کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆش هەورەبروسکە و تاوەباران لە چەند ناوچەیەک بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ ئەگەری تاوەباران و بروسکە لە زۆربەی ناوچەکاندا، دواتر لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ پێشبینی دەکرێت لە سەنتەری شارەکانیش بۆماوەیەکی کورتخایەن باران ببارێت، هەروەها رێژەی دابارین لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی بادینان زیاتر دەبێت.

ئەوەشی خستووەتە روو، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری تاوەباران و بروسکە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، بارانبارین زیاتر ناوچە شاخاوییەکان و رۆژهەڵاتی هەرێم دەگرێتەوە، پاشان ئاسمان بەرەو نیمچەهەور دەگۆڕێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا کەشەکە سەقامگیر دەبێتەوە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما 2 بۆ 4 پلەی سیلیزی دادەبەزن و خێرایی با کەمێک زیاد دەکات و هەندێک کات دەگاتە 20 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، سبەینێش پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 19 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 15 پلەی سیلیزی

دهۆک: 17  پلەی سیلیزی

کەرکوک: 19 پلەی سیلیزی 

زاخۆ: 17 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 15 پلەی سیلیزی

سۆران: 14 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 7 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 18 پلەی سیلیزی