سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاندووە، ئێران و ھاوپەیمانەکانی بەردەوامن لە ناسەقامگیرکردنی ڕەوشی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەگەری بڕیاردانیش بۆ ھێرش کردنە سەر ئەو وڵاتە، سوپای ئیسڕائیل چەندین پلان و بژاردەی لە بەردەستدایە.
وتیشی شانازی دەکەن بەو دەستکەوتانەی لە ڕێی بۆردوومانەکانیانەوە لە سوریا و ناوچەکانی تر بەدەستیانھێناوە.
ئەو لێپرسراوەی ئیسڕائیل ھەڵوێستی حکومەتی وڵاتەکەشی دووپاتکردەوە لەسەر ئەوەی دانوستانی نێودەوڵەتی لەگەڵ "تاران" ڕەتدەکەنەوە بۆ بوژانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە پێویستیشی دەزانن جێگرەوەیەک بۆ ئەو دانوستانانە بدۆزنەوە.
دواتریش دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕایگەیاند، کار بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئوردن دەکەن و ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەش ھاوپەیمانی کوردستان، بانگەشەی ھەڵبژاردن لە کەرکوکەوە دەستپێدەکات.
"نیبراس ئەبو سودە" جێگری وتەبێژی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن دەڵێت، دەستدرێژی و پەلامار بۆ سەر بانگەشەکان بە تاوان دادەنرێت و تاوانباران ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە، لە نێو سزاکانیشدا سزای زیندانی بۆ ماوەی ٦ مانگ بۆ ساڵێک ھەیە، سزای داراییش لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و پێنج ملیۆن دینار زیاتر نابێت.
وتیشی، لە زۆرینەی ئەو شوێنانەی بانگەشە دەکرێت کامێرای چاودێری نییە، بۆیە کاندیدەکان خۆیان دەتوانن سکاڵا بەرز بکەنەوە، ڕاشیگەیاند لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند کاندیدێک بە بڕی یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار سزای دارایی دراون.
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە بزوتنەوەی تاڵیبان کە لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکانی ئەفغانستانی کردووە، بایدن ڕایگەیاند، دان پێدانان بە حکومەتی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە، دوورە و ڕێگایەکی دووریان لە بەردەمدایە بۆ ئەو ھەنگاوە.
لە ٣١ ی مانگی رابردودا ، کۆتا سەربازیی ئەمریکی خاکی ئەفغانستانی بەجێھێشت ، بەو شێوەیەش کۆتایی ھێنرا بە ٢٠ ساڵ لە مانەوەی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر ڕایگەیاند، بڕیارە سەعات ١ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ جۆزێف بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بگاتە فڕۆکەخانەی ھەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم کۆببێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئامانجی سەردانەکەی جۆزێف بۆرێڵ پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ھەرێم و یەکێتی ئەوروپایە، ھاوکات پرسی تیرۆر و ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقیش تاوتوێ دەکرێن.
دوێنێ "جۆزێف بۆڕێل" سەردانی بەغدادی کرد و ڕایگەیاند، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ھاوبەشییەکانیان و ڕێککەوتنەکانی ھاوکاری لەگەڵ عێراق زۆر باشن و لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆیان بۆ چالاکی ئابووری و ئاسایش و مرۆیی بەخشیوەتە عێراق و بەردەوامیش دەبن لەسەر پاڵپشتیکردنی عێراق.
وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کرد و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پێویستە فەرمانبەری دامەزراوە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندن بە شێوەیەکی خێرا و بێ ھیچ دواکەوتنێک کاروباری ھاوڵاتیان و سەردانیکاران لە چوارچێوەی یاسا بەڕێ بکەن و بە شێوازێکی کارگێڕی دروست وەڵامیان بدەنەوە.
ڕاشیگەیاند، دەبێت بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەوام بەجێنەھێڵن تا دوا نوسراو و مامەڵەی ھاوڵاتیان ئیمزای لەسەر دەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە، بەشی سکاڵای ئەلکترۆنی بۆ ھاوڵاتیان ھەیە و ھەر سکاڵایەک لەسەر دواکەوتنی مامەڵەی ھاوڵاتیان یان شێوازی مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ سەردانیکاران بگاتە وەزارەت، بەدواداچوونی جددی لەسەر دەکرێت و فەرمانبەری کەمتەرخەم لە ھەر ئاستێکی بەرپرسیاریەتیدا بێت سزا دەدرێت.
بە پێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، "عامر خالید و فرسەت ئەحمەد و جەمال خەلیل و سلێمان موسا لەگەڵ سلێمان کەمال" بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ھەرێم و سیخوڕی بۆ ئەمریکا و بەریتانیا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق و چەند پرسێکی تر دادگایی دەکرێن.
دوێنێ دادگاییکردنی چوار لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی تری بادینان بە ھۆکاری زیادبوونی ئەندامی نوێ بۆ دادگا دواخرا و دواتر "بەشدار حەسەن" ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، ڕەوشی دەستگیرکراوانی بادینان باش نییە و لە زیندانی ئاسایشی ھەولێر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
"پاتریشا سپینۆزا" گەورە لێپرسراوی کەش و ھەوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەتی وڵاتان دەکات ھەوڵەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا زیاتر بکەن و وتیشی، ھیچ وڵاتێک لە قەتیسبوونی گەرما پارێزراو نییە.
ئەو لێپرسراوە ئاماژەی بەوەشکرد، ٣ مانگ ماوە بۆ ئەنجامدانی لوتکەی کەش و ھەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویستیشە بەر لەو لوتکەیە وڵاتان پلانیان ھەبێت بۆ کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ئامادەش بن بۆ لێکەوتەکانی.