شێوەیە بەرزنەبووەتەوە.

کەشناسی نیشتمانی ژاپۆن رایگەیاند، پلەی گەرما لە وڵاتەکە گەیشتووەتە 41.2 پلەی سیلیزی، کە لەساڵی 1898ەوە نەگەیشتووەتە ئەو پلەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی باران بارین، هاوکات پێشبینیشی کردووە ئەم مانگەش شەپۆلی گەرما لەو وڵاتە بەردەوام بێت.

کەشناسی ژاپۆن ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەمە سێهیەم ساڵە لەسەریەک دوورگەکانی وڵاتەکە بەرزترین تێکڕای پلەی گەرمی بۆ مانگی تەمموز تۆمار دەکات، ئاشکراشیکردووە، پلەکانی گەرما لە وڵاتەکەدا 2.89 پلەی سیلیزی لە سەرووی ئاساییەوە بووە، کە ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاندووە و لە مانگی تەمموزی 2024دا 2.16 پلەی سیلیزی بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، حەماس چەکدانانی بە مەرجی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین پەیوەستكردووە و جەخیشیکردەوە، ئامانجیانە لە یەك رێككەوتنی گشتگیردا بارمتەكان ئازادبكەن و كۆتایی بە شەڕی غەززە بێنن.

ستیڤ ویتكۆف، نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، حەماس ئامادەیە بۆ چەك دانان، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش پابەندە بە كۆتایی پێهێنانی شەڕی غەززە، پلانەكەش كۆتاییهاتنی شەڕە، بەڵام پێویستە رێڕەوی دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بگۆڕێت بۆ بنەمای هەمووی یان هیچ.

ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجیانە لە یەك رێككەوتنی گشتگیردا بارمتەكان ئازادبكەن و كۆتایی بە شەڕی غەززە بێنن.

ویتكۆڤ وتیشی، لە غەززە قەیرانی خۆراک هەیە، بەڵام برسێتی نییە و ئەمریكا و ئیسرائیلش لە هەوڵی ئاسانكاریدان بۆ گەیشتنی هاوكارییە مرۆییەكان بە کەرتەکە.

لە بەرانبەردا بزوتنەوەی حەماس لە راگەینراوێكدا جەختیكردوەتەوە لەوەی، ئامادەنین دەستبەرداری چەك ببن تاكو تەواوی مافە نیشتمانییەكانیان بۆ نەگەڕێنرێتەوە لە پێشەنگیشیاندا دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین، كە پایتەختەكەی قودس بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ئامارە رەسمییەکان، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا، وەبەرهێنەرە عیراقییەکان لە پلەی شەشەمدا هاتوون لەنێو ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین خانووبەرەیان لە ئیمارات کڕیوە.

فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە لە شاریقە ئاشکرای کردووە کە لەو ماوەیەدا، وەبەرهێنەرانی 109 وڵاتی جیاواز مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان ئەنجامداوە و کۆی گشتیی بەهای مامەڵەکان گەیشتووەتە 7 ملیار و 350ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

بەپێی ئامارەکە، عیراقییەکان 675 موڵکیان کڕیوە و بەوەش لە پلەی شەشەمدا هاتوون. هاوڵاتیانی ئیمارات بە کڕینی 14 هەزار و 307 موڵک لە پێشەنگی لیستەکەدان و وەبەرهێنەرانی هیندستان بە هەزار و 525 موڵک لە پلەی دووەم، سورییەکان بە 969، میسرییەکان بە 689 و ئوردنییەکانیش بە کڕینی 678 موڵک لە پلەکانی دواتردان.

لەسەر ئاستی جۆری موڵکەکانیش، یەکە نیشتەجێبوونەکان بە ڕێژەی %74.6 لە سەرووی لیستەکەوەن کە 11 هەزار و 459 مامەڵەیان پێکراوە، دوای ئەوانیش موڵکە پیشەسازییەکان بە Rێژەی %20.8 و بازرگانییەکان بە %4 و کشتوکاڵییەکانیش بە ڕێژەی %.6 دێن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای شەڕە قسەی توندی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و دیمیتری مێدڤیدێڤ، سەرۆکی پێشووی روسیا، ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند کە فەرمانی کردووە بە جوڵەپێکردنی دوو ژێردەریایی ئەتۆمی بۆ نزیک روسیا وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانی مێدڤیدێڤ.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، "فەرمانم کردووە بە جێگیرکردنی دوو ژێردەریایی ئەتۆمی لە ناوچە گونجاوەکان، لەبەر ئەوەی ئەم لێدوانە گەمژانە و وروژێنەرانە تەنها قسە نەبن . ئەمەش بە هەنگاوێکی دەگمەنی هەڵکشانی ئەتۆمی دادەنرێت لە نێوان دوو زلهێزەکەدا.

شەڕە قسەکە دوای ئەوە هات کە مێدڤیدێڤ، کە زۆرجار لێدوانی توند لە بەرژەوەندیی کرملین دەدات، رۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکدا بە ترەمپی وتبوو، پێویستە سەیری زنجیرەی "The Walking Dead" بکات و ئاماژەی بە توانای ئەتۆمیی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو کردبوو. ئەمەش نیگەرانیی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.

پۆتین و ترەمپ

پرسیارەکە ئەوەیە، چۆن پەیوەندییە "باشەکە"، وەک ئەوەی ترەمپ پێشتر وەسفی دەکرد، لەنێوان سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی روسیادا، لەپڕ تێکچوو؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مانگی رابردوو. دوای چەندین لێدوان کە تێیدا ترەمپ ستایشی پۆتین و زیرەکییەکەی دەکرد لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕاگرتنی شەڕی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکرانیا، ترەمپ رایگەیاند کە مۆڵەتی 50 رۆژ دەداتە روسیا بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ئاشتیی جددی لەگەڵ کیێڤ.

بەڵام وەڵامی روسیا لەو کاتەدا، توندکردنەوەی هێرشەکان بوو بۆ سەر خاکی ئۆکراین، بە کیێڤی پایتەختیشەوە. سەرەڕای لێدوانە ئەرێنییەکانی مۆسکۆ سەبارەت بە ئامادەیی بۆ دانوستان، هێرشەکان بەردەوام بوون. ئەمەش وایکرد ترەمپ هەفتەی رابردوو مۆڵەتەکە بۆ 10 بۆ 12 رۆژ کەم بکاتەوە.

هەروەها سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند کە بڕیاریداوە "سزای لاوەکی" بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت کە نەوتی روسیا دەکڕن، لەوانەش چین و هیندستان و تورکیا، کە هەموویان لە دانوستانی بازرگانیدان لەگەڵ ترەمپ.

شایەنی باسە، ترەمپ و پۆتین لەوەتەی ترەمپ دەسەڵاتی وەرگرتووە، چەندین جار بە تەلەفۆن یان ڤیدیۆ قسەیان کردووە، بەڵام یەکتریان نەبینیوە ترەمپ پێشتر جەختی لەوە دەکردەوە کە کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا روسییەکەیدا "زۆر گرنگە" و ئاماژەی بەوە کردبوو کە "هیچ شتێک لەبارەی ئۆکراینیاوە چارەسەر نابێت تا ئەو کاتەی هەردووکیان دەگەنە رێککەوتن."

بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا، زمانی قسەکردنی ترەمپ توندتر بووە و لە هەڵوێستە پێشووەکانی پاشگەز بووەتەوە کە دژی سەپاندنی سزا بوون بەسەر مۆسکۆدا. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەم پارتی ئاشكرایكرد، لە دوو مانگی رابردوودا دوو هەزار كۆبوونەوەیان كردووە بۆ رونكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و وەرگرتنی بۆچوونی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی كارەكانیان بۆ رونكردنەوەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی، لە ناوەندە جیاجیاكانی دەم پارتی لە پارێزگاكانی باكوری كوردستان و توركیا، لە مانگەكانی حوزەیران و تەمموزی رابردوو دوو هەزار كۆبوونەوەیان لەسەرانسەری توركیا ئەنجامداوە.

راشیگەیاندووە، كۆبوونەوەكانی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی، لەگەڵ ژنان و گەنجان و نوێنەری گرووپە نەتەوەیی و ئایینییە جیاجیاكان و نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و مەدەنییەكان، بۆ وەرگرتنی راوبۆچوونی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەیە لەسەر پرۆسەی ئاشتی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی چالاكییەكانیان، بەمەبەستی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان.


ی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوریا و تورکیا هێڵێکی نوێی غازی سروشتی ناوچەیییان کردەوە، وەزیری وزەی سوریا ڕایگەیاند، پڕۆژەکە تا شەش ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ڕۆژێکدا دابین دەکات. 

محەمەد بەشیر وەزیری وزەی سوریا وتیشی، لە قۆناغی یەکەمدا بە دابینکردنی 3.4 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرێت.

لای خۆیەوە، ئاڵپارسلان بایراکتار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا وتی، ئەنقەرە لە ڕێگەی هەشت خاڵی جیاوازەوە کارەبا هەناردەی سوریا دەکات، ئاماژەی بە پلانەکانی زیادکردنی توانای هەناردەکردن بە ڕێژەی 25% کرد لە قۆناغی یەکەمدا، لەگەڵ ئەگەری دوو هێندەکردنی لە ئایندەدا.

بایراکتار ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە تورکیا توانای هەناردەکردنی تا دوو ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی بۆ سوریا هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...301302303304305...1078