وەفدی ئیمراڵی سەردانی لایەنەكانی توركیا دەكاتەوە
١٠ی ئازاری ٢٠٢٥
دوای بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی، وەفدی ئیمراڵی سەردانی لایەنەكانی توركیا دەكاتەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ جەهەپە و حزبی زەحمەتكێشان و دەڤا كۆدەبێتەوە.
پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" رایگەیاندوە، دوای بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی "پەكەكە" بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆ وەفدی ئیمراڵی جارێكی تر سەردانی لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەكاتەوە، تولای حاتیمئۆغلاری و تونجەر باقرخان هاوسەرۆكانی دەم پارتی لەگەڵ حزبی زەحمەتكێشان و پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە"و پارتی دەڤا كۆدەبنەوە.
بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكان، رۆژی چوارشەممەش وەفدی ئیمراڵی لەگەڵ پارتی كرێكارانی توركیا و سەعادەت و پارتی ئایندە كۆدەبێتەوە، رۆژی 17ی مانگیش لەگەڵ ئاكەپە و مەهەپە كۆدەبێتەوە.
پێشتریش وەفدی ئیمراڵی لە 28ی 12ی 2024، كە پێكهاتبوون لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، لە ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان كۆبوونەوە، دواتر وەفدەكە لە 2ی 1ی 2025، كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی پەرلەمانی توركیا دەستپێكرد.