بەپێی پێشبینییەكان هەفتەیەكی زۆر گەرم بەڕێوەیە و زۆربەی شار و ناوچەكانی عیراقیش دەگرێتەوە و لە هەرێمیش پلەی گەرما نزم دەبێتەوە.
كەشناسی عیراق پێشبینییەكانی كەشوهەوای بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە، ئەم هەفتەیە لە تەواوی شارەكانی عیراق جگە لە بەسرە پلەكانی گەرما لە خوار 50 پلەوە دەبن، لە شارەكانی هەرێمی كوردستانیش پلەكانی گەرما زیاتر دادەبەزن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەرچەندە بۆ ئەم هەفتەیە عیراق لە لیستی گەرمترین وڵاتانی جیهان دەرچووە، بەڵام لە كۆتایی هەفتە بەدواوە، چاوەڕێی عیراق رۆژانێكی گەرم دەكات و پلەكانی گەرما جارێكی تر لە چەندین شار دەگەنەوە 50 پلە و بەرزتریش.
لەبارەی پێشبینییەكانی كەشوهەوا لە هەرێمی كوردستانیش كەشناسی عیراق رایگەیاندووە، پلەكانی گەرما لە شارەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر دادەبەزن و كەشوهەوا بە گشتی جێگیر دەبێت.
لە درێژەی کارەکانی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی دەروازەی شاری سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، 2ی ئابی 2025، قۆناغێکی نوێی پڕۆژەکە دەستیپێکرد.
دوای تەواوبوونی کاری قیرتاوکردنی سایدی رۆیشتن لە فلکەی تانجەرۆوە بۆ بازگەی سلێمانی-عەربەت، تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکار (کۆمپانیای بەڵێن عوسمان)، دەستیانکرد بە کاری کڕاندن و ئامادەکردنی سایدی هاتن لە بازگەکەوە بەرەو فلکەی تانجەرۆ، بەمەبەستی قیرتاوکردنی لە چەند رۆژی داهاتوودا.
سەبارەت بەم کارانە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا داوای لە شۆفێران کرد کە بۆ ماوەی کارکردن لە پڕۆژەکەدا، پابەندی بەکارهێنانی رێگا جێگرەوەکان بن کە بەپێی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دیاریکراون.
هەروەها داوایان کرد هاوکاریی تیمەکانیان بن بۆ ئەوەی کارەکان بەپێی پلانی دیاریکراو و بەبێ دروستبوونی هیچ گرفتێک بەڕێوەبچن.
لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو قوتابی و خوێندکارانەی پۆلی 12ی ئامادەیی ئاگادار دەکاتەوە کە مافی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمدا هەیە، دەتوانن لە رێگەی لینکێکی تایبەتەوە شوێن و هۆڵی تاقیکردنەوەکانیان بدۆزنەوە.
لە راگەیەندراوێکدا، لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان2025، کاتژمێر 7:30ی بەیانی، سەردانی قوتابخانەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە شوێنی هۆڵەکانیان.
قوتابیان دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە و بەپێی پارێزگا و قوتابخانەکانیان، زانیاری لەسەر هۆڵی تاقیکردنەوەکانیان بەدەستبهێنن:
هەروەها وەزارەتی پەروەردە جەختیشیکردووەتەوە، لە ئەگەری بوونی هەر هەڵەیەک لە بابەتی ماوە (کە مافی تاقیکردنەوەی تێدا هەیە) یان هەر زانیارییەکی دیکەی تایبەت بە قوتابی، پێویستە بە زووترین کات پەروەردەی قەزاکەی لێ ئاگادار بکاتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە.
کۆمپانیای مێتا، کە خاوەنی ئینستاگرامە، هەنگاوێکی نوێی ناوە کە وا دەردەکەوێت شوێنپێی سیاسەتەکانی "تیک تۆک" هەڵبگرێت، ئەمەش لەرێگەی بێبەشکردنی هەژمارە تایبەتەکان (Private) و ئەو هەژمارانەی کە کەمتر لە هەزار فۆڵۆوەریان هەیە لە تایبەتمەندی پەخشی راستەوخۆ (Live).
لەوەتەی لە ساڵی 2016 تایبەتمەندی پەخشی راستەوخۆ خرایە بەردەست، هەموو بەکارهێنەرانی ئینستاگرام، بە هەژمارە گەورە و بچووک و گشتی و تایبەتەوە، دەیانتوانی سوودی لێوەربگرن.
بەڵام بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "9TO5Google"، ئەم هەفتەیە بەکارهێنەرانی هەژمارە تایبەتەکان و ئەوانەی کەمتر لە هەزار فۆڵۆوەریان هەیە، لە کاتی هەوڵدان بۆ کردنەوەی پەخشی راستەوخۆ، ئاگادارکردنەوەیەکیان پێگەیشتووە کە تێیدا نووسراوە: "هەژمارەکەت چیتر مەرجەکانی بەکارهێنانی پەخشی راستەوخۆی تێدا نییە."
ئینستاگرام لە ئاگادارکردنەوەکەدا روونیشیکردووەتەوە: "مەرجەکانمان بۆ بەکارهێنانی ئەم تایبەتمەندییە گۆڕیوە. تەنها ئەو هەژمارە گشتییانەی کە هەزار فۆڵۆوەر یان زیاتریان هەیە، دەتوانن ڤیدیۆی پەخشی راستەوخۆ بکەنەوە."
کۆمپانیاکە پێشوەختە ئەم گۆڕانکارییەی رانەگەیاندبوو، ئەمەش وایکردووە کە دروستکەرانی ناوەڕۆک لە هەژمارە بچووکەکان و هەژمارە تایبەتەکان کاتی پێویستیان نەبێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەم بڕیارە.
دواتر، کۆمپانیای مێتا لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "تێک کرەنچ" (TechCrunch) ئەم رێسا نوێیەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام هیچ هۆکارێکی دیاریکراوی بۆ ئەم بڕیارە ئاشکرا نەکرد، تەنها ئاماژەی بەوەدا کە "ئەم هەنگاوە بە ئامانجی باشترکردنی ئەزموونی گشتیی بینەرانی پەخشی راستەوخۆیە."
بەڵام ماڵپەڕەکە پێی وایە کە بڕیارەکە پاڵنەری دارایی لە پشتەوەیە، چونکە پەخشی راستەوخۆ پێویستی بە ژێرخانێکی گەورە و تێچوویەکی زۆر هەیە. لەبەرئەوە، کۆمپانیاکە بڕیاریداوە چیتر پشتگیری ئەو پەخشانە نەکات کە تەنها ژمارەیەکی کەمی بینەریان هەیە.
هەرچەندە هیچ داتایەکی رەسمی لەبارەی ژمارەی ئەو هەژمارانەی ئینستاگرام کە زیاتر لە هەزار فۆڵۆوەریان هەیە بوونی نییە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان، تەنها %13 بۆ %26ی بەکارهێنەران ئەو مەرجەیان تێدایە. ئەمەش بە کرداری مانای ئەوەیە کە تایبەتمەندییەکە لە نزیکەی1.7 ملیار بەکارهێنەر لە کۆی 2 ملیار بەکارهێنەری پلاتفۆڕمەکە قەدەغە دەکرێت.
لە ویلایەتی مۆنتانای ئەمریكا لە روداوێكی تەقەكردندا چوار كەس كوژران و سەربازێكیش تۆمەتباری سەرەكی روداوەكەیە.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، لە ویلایەتی مۆنتانا كەسێك هەڵیكووتاوەتە سەر یانەیەك و چوار كەسی كوشتووە و دەزگا ئەمنییەكانیش دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی روداوەكە.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، قەدەغەی هاتوچۆ بەسەر ئەو ناوچەیەدا سەپێنراوە بە ئامانجی لێكۆڵینەوە لەو بابەتە و سەربازێكی پێشووی سوپای ئەمریكاش تۆمەتباری سەرەكییە.
خاوەنی یانەكەش رایگەیاندووە، هەرچەند پشكنینی تەواو بۆ سەرجەم ئەوانە دەكرێت كە هاتوچۆی یانەكەیان دەكەن، بەڵام ئەو كەسە رێگەیەكی دۆزیوەتەوە بۆ چونەژورەوە.
بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ و قەیرانی خۆراکەوە، منداڵێکی دیکەی ساوا لە کەرتی غەززە بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانی لەدەستدا. بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ چوار کەس بەرزبووەوە.
لەم بارەیەوە، امجد القدرة پەیامنێری کوردسات نیوز، لەزاری بەڕێوەبەری فریاگوزاریی پزیشکی لە غەززە رایگەیاند، دۆخی مرۆیی لە کەرتەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هۆشداریی دا لە کارەساتی گەورەتر.
ناوبراو ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگ کرد:
17هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەست بەدخۆراکیی توندەوە دەناڵێنن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر سیستمی تەندروستیی داڕماوی کەرتەکە دروستکردووە.
تەنها بڕێکی زۆر کەمی هاوکارییە مرۆییەکان دەگاتە کەرتی غەززە و ئەو بڕە کەمەش لەلایەن چەند گروپێکەوە دەدزرێت و بە دەستی خەڵکی پێویست ناگات.
دەرمانی تایبەت بە نەخۆشانی شەکرە بە هیچ شێوەیەک ناگاتە غەززە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی دووگیانیش بەهۆی نەبوونی خۆراکی پێویستەوە، دووچاری کێشەی تەندروستیی مەترسیدار بوونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا، بۆ بەدواداچوونی دۆخی مرۆیی غەززە سەردانی ئەو شارەی کرد و رایگەیاند؛ لە هەوڵداین ئاگربەست جێبەجێبکەین.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی بە زمانی فارسی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات، بە پێداچوونەوەی پلانەکانیان بۆ سەردانیکردنی ئێران.
لەپەیامەکەشدا داوا لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا کراوە، ئێران لە دوای شەڕەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، بە رەوشێکی پڕ لە ترسدا تێپەڕدەبێت و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان گۆشەگیر دەکات.
جەخت لەوە کراوەتەوە، هەر کەسێک بیر لە سەردانی ئێران دەکاتەوە، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکەی بکاتەوە، دەشڵێت هاووڵاتیانی ئەمریکی "نابێت گەشتی ئێران بکەن" لە هیچ رەوشێکدا.
ئەمریکا ئێران بە پلەی چوارەمی هۆشداری پۆلێن دەکات، کە بەرزترین ئاستی هۆشداری گەشتکردنە سەبارەت بەو وڵاتانەی کە بە مەترسیدار دادەندرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئامۆژگاری ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانەی کردووە کە دەیانەوێت گەشت بکەن، پێش ئەوەی هەر بڕیارێک بدەن، پێداچوونەوە بە ماڵپەڕی فەرمی ڕاوێژکاری ئەمنی بۆ زانینی نوێترین نوێکاری و زانیارییە ئەمنییەکان بکەن.
كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) روونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو بەڵگەنامە دزەپێكراوانەوە بڵاوكردەوە كە باس لە جوڵە و گواستنەوەی نەوت دەكەن و رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو رێكارە ئەمنیانەی دەگیرێنەبەر، ئەستەم و مەحاڵە نەوت بە قاچاغ ببرێت.
دەشڵێت، ئەو بەڵگەنامانەی دزەیان پێكراوە لێكدانەوەی هەڵەیان بۆ كراوە، چونكە ئەوانە كاری رۆژانەن و ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامن لەسەری، كە لەرێگەی ئەو بەڵگەنامانەوە رۆژانە ناوی ئەو شۆفێر و تانكەرانە دیاری دەكرێن كە بەرهەمە نەوتییەكان دەگوازنەوە، ئەگەر هەر ناوێكی جیاواز لە لیستەكاندا هەبێت، راستەوخۆ بە سەرجەم وێستگە ئەمنی و جیهانییەكاندا بڵاو دەكرێتەوە و رێگری لێدەكرێت.
سۆمۆ راشیگەیاندووە، بەهۆی نەبوونی پسپۆڕیی یان جۆری نووسراوەكەوە نەتوانراوە لە میدیاكاندا ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكە وەك خۆی بگەیەنرێت و وا بڵاوكراوەتەوە سۆمۆ دان بە قاچاغچێتی نەوتدا بنێت، بەڵام لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكاندا هەماهەنگییەكی بەهێزیان هەیە بەو هۆیەشەوە قاچاغچێتیكردن بە نەوت ئەستەمە.
35 ساڵ بەسەر داگیركردنی كوەیت لەلایەن رژێمی ئەوكاتەی عیراقەوە تێدەپەڕێت، ئەو روداوەی دواتر هاوكێشەی هێزی لە جیهان گۆڕی.
بەرەبەیانی 2ی ئابی 1990 جەنگی یەكەمی كەنداو دەستیپێكرد، هێزە عێراقییەكان بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن چوونە ناو كوەیت و لەماوەی دوو رۆژدا ئەو وڵاتەیان بە تەواوی كۆنترۆڵكرد، جابر ئەحمەد سوباح میری پێشووی كوەیتیش بەرەو سعودیە هەڵات، بەڵام دوای نزیكەی 20 هەفتە، هاوپەیمانییەكی سەربازیی بە سەركردایەتی ئەمریكا پێكهات و لە 28ی شوباتی 1991 دوایین سەربازی عیراق لە كوەیت وەدەرنرا.
پاساوی سەدام بۆ ئەو لەشكركێشییەی پشتیوانی بوو لە راپەڕینێكی جەماوەریی دژی میری كوەیت، لەگەڵ ئەوەشدا تۆمەتباری كرد كە بە ئەنقەست نرخی نەوتی دابەزاندووە و نەوتی زیاتری لە كێڵگە هاوبەشەكانی هەردوو وڵات بەرهەمهێناوە، بەڵام هۆكاری لەشكركێشییەكە ئەوەبوو كوەیت رەتیكردەوە قەرزەكانی پێشوو لەسەر عیراق هەڵبوەشێنێتەوە.
گەردەلولی بیابان وەرچەرخانێكی سەربازیی بوو، بەو پێیەی ئەمریكا بوو بە زلهێزی سەربازیی جیهان لەو ململانێ كورتە و خێراكردنی هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو.
عەلی لاریجانی راوێژكاری رابەری باڵای ئێران دەبێتە سەرۆك ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە.
میدیاكانی ئێران بڵااویانكردووەتەوە، لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی ئێران بۆ رێكخستنەوەی پەیكەری دەزگا ئەمنییەكان بڕیاردراوە عەلی لاریجانی راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە و شوێنی عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان دەگرێتەوە.
دەشڵێت، ئەحمەدیان دەبێتە سەرۆكی دۆسیە تایبەت و هەستیارەكان لە دەوڵەتدا و ئەو پۆستەش پێویستی بە كەسێكە كە هەماهەنگی بەهێزی لەگەڵ زۆربەی دەزگا و دامەزراوەكان هەبێت.
هەفتەی رابردووش لێپرسراوێكی ئێران رایگەیاندبوو، گۆڕانكاری بەرچاو لە دەزگا ئەمنییەكان دەكرێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و رەوشی هەستیاری ئێستای ئێران.
شوکولاتەی تاڵ تەنها خواردنێک نییە کە بۆ چێژوەرگرتن بخورێت، بەڵکو ژەمێکی دەوڵەمەندە بە پێکهاتە خۆراکییەکان و چەندین سوودی گرنگ بە جەستە دەبەخشێت، وەک باشترکردنی میزاج، پاراستنی تەندروستیی دڵ، و یارمەتیدان لە رێکخستنی کێشی لەشدا.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "فێری وێڵ هێڵس" (verywellhealth)، بەدەستهێنانی ئەم سوودانە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە کاتی خواردنی شوکولاتەکەوە هەیە، بەجۆرێک کە هەر سوودێکی کاتی تایبەت بە خۆی هەیە.
باشترین کات بۆ خۆشترکردنی ڕۆژەکەو کاریگەری دانان لەسەر میزاج:
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنی شوکولاتەی تاڵ وەک ژەمێکی سووک لە دوانیوەڕواندا، یەکێکە لە هەڵبژاردە گونجاوەکان بۆ بەرزکردنەوەی ورە و باشترکردنی میزاج.
ئەم جۆرە شوکولاتەیە کافاین و ماددە وروژێنەرە سروشتییەکانی تێدایە کە یارمەتی بەئاگاهێنانەوەی جەستە دەدەن و هەستی ماندوێتی ناهێڵن کە بەهۆی دابەزینی ئاستی شەکر لە خوێندا دروست دەبێت.
هەروەها دەرکەوتووە کە شوکولاتەی تاڵی رێژە %85، بەهۆی کاریگەریی لەسەر مایکرۆبایۆمی ریخۆڵە، میزاج باشتر دەکات، چونکە بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو ریخۆڵە زیاد دەکات. لەلایەکی دیکەوە، ماددەی پۆلیفینۆڵ کە دژەئۆکسانێکی بەهێزە و لە کاکاودا هەیە، یارمەتی کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ دەدات لە رێگەی کەمکردنەوەی هۆرمۆنەکانی وەک کۆرتیزۆڵ و ئێپینفرین.
باشترین کات بۆ دابەزاندنی کێش
پسپۆڕان ئامۆژگاریمان دەکەن کە بۆ دابەزاندنی کێش، باشترە شوکولاتەی تاڵ لە بەیانیاندا بخورێت.
توێژینەوەکان سەلماندوویانە ئەو کەسانەی لە کاتێکی زووی رۆژدا شوکولاتە دەخۆن، کێشیان زیاد ناکات. تێبینی ئەوەشکراوە کە ئارەزوویان بۆ خواردنی شیرینی کەمتر دەبێتەوە و برسێتییان کەمدەکات، هاوکات ئاستی شەکری خوێن و کەمەریان بچووکتر دەبێتەوە.
جگە لەمانە، دژەئۆکسان و کانزاکانی ناو شوکولاتە وەک مس و مەگنیسیۆم، لە ڕێگەی باشترکردنی سووڕی خوێن، بەهێزکردنی مێتابۆلیزم و بەرهەمهێنانی وزەوە، یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی کێش دەدەن.
باشترین کات بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ
لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە خواردنی شوکولاتەی تاڵ لە بەیانیان یان دوانیوەڕواندا سوودی بۆ تەندروستیی دڵ هەیە.
پێوایە خواردنی لە بەیانیاندا یارمەتی رێکخستنی ئاستی شەکری خوێن دەدات و ئارەزووی خواردن کەمدەکاتەوە بە بەراورد بە خواردنی لە شەواندا.
ژمارەیەکی زۆر لە توێژینەوەکان خواردنی شوکولاتەیان بەستووەتەوە بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی دڵ، و جەڵتەی مێشک. بۆ نموونە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی بەردەوام شوکولاتە دەخۆن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی %37 و مەترسیی جەڵتەی مێشک بە ڕێژەی %29 کەمدەبێتەوە.
سوودەکانی تری پێکهاتەکانی شوکولاتەی تاڵ بریتین لە خاوکردنەوەی بۆرییەکانی خوێن، دابەزاندنی فشاری خوێن، و کەمکردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا.
دەقی راگەیەنراوەکە...
"هەمیشە پشتیوانی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال بووم ، وەک بەڵێنم پێدان هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەری بدەین هەرچەند بخایەنێت، لێپرسینەوە لەوانەش بکرێت کە دەستی چەپەڵیان بەخوێنی ژنان و منداڵانی بێتاوانمان سوورە.
دواجار توانیمان شوێنی عجاج ئەحمەد حەردان دیاری بکەین کە یەکێک بوو لەو جەلادە دڕندانەی زیندانی نوگرە سەلمان، کەلە لەقوڵایی بیابانی سەماوە لە پارێزگای موسەنا دەستگیربکەین، ئەو زیندانەی هەزاران ژن و منداڵ و پیر تێیدا ئەشکەنجە دران و برسی کران و بە بێدەنگی خرانە ژێر خاکەوە.
عەجاج بە مامەڵەی دڕندانە و دژ بە مرۆڤایەتی و ئەو ترس و تۆقاندنە ناسراو بوو کە لەگەڵ شەهیدانی ئەنفالکراو بەکاری دەهێنا، وا لەدوای 37 ساڵ چیتر ئەم تاوانبارە ئازاد نییە و دەستبەسەرە.
داوا لەهەموو زیندانیەکانی رابردوو، خێزانی قوربانیانی ئەنفال، کەسوکاری بێ سەروشوێنبوان ئەکەم سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و گەواهی بدەن تا دادپەروەری فەراهەم بێت و ئەم تاوانبارە خوێنمژە لەسەر تاوانەکانی دەرهەق بەگەلەکەمان، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
بەوپەڕی توانامەوە بەرگری لەم دۆسییە مرۆیی و مێژوویی و نیشتمانییە دەکەم و هەرگیز کۆڵنادەم لە یادکردنەوەی شەهیدانمان، هەروەها بەردەوام دەبم لە تێکۆشان لەپێناو راستی و دادپەروەری".
لەماوەی مانگی رابردوودا روسیا نزیکەی چوار هەزار درۆن و زیاتر لە 250 موشەکی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئۆکراین بەکارهێناوە.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لەماوەی مانگی رابردوودا سوپای روسیا سێ هەزار و 800 درۆن و 260 موشەکی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئۆکراین بەکارهێناوە.
راشیگەیاند، تەنها بەهەماهەنگی لە نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ئەورپا دەتوانرێت هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین بوەستێنرێت .
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری روسیا ئاشکرایکرد، لەماوەی هەفتەیەکدا توانیویانە حەوت ناوچەی نوێ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین کۆنترۆڵبکەن و ژمارەیەک لە ژێرخانی وزە و نۆ کۆگای چەک و تەقەمەنی بەئامانج بگرن.
تاکو ئێستا نزیکەی هەزار 400 کەس لە چاوەڕوانی وەرگرتنی هاوکاریە مرۆییەکان لە غەززە کوژراون.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە تاکو ئێستا هەزار و 373 کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاریە مرۆییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە کوژراون.
راشیگەیاند، 859 کەس لەو شوێنانەدا کوژراون کە رێکخراوی مرۆیی غەززە هاوکاریەکانی دابەشکردوە، هەروەها 514 کەسیش لە شوێنەکانی دیکەی دابەشکردنی هاوکاریە مرۆییەکان کوژراون.
ئەوەش لە کاتێکدایە، تەندروستی غەززە بڵاویکردوەتەوە، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە 91 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و 666 کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، تۆمەتەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا دژ بە ئێران بێ بنەما و گاڵتەجاڕانەیە.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی لەلایەن ئەمریكا و فەرەنسا و چەند وڵاتێكی تری ئەوروپاوە دژ بە ئێران بڵاودەكرێنەوە، هەوڵێكە بۆ لادانی سەرنجی رایگشتی لەسەر پرسی سەرەكی كە كێشەی فەلەستینە.
راشیگەیاند، ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە پێشێلكردنی بنەماكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان و پەیمانی نەتەوەیەكگرتووەكانە و دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، لەبەرامبەر پشتیوانی لە ئیسرائیل، لەبەرئەوەی ئەوە پشتیوانی كردنە لە تیرۆر.
ئەوەش لە كاتێكدایە، ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا راگەیەنراوێكی هاوبەشیان دژ بە ئێران بڵاوكردەوە، دژایەتی هەوڵەكانی دەزگای هەواڵگری ئێرانی كرد.
وادەی پڕكردنەوەی فۆرمی ئەلیكترۆنی خۆراك تا 3 ی ئەم مانگە درێژكرایەوە.
ئاراس محەمەد؛ بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراك لە سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، وادەی پڕكردنەوەی فۆرمی ئەلیكترۆنی خۆراك بۆ ماوەی دوو رۆژی تر واتا تا 3ی ئاب درێژكراوەتەوە، هاووڵاتیان دەتوانن سود لەو دەرفەتە وەربگرن و فۆرمەكە پڕ بكەنەوە.
وتیشی، لە سلێمانی بە رێژەی 82% و هەولێر 83% و دهۆك 76% و هەڵەبجە 85%ی هاووڵاتییان فۆرمەكەیان پڕكردوەتەوە، بە تێكڕاش لە هەرێمی كوردستان رێژەی پڕكردنەوەی فۆرمەكە گەیشتوەتە 81%.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دواتر قۆناغی دووەم دەستپێدەكات، كە تایبەتە بە راستكردنەوەی هەڵەكان و گواستنەوە لەنێوان بریكارەكانی خۆراك و كەمكردن و زیادكردنی داتاكان لەسەر فۆرمەكە.
هاوكات نەوزاد كامیل بەرێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، درێژكردنەوەكە بۆ هەموو هەرێمە و رۆژی یەكشەممە یەكلایی دەبێتەوە كە جارێكی تر وادە درێژ بكرێتەوە یاخود دەست دەكرێت بە قۆناغی دووەم.