بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە شۆفێران بەهۆی "سەرخستنی قەرەج"ەوە سزادراون و رایدەگەیەنێت، ئەو پسوڵەیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە ساختەیە و هیچ سەرپێچییەک بەو ناوەوە لە یاساکانی هاتووچۆدا بوونی نییە.
لە روونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، ئەو پسوڵەی سزایەی کە وێنەکەی لە بەشێکی زۆری پەیج و ئەکاونتەکاندا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە شۆفێرێک بەهۆی سەرپێچی "سەرخستنی قەرەج"ەوە سزا دراوە، "تەواو ناڕاستە و دوور و نزیک پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە نییە."
هاتووچۆی سلێمانی جەختیشیکردووەتەوە کە پسوڵەکە دروستکراو و "فەیکە" و لەناو سەرجەم یاسا و رێنماییەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستاندا، هیچ جۆرە سەرپێچییەک لەژێر ناونیشانی "سەرخستنی قەرەج لە سوارڕەودا" بوونی نییە.
دیلان چتاک، گۆرانیبێژی ناسراو و کچی ئیبراهیم تاتڵیساس، دوای ئەوەی لە بۆدروم بەهۆی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی بەسەر پۆلیسدا دەستگیرکرا و دواتر بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازادکرا، پەیامێکی کاریگەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "نەمتوانی خۆم رابگرم، گریام".
دیلان چتاک، کچی گۆرانیبێژی بەناوبانگی تورکیا ئیبراهیم تاتڵیساس، کە لە شاری بۆدروم بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لەگەڵ پۆلیسدا دەستگیرکرا و دواتر ئازادکرا، پەیامێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی لەو پاڵپشتییە کردووە کە لەدوای رووداوەکە تووشی شۆکی کردووە.
چتاک لە پۆستەکەیدا دەڵێت، "نەمتوانی خۆم رابگرم و گریام"، بەمەش ئاماژەی بەو خۆشەویستییە کردووە کە لەلایەن خەڵکەوە پێی بەخشراوە.
"چاکە کە ئێوە هەن"
دیلان چتاک لە هەژماری رەسمی خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی:
"لەسەرەتادا نەمدەویست هیچ شتێک بنووسم... بەڵام جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە لەنێوان جیهانی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا و ئەو ژیانە راستەقینەیەی کە لەسەر شەقامەکان دەیبینم، بۆیە نەمتوانی بێدەنگ بم. پێشتریش ئەمەم ئەزموون کردبوو بەڵام وەک بڵێی ئەم ساتانە زیاتر بوون... چەندین رۆژە ئەو خەڵکەی دێنە لام، دڵسۆزی و خۆشەویستییان و وتنی 'ئێمە لەگەڵ تۆین'... ئەوانەی دەیانەوێت باوەشم پێدا بکەن، ئەوانەی سەیری ناو چاوەکانم دەکەن و دەڵێن 'خۆشمان دەوێیت'، 'دەنگتمان خۆشدەوێت'... بەڕاستی نەمتوانی خۆم رابگرم و گریام. بوونی ئەم هەموو مرۆڤە راستگۆ و دڵپاکە... رێک لەم کاتەدا، زۆرترین شت بوو کە پێویستم پێی بوو. چاکە کە ئێوە هەن..."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی شارەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و لە ناوچەکانی گەرمیانیش با چالاک دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی کەشناسیی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان پەڵەهەور دەبێت و لە دوای نیوەڕۆوە بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت، هاوکات پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ کەمێک نزمتر دەبنەوە.
کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ چوارشەممە، ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و پەڵەهەوردا دەبێت. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند (10-20کم/کاتژمێر) دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تا ئێوارە لە ناوچەکانی گەرمیان بۆ سەرووی 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ بەم شێوەیە دەبن:
هەولێر: 43 پلە
سلێمانی: 43 پلە
دهۆک: 42 پلە
کەرکوک: 44 پلە
زاخۆ: 42 پلە
هەڵەبجە: 42 پلە
سۆران: 41 پلە
حاجی ئۆمەران: 35 پلە
گەرمیان: 46 پلە
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، هاوکارییە داراییەکەی هاوپەیمانان بۆ مانگی تەمموز گەیشتووەتە وەزارەتەکەیان و حەوتی مانگ دابەشدەکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای تەواوکردنی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان، رۆژی پێنجشەممە حەوتی ئاب، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئاماژە بەوەشدراوە، لەم مانگەدا نزیکەی74 هەزار ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە رێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ەوە هاوکارییەکە وەردەگرن و ئەوانی دیکەش لە رێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکانیان پێدەگات.
یەکەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی ئاشتی تورکیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتی "نوعمان کورتوڵموش" دەستی پێکرد و سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: کار بۆ بەهێزکردنی برایەتی دەکەین.
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا، هەموو هەنگاوەکانی کۆمسیۆن بە روونی باسدەکرێت و دەنگی هەموو نەتەوەکان دەبین لێرە، وتیشی؛ ئەم پرۆسەیە ئایندەی کورد و تورک دیاری دەکات و تورکیایەکی پڕ رەنگ دەبینین.
وابڕیارە دوای وتاری دەستپێکی سەرۆکی پەرلەمان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان لە لیژنەکەدا بۆچوون و هەڵسەنگاندنەکانیان بخەنەڕوو.
کۆمسیۆنی ئاشتی لە 51 ئەندام پێکدێت، بەڵام تائێستا لایەنەکان 48 کاندیدیان پێشکەشکردووە، بڕیارەکانی کۆمسیۆنیش بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی دەنگی ئەنجامەکانی دەردەکرێن و نابێت سەرۆکی کۆمسیۆنەکەش دەنگ لەسەر بڕیارەکان بدات.
رێککەوتنە، کە مانگی رابردوو لە کاتی سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ بەریتانیا راگەیەندرا، رێگە بە ناردنەوەی هەندێک لەو کەسانە دەدات کە لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە پەڕیونەتەوە بۆ فەرەنسا، لە بەرامبەر وەرگرتنی هەندێک پەنابەری تر کە پەیوەندییان بە بەریتانیاوە هەیە.
رێککەوتنەکەی نێوان کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ کاروباری کۆچبەران ئەمڕۆ، سێشەممە، چووە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دەست بە دەستبەسەرکردنی کۆچبەران بکرێت.
پلانی تاقیکاری "یەک بە یەک" - کە رێگە بە بەریتانیا دەدات هەندێک لەو کەسانەی کەناڵەکەیان بەزاندووە بنێرێتەوە بۆ فەرەنسا لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی پەیوەندییان بە بەریتانیاوە هەیە - هەفتەی رابردوو ئیمزا کرا و ئێستا لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپاوە پەسەند کراوە.
ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، بە "سکای نیوز"ی راگەیاند کە ئەم پلانە بۆ ئەو کەسانەیە کە تازە دەگەن، نەک ئەوانەی پێشتر لێرەن، و "دەستبەجێ لە کاتی گەیشتندا دەستبەسەر دەکرێن".
ناوبراو ئامادەنەبوو ژمارەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە لە کۆتاییدا دەنێردرێنەوە، بە بیانووی ئەوەی ئەمە زانیاریی کارپێکردن دەداتە گروپەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ و وایان لێدەکات کار لەسەر ئەو ژمارانە بکەن.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بەپێی پلانەکە هەفتانە تەنها 50 کەس دەگەڕێندرێنەوە بۆ فەرەنسا.
لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەدا، هەمان ژمارە دەتوانن لە رێگەیەکی یاسایی نوێوە بێنە بەریتانیا، بە مەرجێک پێشتر هەوڵی پەڕینەوەیان نەدابێت و بە وردی پشکنینی بەڵگەنامە و ئەمنییان بۆ بکرێت.
کوپەر، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە پلانێکی تاقیکارییە و وتی، ژمارەکان "بە کەمی دەست پێدەکەن و وردە وردە زیاد دەکەن."
هەروەها وتی: "بەشێک لەوەی ئێمە لێرە دەیکەین، تاقیکردنەوەی چەمکەکەیە... بنەماکە ئەوە دەڵێت، راشکاوانە، ئەگەر تۆ بە بەلەمێکی بچووکەوە بگەیتە ئێرە، تۆ هەزاران پاوەندت داوە بە قاچاخچییەکی تاوانبار، لە راستیدا، دەبێت بگەڕێندرێیتەوە... و ئێمە دەبێت ئەوانە وەربگرین کە بە شێوەیەکی یاسایی داواکارییان پێشکەش کردووە و پشکنینی ئەمنییان بۆ کراوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی 2025 لە رێگادایە ببێتە ساڵێکی ریکۆردی بۆ پەڕینەوەکان. بەپێی شیکارییەکانی ئاژانسی هەواڵی PA بۆ ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، نزیکەی 25,436 کەس ئەمساڵ ئەو گەشتەیان ئەنجامداوە، کە 49% بەرزترە لە هەمان کات لە ساڵی2024.
رۆب پاوڵ، پەیامنێری سیاسیی سکای نیوز، رایگەیاند لە کاتێکدا ئەمە "سەرکەوتنێکی سیاسییە" بۆ حکومەت، بەڵام دەبێت لە کۆتاییدا ژمارەکان "زۆر بەرزتر" بن لە 50 کەس لە هەفتەیەکدا ئەگەر بمانەوێت وەک هۆکارێکی رێگریکردن کاربکات.
پاوڵ وتی: "رێژەی تێکڕای پەڕینەوە نزیکەی 800 کەسە لە هەفتەیەکدا، بۆیە پێویستە ئەم ژمارەیە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بگاتە ئەو کەسانەی هەوڵی ئەو پەڕینەوەیە دەدەن."
ئامانج ئەوەیە کە پەنابەران وا تێبگەن کە "مەترسیی گەڕانەوە بۆ فەرەنسا ئەوەندە گەورەیە کە شایەنی ئەوە نییە پارەکانیان بدەن بە قاچاخچییەکان" بۆ ئەنجامدانی ئەو پەڕینەوەیە.
ئیلیزاڤێتا کریڤۆنۆغی، کە دەگوترێت کچی ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیایە، بە ئاشکرا باسی 'پیاوێک'ی کرد کە ژیانی 'وێران' کردووە و 'ژیانی ملیۆنەها کەس'ی لەناوبردووە. هەرچەندە ناوی کەسی نەهێنا، بەڵام راپۆرتە میدیاییەکان دەڵێن، مەبەستی لە سەرۆکی کرملن بووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی، ئەو خانمە تەمەن 22 ساڵە لە زنجیرەیەک پۆستدا لە تێلیگرام نووسیویەتی: "قورسە کە بتوانم جارێکیتر روخسارم بە جیهان نیشان بدەمەوە. ئەمە بیرم دەخاتەوە کە من کێم و کێ ژیانی منی وێران کرد."
کریڤۆنۆغی پێشتر بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسی فڕۆکەی تایبەت و یانە شەوانە سەرنجڕاکێشەکانی دەکرد، بەڵام ئەکاونتەکەی لە دەوروبەری کاتی توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین لە ساڵی 2022دا دیارنەما.
کریڤۆنۆغی کێیە؟
کریڤۆنۆغی، لەدایکبووی ساڵی 2003ی سانت پترسبۆرگە و دەنگۆی ئەوە هەیە کە کچی پوتن و پاککەرەوەی پێشووی، سڤێتلانا کریڤۆنۆغی بێت.
لە ساڵی 2020دا، میدیایەکی سەربەخۆ بە ناوی 'پڕۆێکت' بانگەشەی ئەوەی کرد کە 'کچە نهێنییەکەی' سەرۆکی روسیای دۆزیوەتەوە دوای لێکۆڵینەوە لە سامانی سڤێتلانا کریڤۆنۆغی کە ملیۆنێرێکی رووسییە. هەروەها راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو سامانەی بەهۆی پەیوەندییەکی سۆزدارییەوە لەگەڵ سەرکردەیەکی روسیادا بەدەستهێناوە.
راپۆرتەکەی 'پڕۆێکت' بانگەشەی ئەوەشی کرد کە کچەکەی سڤێتلانا 'لێکچوونێکی سەرسوڕهێنەری' لەگەڵ پوتندا هەیە. دواتر کچەکە بە ناوی 'لویزە ڕۆزۆڤا' ناسێنرا. ئەو لە دوای دەستپێکردنی جەنگی روسیا و ئۆکراینیاوە کەمترین دەرکەوتنی هەبووە.
لە بەرانبەردا کرملن ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و بە 'بێ بنەما و ناباوەڕپێکراو' ناوی بردن.
ژیانی کریڤۆنۆغی لە پاریس
لەوەتەی ئەمساڵ، هونەرمەندی روسی ناستیا ڕۆدیۆنۆڤا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کریڤۆنۆغی وەک بەڕێوەبەر لە دوو گەلەری هونەری لە پاریس کاردەکات کە بە پیشاندانی هونەری دژە جەنگ ناسراون.
لە ناسنامەی لەدایکبوونی ڕۆزۆڤادا ناوی باوکی نەنووسراوە، بەڵام ناوی باوکایەتییەکەی 'ڤلادیمیرۆڤنا'یە، کە بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەک بە پوتنەوە. هەروەها ناوی خوازراوی 'ڕودنۆڤا'ش دەگوترێت پەیوەندی بە ئۆلێگ رودنۆڤەوە هەیە، کە هاوڕێیەکی نزیکی پوتن بوو و لە ساڵی 2015 کۆچی دوایی کرد.
لە چاوپێکەوتنێکی دەنگیدا لە ساڵی 2021، ڕۆزۆڤا نە لێکچوونی لەگەڵ پوتندا پشتڕاستکردەوە و نە رەتیشیکردەوە، وتیشی کە زۆر کەس سیماکانیان لە یەکتر دەچێت. باسی لەوە کرد کە لە 'قۆقز'ێکدا دەژی، خۆی لە هەواڵەکان بەدوور دەگرێت و تەرکیزی لەسەر مۆدە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیەتی.
لە ساڵی 2023دا، بەریتانیا سزای بەسەر سڤێتلانا کریڤۆنۆغیدا سەپاند و وەک 'پشکدارێک لە بانکی رۆسیا و گروپی میدیای نیشتمانی' ناساندی، کە 'بەردەوام بانگەشە بۆ هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دەکەن'.
بڕیارە رۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل کۆببێتەوە بۆ پەسەندکردنی پلانێک کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازییە لە ناوچە نوێیەکاندا.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل، بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە جەنگی نزیکەی دوو ساڵەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەدا، کە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ناوچەکە و ئۆپراسیۆنی سەربازی لەو ناوچانەدا لەخۆدەگرێت کە تا ئێستا لێی بەدوور بوون.
عەمیت سیگال، شرۆڤەکاری کەناڵی 12ـی ئیسرائیل کە پڕبینەرترین کەناڵی هەواڵییە لەو وڵاتە، لە زاری سەرچاوەیەک لە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانەوە گواستییەوە و رایگەیاند: "بڕیارەکە دراوە... ئێمە دەچین بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە."
هەمان سەرچاوە وتیشی: "حەماس بەبێ خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی بارمتەکان ئازاد ناکات، ئەگەر ئێستا کار نەکەین بارمتەکان لە برساندا دەمرن و غەززەش لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدا دەمێنێتەوە."
سیگال لە زاری بەرپرسەکەوە ئەوەشی وت: "ئیسرائیل بۆ ماوەی چەندین مانگ لەسەر دووڕیانێک بوو، با راشکاوانە بڵێین، نە سەرکەوتنی بەدەستدەهێنا و نە بارمتەکانیشی وەردەگرتەوە. دەسەڵات بۆ رێککەوتن فراوان بوو، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتن، بۆیە بەرەو داگیرکاری دەچین."
ئەم راپۆرتانە لەبارەی فراوانکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە غەززە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی ئاگربەست بە نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا ئەم هەفتەیە شکستیان هێناوە، ئەمەش سەرەڕای دڵنیاییەکانی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە کۆتایی هەفتەدا سەردانی ئیسرائیلی کردبوو و رایگەیاندبوو کە کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هەروەها ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە حەماس، کە لە7ی ئۆکتۆبەری 2023هێرشە بەرفراوانەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی پڕوپاگەندەیی بارمتە لاوازبووەکان خەڵکی ئیسرائیلی تووشی شۆک کرد.
هاوکات، فشاری نێودەوڵەتی لەسەر ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەفتەکانی رابردوودا زیادی کردووە، لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی کە سیاسەتی گەیاندنی هاوکارییەکانی ئیسرائیل دەبێتە هۆی برسێتی لە غەززە.
لەناوخۆی ئیسرائیلیشدا فشارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەڕاندنەوەی نزیکەی 50 بارمتە، چ بە زیندوویی و چ بە مردوویی، کە هێشتا لە غەززەن، زیادی کردووە و سەرکردایەتی وڵاتەکەش دابەش بووە لەسەر باشترین رێگا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.
هەندێک لە وەزیرەکانی حکومەتی ناتانیاهۆ، وەک بتزالئێل سمۆتریچی وەزیری دارایی و ئیتامار بن گڤیری وەزیری ئاسایشی نیشتمانی، فشاردەکەن بۆ داگیرکردنەوەی غەززە و دروستکردنەوەی ئەو نیشینگە جوولەکانەی کە 20 ساڵ لەمەوبەر چۆڵکران. بەڵام سوپای ئیسرائیل دژی ئەو پلانەیە و بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا چەند بەدیلێکی تر پێشکەش بکات.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بۆماوەیەکی زۆر داوای لە کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل کردەوە و سەرۆک وەزیران رەتیکردوەتەوە.
پێگەی ئیسرائیل هیۆم لەزاری کەسە نزیکەکانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەیال زەمیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە داوای کۆبونەوە و گفتوگۆی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کردوە سەبارەت بە جەنگی غەززە بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دژی ئەو داواکاریە وەستاوەتەوە.
بڵاویشیکردەوە، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دژی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززەیە بەهۆی دروستبوونی مەترسی بۆ سەر ژیانی بارمتەکان و کوژرانی زیاتری سەربازە ئیسرائیلیەکان لە غەززە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لێپرسراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئسیرائیل رایگەیاندبوو، ئەگەر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دژی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززەیە دەتوانێت دەستلەکاربکێشێتەوە.
ئەمڕۆ لە دوو ناوچەی هەرێمی کوردستان 6 کەس بەهۆی مەلەکردن لە پۆند و روبارەکان خنکاون و بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێمیش ئاماری روداوەکانی خنکانی لەمساڵدا بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی ئاکرێ، تیمەکانیان کاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی چوار تەرم لە رووباری خازر لە سنووری گوندی قایماوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، ئەو چوار گەنجە دووانیان برای یەکترن و دووانەکەی دیکە ئامۆزان، دانیشتووی گوندی "بەردەڕەش بچووک"ی سەر بە قەزای بەردەڕەشن.
ناوی گەنجە خنکاوەکان بریتین لە:
ئوسامە محەمەد عەزیز، لەدایکبووی ساڵی 2003
مەحمود جەمال عەبدولواحید، لەدایکبووی ساڵی 2004
بیلال کەمال مستەفا، لەدایکبووی ساڵی 2007
محەمەد کەمال مستەفا، لەدایکبووی ساڵی 2008.
پەیامنێری کردستان نیوز لە پاریزگای هەڵەبجە رایگەیاند، دوو گەنج لە گوندی پریسی خواروو خنکاون، بەپێی زانیاریەکانی کوردسات نیوز یەکێک لە گەنجەکان بەهۆی خلیسکانەوە دەکەوێتە پۆندەکە پاشان یەکێک لە هاوڕێکانی هەوڵدەدات رزگاری بکات بەڵام هەردووکیان لە ئەنجامدا دەخنکێن.
پەیامنێری کوردستان نیوز راشیگەیاند، تەرمی یەکێک لە گەنجە خنکاوەکان دۆزراوەتەوە بەڵام تا ئێستا تەرمی ئەوی دیکە نەدۆزراوەتەو تیمی غەواسی قەزای دەربەندیخان سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە.
بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێم بڵاویکردەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئیستا 43 کەس لە دەریاچە و روبارەکانی هەرێمی کوردستان خنکاون کە زۆربەیان تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمترە.
بەرگری شارستانی هەرێم داوا لە هاووڵاتیان دەکات دوربکەونەوە لە مەلەکردن بەهۆی نەشیاوی سروشتی ئاوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مەلەکردن.
ئیبراهیم عەزیزی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "وەفدێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی ئێران بکات، تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە گفتوگۆ و راوێژکاری تەکنیکی لەگەڵ بەرپرسان و پسپۆڕانی وڵاتەکەی ئەنجام بدات".
وتیشی، بەپێی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی شورای ئێران پەسەندی کردوون لە هیچ هەلومەرجێکدا رێگە بە هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی نادرێت دەستی بگات بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
عەزیزی بۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، دەنگۆی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران رەتکردەوە و دەڵێت، "ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دراوە، چوونە ژوورەوەی هەر وەفد و قەوارەیەکی بیانی بۆ ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەتەواوی قەدەغە دەکات".
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی جەختی لەوەشکردەوە، "ئەم سنووردارکردنانە جێگیرن و ناگۆڕدرێن".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە شەڕ لەگەڵ چەکدارانی بیانی وڵاتانی جۆراوجۆر دەکەن وەکو چین، پاکستان و گەلانی ئەفریقا.
زێلێنسکی ئەمڕۆ لە سەر پلاتفۆرمی ئێکس دوای سەردانی ناوچەیەکی هێڵی پێشەوە لە خارکیڤ، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی وتی، سەربازەکانمان باس لە بەشداریکردنی چەکدارانی چین، تاجیکستان، ئۆزبەکستان، پاکستان و وڵاتانی ئەفریقا دەکەن لە شەڕەکەدا.
زێلێنسکی پێشتر روسیای بە دامەزراندنی چەکدارانی چینی بۆ شەڕی دژی ئۆکرانیا تۆمەتبار کردبوو، باسی لەوەشکردبوو کۆریای باکور هەزاران سەربازی بۆ ناوچەی کورسکی روسیا رەوانە کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە تا ئێستا ئەو وڵاتانە هیچ لێدوانێکیان لەسەر تۆمەتەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا نەداوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی جەختدەكاتەوە لەوەی پێویستە هەنگاوەكانی پڕۆسەی ئاشتی و وردەكاریی كارەكانی كۆمسیۆنەكەی پەرلەمانی توركیا بۆ رای گشتی بڵاوبكرێنەوە.
گوڵستان كلچ كۆچیگیت سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، پێویستە ئەو كۆمسیۆنەی لە پەرلەماندا لەژێر ناوی (پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك)دا دادەمەزرێت وردەكاری كارەكانی و شێوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە بۆ رای گشتی روون بێت.
كۆچیگیت باسی لەوەشكرد، سەرەڕای ئەوەی هێشتا كۆمسیۆنەكە بەتەواوی دەستی بەكارەكانی نەكردووە، بەڵام لێدوانەكانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) لەبارەی بنەما و شێوازەكانی كۆمسیۆنەكە بەڕاست نازانن و پێیان وایە ئەو پارتە وەك پێویست لە پڕۆسەكەدا بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە.
لەبارەی بەشداری پارتەكانیشەوە ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان خوازیارن سەرجەم پارتەكان لە كۆمیسیۆنەكەدا نوێنەریان هەبێت و بەشدارییەكی راستەقینە بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی ئەرێنی لێ بكەوێتەوە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێنی عەرەبی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عیراق باس لە قۆناغی منداڵی و پەروەردەی خێزانەكەی دەكات.
چاوپێكەوتنەكە لە شاری سلێمانی و لە ماڵەكەی ئیبراهیم ئەحمەد گەورە نوسەر و سیاسەتمەداری گەلی كورد و باوكی خانمی یەكەمی عیراق ئەنجامدراوە، تیایدا تیشكدەخاتەسەر قۆناغی منداڵی و پەروەردە خێزانییەكەی.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق رایگەیاند، ئەم ماڵە یادگاری زۆری هەیە، چ شیرین و چ تاڵ، بەڵام كاتێك دێمە ناوییەوە، هەمیشە هەست بە سەلامەتی دەكەم، زۆر ماڵمان بەجێهێشت و چەندین جار هەڵهاتین و لە چەندین وڵات و گونددا ژیاوین، وە هەمیشە پێیان دەوتین كە دەگەڕێینەوە ماڵەوە، بەڵام هەرگیز نەگەڕاینەوە بۆ هەمان ماڵ، كەواتە ئەم ماڵە بۆ من بووەتە ماڵێك كە هەست بە سەلامەتی دەكەم تیایداو هەست بە خۆشەویستییەكی زۆر دەكەم.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە باوكی كۆچكردووی، خانمی یەكەم دەڵێت، كاتێك لەگەڵ كەسێك دەژیت رەنگە وەك پێویست قەدری نەزانیت، بەڵام لەو قۆناغەی دواییدا وەك خۆی دەڵێت، پێكەوە دەژیان، هەرچەندە بۆ ماوەیەك لە سەردەمی منداڵیدا نەیانبینیوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی وتیشی، دوای كۆچی دوایی باوكم، خودا لێی خۆش بێت، كاتێك دەستم كرد بە كۆكردنەوەی نوسین و كتێب و بەرهەمەكانی و دواتر سەیری چاوپێكەوتنەكانیم كرد، زیاتر هەستم بەو دەكرد، ناتوانم زۆر ستایشی بكەم، بەڵام كەسێك بوو بیری لە داهاتوو دەكردەوە، ئایندە، واتە 50 بۆ 80 ساڵ دواتر، بۆیە، ئەگەر بیبینم، لەوانەیە دڵخۆش بێت.
ئەگەر بۆ یەك جاریش بتوانم لەگەڵی بدوێم رستەیەكی پێ بڵێم، پێدەڵێم، "زۆر بیرت دەكەم، خۆزگە باشتر لەوەی دواتر تۆم ناسیبا".
لەبارەی كاریگەری خێزان و ماڵەكەی بەسەریەوە دەڵێت، شێوازی ژیانی جیاواز بووە، لەگەڵ خێزانەكەی لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر و لە گوندێكەوە بۆ گوندێكی تر ماڵ و حاڵمان بەجێدەهێشت.
وتیشی، هەندێك جار لە گوندەكاندا دەژیاین، هەندێك جار لە گۆڕستانەكاندا دەژیاین، چونكە ئەوێ تاكە شوێنی سەلامەت بوو كە نەیاندەتوانی بۆردومانی بكەن.
هەموو ئەم شتانە، زۆرترین كاریگەرییان لەسەر من هەبووە، بەتایبەتی باوكم و دایكم و خێزانەكەمان سیاسەتمەدار بوون و هەمیشە لە ژێر فشاردا بووین.
لە كۆتاییدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، زۆر پێداگرم لەسەر ئەو كارانەی كە خۆی بڕوای پێیان هەیەو گرنگی بەو سیستم و كەسانە نادات كە دەڵێت، ئەوە رێگەی تۆ نییە یان رێگاكەی بگۆڕێت.
وتەبێژی کۆشکی کرملن ئاشکرایکرد ئەمڕۆ سەرۆکی روسیا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگی هاوبەشیان کردەوە.
دیمتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی کرملن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆک روسیا لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەقامگیری سیاسی و ناوخۆیی ئەو وڵاتە، بە لەبەرچاوگرتنی ماف و بەرژەوەندیە رەواکانی سەرجەم گروپە نەتەوەییەکان و ئاینیەکانی گەلی سوریا.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، روسیا ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هەوڵێک نیشانداوە تاکو ئاسانکاری بکات لە دانوستانە چارەسەریەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، هەروەها هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامی لە گفتوگۆکان لە بارەی پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پوتن و ناتانیاهۆ لە 28ی مانگی رابردوو پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەبارەی رەوشی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، تۆمەتبارێکی خراپ بهكارهێنانی ئامێرهكانی پهیوهندیكردنی دەستگیرکرد، کە هەڕەشەی لە 50 ئافرەت و پیاو کردبوو.
لە راگەیەندراوێکدا باس لەوەشدەکات، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لەسەر سکاڵای هاووڵاتیان بووە و دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر چەند ئەکاونتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی سحر و جادووکردن، دەرکەوتووە پارەی لەچەندین هاووڵاتی وەرگرتووە و دواتریش هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لەئافرەتەکان کردبوو.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، لەسەر فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی ڕاپەڕین، توانیان شوێنی تۆمەتبار دەستنیشان بکەن و لەچالاکییەکەدا تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن.
تۆمەتبارەکە تەمەنی ٢٥ ساڵە و دوای دەستگیرکردنی دەستبەسەر سەرجەم ئەکاونت و بەڵگە وێنە و ڤیدیۆکانی گیرا، لەئێستاشادا تۆمەتبار بەماددەی ٢ لهیاسای قهدهغهكردنی خراپ بهكارهێنانی ئامێرهكانی پهیوهندیكردن راگیراوە.